دوو مێردمنداڵ بەتەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوی داعش لەجەلەولا كوژران

kirkuknow1kurdish
دیمەنێك لەتەقینەوەیەك لەعیراق فۆتۆ- بی بی سی 

دیمەنێك لەتەقینەوەیەك لەعیراق فۆتۆ- بی بی سی

دوو مێردمنداڵ بەتەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوی داعش لەناحیەی جەلەولای سەر بەپارێزگای دیالە گیانیان لەدەستداو یەكێكی تریش برینداربوو.

روووداوەكە دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی بووە، كاتێك ئەو سێ مێردمنداڵە چوونەتە ناو خانوویەكی تەواونەكراوەوەو بۆمبەكە تەقیوەتەوە، كە بەپێی وتەی پۆلیس چاندنی بۆمبەكە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی داعش لەو ناحییەیە دەگەڕێتەوە لەساڵی 2014.

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لەڕاگەیەنراوێكدا جەختیكردووەتەوە لەوەی “دووان لەمێرد منداڵەكان هەر لەشوێنی رووداوەكە گیانیان لەدەستداوەو یەكێكی تریش بەسەختی برینداربووە”.

وتیشی “چاندنی ئەو بۆمبە لەناو خانوویەكی تەواو نەكراوی جەلەولا، بۆ سەردەمی دەسەڵاتی داعش دەگەڕێتەوە”و هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەی زیاتر لەڕووداوەكە دەكەن.

ئەو دوو مێردمنداڵەی گیانیانلەدەستداوە یەكێكیان لەپێكهاتەی توركمانەو 16 ساڵەو ئەوەی تریشیان عەرەبەو تەمەنی 14 ساڵە.

چەكدارانی داعش، لەمانگی 8ی 2014 هێرشیانكردە سەر ناحیەی جەلەولاو كۆنترۆڵیان كرد، دوای زیاتر لە سێ مانگ حوكمڕانی، هێزەكانی پێشمەرگە لەشەڕێكی سەختدا لە 23-11 هەمان ساڵ كۆنترۆڵیان كردەوە‌و هێشتا بەتەواوی خەڵكی ناحییەكە نەگەڕاونەتەوە بەهۆی ئەو وێرانكارییەی لەئەنجامی شەڕەكاندا بەر ماڵ‌و خانوو و بازاڕەكەی كەوت.

هاوكات زۆرینەی سەنتەری ناحییەكە بەبۆمب چێنرابوو، ئەوەش یەكێكە لەمەترسییە گەورەكان بۆ سەر دانیشتوانەكەیی، سەرەڕای بەردەوامی هەوڵەكان بۆ پاككردنەوەی لەبۆمب.

جەلەولا یەكێكە لەناحییەكانی سەر بەپارێزگای دیالەو بەپێی دەستووری عیراق جێناكۆكەو خاوەندارێتی یەكلایینەكراوەتەوە، دانیشتووانەكەی لەعەرەب‌و توركمان‌و كورد پێكدێت.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات