ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد: ھەرکاتێک لایەنەکان کۆبوونەوە یەکێتی قسەی دەبێت

chalack

ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد رایگەیاند: یەکێتی بەپێویستی دەزانێت کە چارەسەری کێشەکان بکرێت و ھەر کاتێک کۆبوونەوە سازکرا بەڕەسمی وەک یەکێتی ھەڵوێست و قسەیان دەبێت.
(ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد) ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبوونی سەعدی ئەحمەد پیرەو باڵیۆز محەمەد سابیرو بافڵ تاڵەبانی، پێشوازیکرد لە (دۆمینیک ماس) کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لەھەرێمی کوردستان و (ژان ژاک بریدێ) ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فەرەنسا و وەفدێکی ھاورێیان، لەدیدارەکەدا ڕەوشی سیاسیی و ئەمنیی ناوچەکە و شەڕی تیرۆر و پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغداد، تاوتوێکران.
لەو دیدارەدا (ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد)، بەپێویستی زانی دوای ئازادکردنی موسڵ و لەناوبردنی داعش لە عیراقدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەردەوام بن لە ھاریکاریکردنی ھەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لە دەستی تیرۆرو بەتایبەتیش ھاریکاریکردنی ئاوارەکان.
ھەر لەو دیدارەدا (ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد) ئاماژەی کرد بەو قەیرانانەی کە روویان لە ھەرێمی کوردستان کردوە، وەک قەیرانی دارایی و سیاسی و مەترسی بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لەسەر پرۆسەی خوێندن، لەو رووەوە داوایکرد فەرەنسا ھاوکاری ھەرێم بکات، کونسوڵی گشتیی فەرەنساش باسی لەوەکرد لەرەوشی دارایی و سیاسی ھەرێم ئاگادارن و ھەوڵی جددی دەدەن بۆئەوەی ھەرێم ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت. لەبارەی ھەوڵەکانیش بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و یاساییەکان، (ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد) رایگەیاند: یەکێتی بەپێویستی دەزانێت کە چارەسەری کێشەکان بکرێت و ھەرکاتێک کۆبوونەوە سازکرا بەڕەسمی وەک یەکێتی ھەڵوێست و قسەیان دەبێت. لای خۆشیەوە، (دۆمینیک ماس)، ئەوەی خستەڕوو کەپێویستە لایەنە سیاسییەکان لەھەرێمدا لەپێناو ئاسایبونەوەی زیاتری رەوشەکەو چەسپاندنی ژیانی دیموکراسیی زیاتر لەیەک نزیکببنەوە، وڵاتەکەشی پشتگیری لە چارەسەری ئاشتیانە و سیاسیانەی کێشەکانیش دەکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدادیش، وەفدی فەرەنسا باسیان لەوەکرد گرنگە پەیوەندیەکانی ھەردوولا زیاتر بەرەوپێش بچێت و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بکەن، ھەماھەنگی نێوان ھەردوولاشیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا بەرزنرخاند.
لە وتەیەکیدا، ژان ژاک بریدێ ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی فەرەنسا، وتی پاراستنی ئاسایشی ئەم ناوچەیە بۆ ئەوان گرنگە و دژی ھەر دەستێوەردانێکی ھەرێمین بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات