كەركوك؛ ژووری عەمەلیات بۆ روبەڕوبونەوەی داعش پێكدەهێنێت

kirkuknow1kurdish
دەزگای هەواڵگری عیراق هۆشداریی لەهێرشی 1000 چەكداری داعش بۆ سەر كەركوك دەدات

دەزگای هەواڵگری عیراق هۆشداریی لەهێرشی 1000 چەكداری داعش بۆ سەر كەركوك دەدات

ئیدارەی كەركوك بەڵێندەدات كە رووداوەكانی 21ی مانگی 10ی ئەمساڵ دووبارە نەبێتەوە،  كە زیاتر لە 100 چەكداری داعش دەزیانكردە ناو شارەكەو لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان روبەڕوبونەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژوورێكی عەمەلیاتی پێكهێناوە.

پێكهێنانی ئەو ژوورە، دوای هۆشدارییەكی دەزگای هەواڵگری عیراق دێت بۆ ئیدارەی كەركوك‌و جەختكردنەوە لەوەی هەزار چەكداری داعش لەقەزای حەویجەوە خۆیان بۆ هێرشكردنە سەر كەركوك ئامادە كردووە.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلیژنەی ئاسایش‌و بەرگری، بەكەركوك ناو-ی وت “زانیاریمان هەیە كە داعش بەنیازی پەلاماردانەوەی كەركوكە، ئێمە ئەو زانیارییانەمان لەڕێگەی دەزگای هەواڵگری عیراقەوە پێگەیشتووە”.

بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری عیراق، كە بەپەرلەمان‌و ئیدارەی كەركوك دراوە، داعش بەنیازە بە هەزار چەكدارەوە لەقەزای حەویجە (باشووری رۆژهەڵاتی كەركوك)ەوە، هێرش بكاتە سەر سەنتەری شارەكە.

شاخەوان وتی “ئێمە زانیارییەكان بەهەندوەردەگرین، بەڵام پێدەچێت تەنها بۆ سەرقاڵكردنی هێزە ئەمنییەكان بێت”.

ئازاد جەباری، سەرۆكی لیژنەی ئەمن‌و ئاسایش لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە (كەركوك ناو)-ی وت “ئەو زانیارییانەی بەئێمە گەیشتووە، داعش بەنیازە بەهەزار چەكدارەوە بێتە كەركوك… بۆ روبەڕوبونەوەیان ئامادەكاری تەواوكراوە، هێزەكان لەئامادەباشیدان‌و ژوورێكی عەملیات بو ئەو مەبەستە دەستبەكارن”.

رۆژی 21ی مانگی 10ی ئەمساڵ نزیكەی 100 چەكداری داعش دزەیانكردە ناو سەنتەری كەركوك‌و دوو رۆژ لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان روبەڕوبونەوە، بەهۆیەوە پشێوی لەگەڕەكانی ئەسراو مەفقودین‌و دۆمیزو مەجیدیە دروستبوو.

لەڕوبەڕوبونەوەكاندا نزیكەی 100 لەهێزە ئەمنییەكانی كەركوك‌و مەدەنی كوژران‌و شكستیش بەهەوڵی چەكدارانی ئەو رێكخراوە هێنرا بۆ گرتنی شارەكە.

مانگێك دوای رووداوەكە، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك لەمیانی دیبەیتێكدا  كە لەواشنتۆن بۆی رێكخرابوو، تیایدا دانی بەوەدانا كە پێشتر زانیارییان لەسەر ئەو هێرشەی داعش بۆ سەر كەركوك هەبووەو جەختیكردەوە “تەنانەت ئاگاداری ئەوەبووین كە پەلاماردانی ئۆفیسەكەی من بینای پارێزگای كەركوك‌و چەند بینایەكی تر لەنێو پلانەكانی داعشدان”.

پارێزگاری كەركوك وتیشی “بەڵام ئێمە كاتی هێرشەكەمان نەدەزانی‌و نەماندەزانی كەی هێرشدەكەن”.

ئازاد جەباری، لەبارەی ئەگەری هێرشێكی تری هاوشێوەی رووداوی 21ی مانگی ئۆكتۆبەر، بە(كەركوك ناو)-ی وت “دڵنیایی دەدەینە خەڵكی كەركوك كە ناهێڵین جارێكی تر رووداوی 21ی ئۆكتۆبەر دووبارە ببێتەوە”.

داوشی لەهاوڵاتیان كرد، خۆیان بەدوربگرن، لەبڵاوكردنەوەی پڕوپاگەندەی داعش.

قەزای حەویجە لەباشوری رۆژئاوای كەركوك، نزیكترین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی داعشە لەكەركوكەوە و تائێستا نەتوانراوە كۆنترۆڵبكرێتەوە، دوای ئەوەی لەناوەڕاستی  2014 كەوتە دەست ئەو رێكخراوە.

نێرگز قادر – كەركوك ناو



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات