ئاسۆ مامەند ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردسات پیرۆز دەکات

chalack

پەیامی پیرۆزبایی ھەڤاڵ ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوک، بەبۆنەی ١٧مین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی کوردسات.
بەڕێزان/ بەڕێوەبەرو کارمەندانی کەناڵی کوردسات-ی ئازیز بەبۆنەی (١٧)‌مین ساڵیادی دامەزراندنی (کەناڵی کوردسات)وە، گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان پێشکەش دەکەین و ئومێدەوارین (کەناڵی کوردسات) ھەر ئەستێرە درەوشاوەکەی میدیای رەسەنی کوردەواری بێت و، وەک ھەمیشە پێشەنگی پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان بێت و، لە گەشەکردن و داھێنانەکانی بەردەوام بێت. لەم ساڵدا، لە ھەلومەرجێکی نا ئاسایی و دۆخێکی نا جێگیردا، یادی دامەزراندنی کوردسات-ی ئازیز دەکەینەوە، لە لایەک میللەتەکەمان لە شەڕێکی دەستەویەخەدایە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە لایەکی تریشەوە؛‌ قەیرانی دارایی و ئابوری و، دۆخی سیاسی و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان بەغداو ھەرێم، بەرۆکی میللەتەکەمانی گرتووە، لەم سۆنگەیەشەوە؛ ھاووڵاتییانی کوردستان، لە رەوشێکی ئاڵۆز و ناھەمواردا ژیان ئەگوزەرێنن و تا ئاستێکی زۆریش، بژێوی ژیانیان قورس بووە! لەم چوارچێوەیەشدا کەناڵی کوردسات، بووەتە مینبەرێکی ئازاو ئازاد، بۆ گەیاندنی دەنگ و رەنگی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتداران و، توانیوێتی خەم و ئازارەکانی ھاوڵاتییان، بابەتییانە و پیشەییانە،‌ بگەیەنێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی لێ ئاگادار بکاتەوە. لە دۆخێکی ئاوادا کە تیرۆر بەرۆکی ناوچەکەو میللەتەکەمانی گرتووە، پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکان و ھێزە ئەمنییەکان، دلێرانەو قارەمانانە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا رووبەڕووی تیرۆریستان دەبنەوە و، دەیان داستان و نەبردیی بێ وێنەیان تۆمار کردووە و، چەندین ناوچەشیان لە چنگی تیرۆریستانی داعش رزگار کردووە، لەم سۆنگەیەشەوە (کەناڵی کوردسات) بەرپرسیارانە ‌و پیشەییانە، مامەڵەی لەگەڵ ئەم واقیعەدا کردووە و، وەک تاکە سەرچاوەی باوەڕپێکراو، زانیاری وردو خێرا بە بینەرانی دەگەیەنێت و، راستگۆیانە پەیامی پیشەییانەی خۆی گەیاندووە. ھیوادارین کوردسات-ی ئازیز.. وەک ھەمیشە پانتاییەک بێت بۆ دەنگ و رەنگە جیاوازەکان و، سەرمەشقی بزاوتی میدیا بێت لە ھەرێم و ناوچەکە و، بەردەوام بێت لە داھێنانەکانی. جارێکی تر، حەڤدەیەمین ساڵیادی کوردسات پیرۆز دەکەین و، ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین. ئاسۆ مامەند ئەندامی مەکتەبی سیاسی و، لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوک ٣١/١٢/٢٠١٦



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات