چیرۆكەكانی حەویجەدرێژترین شەوی راكردن بۆ ئازادی

kirkuknow1kurdish
نەزیهە ئەو رۆژەی بەچاوی خۆی بینییەوە كە بەبێ ترسی كوشتن دوكەڵی رەشی جگەرەكەی بەبا بدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نەزیهە ئەو رۆژەی بەچاوی خۆی بینییەوە كە بەبێ ترسی كوشتن دوكەڵی رەشی جگەرەكەی بەبا بدا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

“جگەرە… ئەمڕۆ توانیم بۆ جارێكی تر بگەمەوە بەجگەرە”، نەزیهە مەحمود كە خانمێكی سەرووی 60 ساڵە، خێرا خێرا دوكەڵی تاڵی رەشی جگەرەكەی بە بادەداو دەیویست ئەو شەوە نەگریسە لەبیر بكات كە ئەوەندەی نەمابوو بەدەستی یەكێك لەدڕەندەترین گروپە چەكدارییەكانی جیهان بكوژرێت.

 

شەوێكی تاریك كە تەنانەت نەزیهەو 50 كەسی تر بەر پێی خۆشیان نەدەبینی، لایەتێكی شەحنییان لەگوندێكی سەر بەقەزای حەویجە لەباشوری رۆژئاوای كەركوك هەڵگرت‌و بەرەو ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەو هێزە عیراقییەكان هەنگاویان نا.

كاتژمێر 7ی شەوی 28ی مانگ وەك پێشتر رێككەوتبوون، بەرەو رۆژهەڵاتی گوندەكەیان بەئاراستەی كەركوك بەڕێكەوتن، ئەوان لەنێوان مەرگ‌و مانەوە لەژێر دەسەڵاتی داعش-دا ئامادەبوون یەكەمیان هەڵبژێرن.

“زۆر دەترساین، جار جار لەترسی ئەوەی پێ نەنێین بەبۆمبە چێنراوەكانی داعش لایەتەكەمان هەڵدەكرد، ئاشكرابووینایە هەموومان دەكوژراین”، نەزیهە وای وت.

بڕیاری دانیشتووانی ئەو گوندە بۆ هەڵهاتن لەناوچەكانیان، كە دوو ساڵ‌و نیوە داعش حوكمییان دەكات، دوای بەردەوامبوونی مامەڵەی توندی چەكدارانی ئەو رێكخراوە دێت لەگەڵ خەڵك‌و خراپبوونی گوزەران‌و ناهەمواری ژیان لەقەزای حەویجە.

نەزیهە وتی “نرخی هەموو شتێك لەحەویجە گران بووە، یان هەر نییە، گەنمان دەكڕی دەمانكرد بەساوەر‌و نان جگە لەوە هیچی تر نەبوو… یەك كیلۆ شەكر گەیشتووەتە 40 هەزار دینار، قوتوویەك دۆشاوی تەماتە بە 35 هەزار دینار بوو”.

داعش لەناوەڕاستی ساڵی 2014‌و لەماوەی چەند سەعاتێكی كەمدا بەبێ بەرگرییەكی ئەوتۆ سەدا 32ی پارێزگای كەركوكی كۆنترۆڵكرد كە خۆی لەقەزای حەویجەو چوار ناحیەی تردا دەبینێتەوە، دوای ئەوەی سوپای عیراق لەموسڵ تێكشكا‌و پاشەكشێی كرد.

لەوساتەوە بەدەیان هەزار خەڵكی ناوچەی حەویجە ئاوارەی كەركوك بوون‌و لەكەمپەكانی نزیك سەنتەری شار‌و لەژێر ئەمنیەتی هێزە عیراقییەكاندا نیشتەجێن.

هەفتەی رابردوو دەیان خێزان لەشەوێكی تاریكدا رێگەیەكی پڕ مەترسیداریان بڕیی و خۆیان لەژێر دەستی داعش رزگاركرد فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەفتەی رابردوو دەیان خێزان لەشەوێكی تاریكدا رێگەیەكی پڕ مەترسیداریان بڕیی و خۆیان لەژێر دەستی داعش رزگاركرد فۆتۆ: كاروان ساڵحی

داعش بەزۆر خەڵكەكەی ناچار دەكرد بەیعەتییان پێبدەن‌و رێنماییەكانیان جێبەجێ بكەن، ئەوەی پێچەوانەی یاسا توندەكانی ئەوان بوەستایەتەوە لەپێش چاوی خەڵك بەشمشێر سەریان دەبڕین یان دەیانكوشتن.

جگەرەكێشان یەكێك بوو لەقەدەغەكراوەكان، سزای بەندكردن یان لێدان بوو.

نەزیهە‌و خەڵكی گوندەكە كە ژمارەیان 50 كەس بوون لەژن‌و منداڵ دوای 11 كاتژمێر رێكردن لەشەوێكی سارد‌و درێژی زستاندا، بەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو گەیشتنە ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە لەكەركوك.

یەكەم شت كە نەزیهە دەستی بۆ برد، پاكەتێكی جگەرەی یەكێك لەپێشمەرگەكان بوو.

“لەترسی كوشتن زۆر بەنهێنی جگەرەم دەكێشا، جگەرەش نەبوو، گەڵای مێوم وشكدەكردەوەو دەمكردە ناو كاغەزو دوكەڵەكەیم هەڵدەمژی”.

راكردن لەژێر دەسەڵاتی داعش بەردەوامە، تەنها هەفتەی رابردوو نزیكەی 200 كەس خۆیان گەیاندە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.

عەلی فەیسەڵ، كە دانیشتووی گوندی حوسەین-ی قەزای حەویجە بووە، هەمان رۆژ دوای ماوەیەك رۆیشتن بەئۆتۆمبێل‌و دواتر بەپێ خۆی رزگار كرد، وتی “نزیكەی 170 كەس بووین بەژن‌و منداڵەوە كاتێك لەسنوورەكان نزیك بووینەوە چووینە ژێر پردێكەوەو پێشمەرگەمان ئاگاداركردەوە”.

لەسنورەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش هەندێك كەس شارەزای رێگاوبانەكانن‌و بەپارە شەوان خەڵك دەگەیەننە ناوچە ئارامەكان.

زۆربەی رێگاكان بۆمبڕێژكراون‌و چەندین جار خەڵك بەتەقینەوەی بۆمب گیانی لەدەستداوە.

رێگای رزگاربوون مەترسیدارەو هاوینی رابردوو داعش نزیكەی 50 كەسی خەڵكی حەویجەی گولەباران كرد، كاتێك هەوڵیاندا بچنە كەركوكەوە.

ئاوارەكان كاتێك دەگەنە ناوچە ئازادكراوەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، دواتر بۆ كەمپەكان دەگوازرێنەوە.

پارێزگای كەركوك نیو ملیۆن ئاوارەی لەخۆگرتووە، ئەوەش لەتوانای ئیدارەی شارەكە نییە، بۆیە بڕیاریانداوە لەساڵی نوێوە ئەو ئاوارانە بگەڕێننەوە كە ناوچەكانیان ئازادكراوە.

قەزای حەویجە كە زۆرترین ئاوارەی هەیە لەكەركوك، هێشتا بڕیاری كۆنترۆڵكردنەوەی نەدراوە، ئەوەش مەترسییە بۆ سەر ئەمنیەتی پارێزگاكە، 21ی ئۆكتبەر 100 چەكداری داعش دەزەیانكردە ناو سەنتەری كەركوك‌و دوو رۆژ روبەڕو شەڕیانكرد بەهۆیەوە 100 كەسی مەدەنی‌و هێزە ئەمنییەكان كوژران.

دایكی مەحمود دانیشتوی یەكێك لەگوندەكانی قەزای حەویجەو هەفتەی رابردوو گەیشتە كەركوك، دەڵێت وەرگرتنی زانیاری لەسەر جموجۆڵی چەكدارانی داعش قورسە، “لەكاتی هاتنی داعش بۆ حەویجە بەناوی ئیسلام-ەوە سۆزی خەڵكەكەیان بۆ خۆیان راكێشا، بەڵام دواتر دەستیان كرد بەسەربڕین بەشمشێرو هەڵواسین‌و كوشتن‌و بڕین”.

دایكی مەحمود كە لەگوندێكی سەر بەقەزای حەویجە دەژیا دەڵێت ئەوانەی بەیعەتییانداوەتە ئەو رێكخراوە ناتوانن هەڵبێن‌و ناچار پاڵپشتی داعش دەكەن

دایكی مەحمود كە لەگوندێكی سەر بەقەزای حەویجە دەژیا دەڵێت ئەوانەی بەیعەتییانداوەتە ئەو رێكخراوە ناتوانن هەڵبێن‌و ناچار پاڵپشتی داعش دەكەن

دایكی مەحمود وتی كە ئەوانەی بەیعەتییانداوەتە ئەو رێكخراوە ناتوانن هەڵبێن‌و ناچار پاڵپشتی داعش دەكەن، ئەوەش رەنگە كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكە قورس بكات، چونكە ئەوانە ئەگەری هەیە شەڕی مان‌و نەمان بكەن، لەحاڵەتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی قەزاكە.

نەزیهە دوای بینین‌و بیستنی دەیان مامەڵەی دڕندانەی چەكدارانی داعش، هەرچۆنێك بێت لەگەڵ 50 لەخەڵكی گوندەكەی ئەو رۆژەی بەچاوی خۆی بینییەوە كە بەبێ ترس دوكەڵی رەشی جگەرەكەی بەبا بدات. “شوكر بۆ خوا جارێكی تر بەجگەرە شادبوومەوە”.

ئێستا لەكەمپێكی ئاوارەكاندا نەزیهە چاوەڕێی ئەو رۆژانە دەكات كە بەهەمان ئازادییەوە بگەڕێتەوە ناوچەكەی خۆیی‌و دوكەڵی جگەرەكەی بە با بداتەوە.

كاروان ساڵحی – كەركوك ناو



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات