پارێزگاری كەركوك: 2017 ساڵی گەڕانەوەی ئاوارەكان بێت

kirkuknow1kurdish
چەند خێزانێكی ئاوارەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەسنوری كەركوك

چەند خێزانێكی ئاوارەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش لەسنوری كەركوك

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك هیوادارە 2017 ساڵی گەڕانەوەی ئاوارەكان بێت بۆ زێدی خۆیان، ئەو پەیامەش لەكاتێكدایە پێشتر ئیدارەی شارەكە جەختیكردەوە كە لەسەرەتای ساڵی نوێوە ئەو ئاوارانە دەگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان كە ناوچەكانیان ئازادكراوە.

پارێزگاری كەركوك لەپەیامێكیدا بەبۆنەی ساڵی نوێ، پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵكی شارەكە‌و هێزە ئەمنییەكان دەكات‌و  تەئكید دەكاتەوە كە ساڵی 2017 ساڵی “سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعش‌و جێگیركردنی مافە دەستورییەكانی هاوڵاتیانمان دەبێت”، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی كە ساڵی نوێ ساڵی ئاوەدانیی‌و سەقامگیری دەبێت بۆ شاری كەركوك‌و خوازیاریشە 2017 ساڵی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان.

نزیكەی 500 هەزار ئاوارەی ناوچەكانی حەویجە‌و دیالەو تكریت‌و فەلوجە لەترسی هەڕەشەكانی چەكدارانی داعش روویان لەكەركوك كردووە‌و لەكەمپەكانی دەوروبەری شارەكە نیشتەجێن.

مانگی رابردوو ئیدارەی شارەكە بەشێك لەو ئاوارانەی رەوانەی ناوچەكانیان كردووە كە لەئێستادا ئازادكراونەتەوەو بڕیاریشە سەرەتای ساڵی 2017 بەشێكی تریان بنێرێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە هێشتا هەندێك لەو ئاوارانە ئاماژە بەترس دەكەن‌و نایانەوێت جارێ بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات