کۆسرەت رەسوڵ عەلی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

harem

کۆسرەت رەسوڵ لەپەیامێکدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێوە رایگەیاند: ساڵی ٢٠١٦ یەکێک لە قەیراناویترین و پڕ لەکێشەترین ساڵەکانی مێژووی حوکمڕانی کوردی بووە، دەشڵێن دەخوازم لەگەڵ ھاتنی ساڵی تازەدا کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەستپێبکاتەوەو بە کرداری ھەموومان دەست لەناو دەست ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین.

کۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی ھاتنەوەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە بڵاوکردەوەو رایگەیاند: پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و تاک بەتاکی گەلەکەمان دەکەم و دەخوازم ھاتنەوەی ساڵی تازەی زایینی بکەینە ھەوێنی ئاشتەوایی یەکجارەکی لە کوردستان و خوای گەورە شیفای بەخێری پێشمەرگە قارەمانە بریندارەکان بدات.

دەشڵێت: ئاشکرایە ساڵی ٢٠١٦ یەکێک لە قەیراناویترین و پڕ لە کێشەترین ساڵەکانی مێژووی حوکمڕانی کوردی بوو، کە لەو ساڵەدا گەلەکەمان سەرباری جەنگێکی نەخوازراو لەگەڵ تاریکپەرستان و تیرۆرستان، بە چەندین کێشەو قەیرانی دارایی، ئابووری، سیاسیدا تێپەڕی، بەداخەوە ئەم قەیرانانەش کاریگەری راستەوخۆی کردە ژیانی خەڵک و بژێوی ژیانی ھاووڵاتیانی بردە قۆناغێکی دژوارترو ھاووڵاتیانی تووشی نیگەران و دڵگران کرد.

ھەر لە پەیامەکەیدا رایگەیاندوە: ئەمڕۆ کە ھەموومان لە چاوەڕوانی ھاتنی ساڵی نوێداین، بەداخێکی زۆرەوە ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیەو دوای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر بەسەر ناکۆکییەکان، تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە کێشەکان چارەسەر بکەن و ململانێکان وەلا بنێن و ھەمووان بەیەکەوە لەسەر یەک مێز کۆببنەوەو چارەسەری کێشەو قەیرانەکان بکەن، بۆیە ئەمڕۆ کە دەرفەتێکی یەکجار گونجاو و لەبار بۆ گەلەکەمان لە دنیای دەرەوەدا ھاتۆتە پێشەوەو مەرج نییە ئەو دەرفەتە بەردەوام بێ و بۆ ھەمیشە ئاوا زەمینە بۆ کورد رەخساوبێ و ناکۆکی ئەمڕۆمان ئەو دەرفەتەمان لەدەست دەدا، بۆیە دەخوازم لەگەڵ ھاتنی ساڵی تازەدا کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەست پێبکاتەوەو بە کرداری ھەموومان دەست لەناو دەست ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەین و ھاووڵاتیانیش بەشداری بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەو قەیرانەکان و ژیان و قووتی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکانیان بکەینە بنەمای کۆبوونەوەکان.

لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رونیکردۆتەوە: پێویستە لەسەر ھەموومان لە ھێزە سیاسییەکانی کوردستاندا، بە بەرنامەیەکی نوێ و سیاسەتێکی تازەوە کاربکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و چاکسازی بنەڕەتی لە گشت سێکتەرەکانی ژیان لە کوردستاندا و وەفامان ھەبێ بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان، کە ئەمڕۆ لەم کەشە ساردەدا لە سەنگەرەکانی پێشەوە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن و ھەوێنی ژیانی ھاووڵاتیانن بە ئارامی لە ماڵەکانی خۆیاندا.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات