درێژترین و کورتترین گەشتی ئاسمانی لە جیھاندا

helin

فرین بە ئاسماندا ئەو مێژووەی بۆ مرۆڤایەتی تۆمارکرد کە لێیەوە دەستبکات بە گۆرانکاری و مەودای یەکتر بینینەوە لەسەر زەوی کورت بکاتەوە ، ھۆیەکانی گواستنەوەی مرۆڤ لە ئاسماندا رۆژ بەرۆژ گۆرانکاری بەخۆیەوە بینیوە ، ئێستا بە نوێترین تەکنەلۆژیا مرۆڤ چەندین سەعات لە ئاسماندا دەمێنێتەوە و دورترین مەودا دەبرێت ، ھەربۆیە پێوانەکان بۆ تۆمارکردنی درێژترین و کورتترین گەشت لە ئاسماندا یەکێکە لەو بابەتانەی دامەزراوە پێوان سازییەکان چاوییان لەسەرە.

ئەمساڵ درێژترین گەشتی ئاسمانی لە جیھاندا تۆمارکرا نازناوی پاڵەوان بۆ ئەم گەشتە درێژەش درا بە کۆمپانیای فرۆکەوانی ئیمارات کاتێک لە مانگی سێی ئەمساڵ گەشتێکی کرد بۆ ئۆکلاند کە گەورەترین شارە لە نیوزلاندا بە بێ وەستان لە خزمەتگوزارییەکانی.

ماوەی ئەو گەشتە بە سەعات ١٧ سەعات و ١٥ خولەک بووە و لەو کاتەشدا ١٤ ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتری لە ھەوادا بریوە ھەتا لە دوبەیەوە بگاتە ئۆکلاندی نیوزلەندا، ئەمە یەکەم گەشتی بازرگانی بووە لە مێژوودا کە بەو ماوەیە ئەو مەودایە ببرێت.

ھەر ئەو کاتە کۆمپانیای فرۆکەوانی ئیمارات رایگەیاند لە گەرانەوەشدا ئەم گەشتە دەبێتە درێژترین گەشت لە جیھاندا ئێستاش چەند جارێک ھەمان گەشت لەماوەی مانگی سێی ئەمساڵەوە تائێستا ئەنجام دەدرێت لە نێوان ئەو دوو شارەدا ، ئەمەش بە پشتیوانی تەکنەلۆژیایەکی نوێ لەو فرۆکەیەی کە گەشتەکەی پێ کراوە ئەویش فرۆکەی ئێرباسی A٣٨٠ ەیە سەر بە کۆمپانیای ئیماراتە بۆ فرۆکەوانی.

لە دوای ئەو گەشتە درێژە سایمۆن بریج وەزیری گواستنەوەی نیوزلەندا رایگەیاند بەو تەکنیکە نوێیە کە گەشتەکە کراوە ماوەی ٣ سەعات کورت کراوەتەوە لە گەشتەکەدا و ئەگەر بە جۆرەکانی دیکەی فرۆکە گەشتەکە بکرایە ئەوا نەدەتوانرا بەو شێوەیە بەردەوام بێت.

ھاوکات وەزیر ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەم گەشتە دەبێتە ناسنامەی توند کردنەوەی پەیوەندییەکانمان لە رووی بازرگانی و گەشت و گوزارییەوە لەگەڵ وڵاتی ئیمارات.

ھەر لەگەڵ ئەم بابەتەدا ئەوەمان بیر نەچێتوە کە کورت ترین گەشتیش لە جیھاندا کرابێت گەشتی نێوان شاری ویسترای بووە بۆ بابا ویسترای سکۆت لەندە ، ئەم گەشتە ماوەکەی ٤٧ چرکە بووە مەوداکەشی ٣ کیلۆ مەتر و ٢٠٠ مەتر بووە ،ئەو کۆمپانیایەشی خاوەنی گەشتەکە بووە کۆمپانیای لۆگان ئەیر بووە سەر بە وڵاتی سکۆتلاندا، ئەمە وەک کورترین گەشت لە جیھاندا کراوەتە کتێبی گینسەوە بۆ ژمارە پێوانەییەکان.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات