ئەڵمانیا رێوشوێنەکانی دژ بە کۆچبەرانی توندتر کردووە

harem

ئەم ساڵ ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە خۆ ویستانە ئەڵمانیایان جێھێشتووە بەبەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر زیادی کردووە .

ئاژانسی ھەواڵی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە داتای میدیاکانی ئەڵمانیا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لە مانگی یەک تا مانگی ١١ی ئەم ساڵ ٥٥ ھەزار کۆچبەری نایاسایی لەو کۆچبەرانەی کە داواکاری مافی پەنابەرێتیان رەت کراوەتەوە یان مەرجی وەرگرتنی پەنارێتیان تێدا نەبووە بە ویستی خۆیان ئەڵمانیایان جێھێشتووە ئەو رێژەیەش بەبەراورد بە ١١ مانگی ساڵی رابردوو بەرێژەی ٢٠ لەسەد زیادی کردووە .

رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە زۆرینەی ئەو کۆچبەرانە گەراونەتەوە بۆ ئەلبانیاو سربیا و عێراق و کۆسۆڤۆ و ئەفغانستان و ئێران ، ئەو کۆچبەرانەی کە دەگەرێنەوە وڵاتی خۆیان تەنھا یەک جار ھاوکاری دەکرێن و بری ٣ ھەزار یۆرۆیان پێ دەدرێت .

لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە خۆ ویستانە ئەڵمانیا جێدەھێڵن ھاوکات لەم ساڵدا ژمارەی ئەو کۆچبەرانەش زیادی کردووە کە بە زۆر لەلایەن حکومەتەوە لە ئەڵمانیا دەرکراون .

لەم ساڵدا ١٩ ھەزار و ٧٢٠ کۆچبەر رێگریان لێکراوە بچنە ناو خاکی ئەڵمانیاوە کە زۆربەیان خەڵکی ئەفغانستان و سوریا و عێراق و نایجیریا بوون لەبەر ئەوەی پێشتر لە وڵاتێکی تری ئەوروپی خۆیان ناو نوس کردووە ئەمە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو ئەو رێژەیە ٨ ھەزار و ٩١٣ کۆچبەر بووە .

لەماوەی ئەم چەند مانگەی رابردودا ئەڵمانیا بەھۆی مەترسییە ئەمنییەکان و ھەرەشەی تیرۆرەوە رێوشوێنەکانی دژ بە کۆچبەرانی زۆر توند کردووە پێدەچێت ئەوەش ھۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کۆچبەرانە بێت کە بێ ئەوەی زۆریان لێ بکرێت ئەڵمانیا جێدەھێڵن .



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات