ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەڵمانیا بەجێدێڵن زیادی کردووە

razz

لە ماوەی ئەمساڵدا, ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە خۆویستانە ئەڵمانیایان جێھێشتووە بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە.

ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بە پشت بەستن بە داتای میدیاکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لە مانگی یەک تا مانگی یانزەی ئەمساڵ, پەنجا و پێنج ھەزار کۆچبەری نایاسایی لەو کۆچبەرانەی کە داواکاری مافی پەنابەرێتیان ڕەتکراوەتەوە یان مەرجی وەرگرتنی پەنارێتیان تێدا نەبووە بە ویستی خۆیان ئەڵمانیایان بەجێھێشتووە.

ئەوەش بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی لە سەدا بیست زیادی کردووە.

زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەش گەڕاونەتەوە بۆ “ئەلبانیاو سربیا و عێراق و کۆسۆڤۆ و ئەفغانستان و ئێران”، ئەو کۆچبەرانەشی کە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان تەنھا یەک جار ھاوکاری دەکرێن و بڕی سێ ھەزار یۆرۆیان پێ دەدرێت.

ئەلبانییەکانیش زۆرترین ژمارەی ئەو کۆچبەرانە پێکدەھێنن کە گەڕاونەتەوە و ژمارەیان پانزە ھەزار کەس دەبێت.

ژمارەی ئەو کۆچبەرانەشی کە گەڕاونەتەوە بۆ “سربیا و عێراق و کۆسۆڤۆ” پێنج ھەزار دەبێت بۆ ھەر کۆمەڵەیەک.

ھاوکات لە ماوەی ئەمساڵدا, سێ ھەزار و دووسەد کۆچبەری ئەفغانی لەسەر داواکاری خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان, ئەو ژمارەیەش دە ھێندەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەیە کە لە ساڵی ڕابردوودا گەڕانەوەیان بۆ ئەفغانستان ھەڵبژاردووە.

ھاوکات بەرپرسانی ئەڵمانیاش سی و چوار ھەزار کۆچبەریان لە دوای ڕەتکردنەوەی داواکاری مافی پەنابەرییان دیپۆرت کردۆتەوە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات