کۆسرەت رەسول عەلی: پێویستمان بە لۆزانێکی تر ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی ئازادیی لە ناوچەکە

helin

جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: دەوڵەتی کوردی بۆ من خەون نییەو پێویستمان بە لۆزانێکی تر ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی ئازادی لە ناوچەکەدا.
لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی “کۆڕێری دێلە سێرا”ی ئیتاڵی و لە وەڵامی پرسیارێک کە خەون بە چ جۆرە وڵاتێکی یەکگرتو دەبینن ، کۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وتی: بۆ من خەون نییە، کوردستانێکی ڕاستەقینە دەبینم، کە دان بنرێت بە مافی کەمایەتییەکان.
وتیشی : دوای تەواو بوونی شەری موسڵ، یەکەم ھەنگاومان ئیمزاکردنی پەیماننامەیەکە لە نێوان پارتە کوردەکان بۆ دانانی ھەموو ھێزی پێشمەرگە لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەیەکی یەکگرتوو، ھیوادارین بە چەکی نووێی وڵاتانی ئەوروپا پڕچەک بکرێن، ئێمە و وڵاتانی خۆرئاوا لە بەرەی دیموکراسیداین، شەڕی ئێمە تەنھا بۆ کورد نییە، بۆ ئێوەشە، سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کورد، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وتی: ئۆباما بۆی سەلماندین کە سیاسەتی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنھا لەلایەن سەرۆکەوە بەڕێوەنابرێت، پێویستە پشت بە سیستمی موئەسەساتی ببەستین ، ئێمە پێویستمان بە لۆزانێکی تر ھەیە بۆ بەرھەمھێنانی ئازادی لەناوچەکەدا.
کۆسرەت رەسول عەلی لەدرێژەی چاوپێکەوتنە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لە تورکیاو رەوشی باکور کردو وتی : رەجەب تەیب ئەردۆغان دەیەوێت ھەموو دەسەڵات بخاتە ژێر دەستی خۆی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی بۆ سەر میللەتی تورک دەبێت و ناڕەزایی ناوخۆیی بەدوای خۆیدا دەھێنێت، ھاوکات رەخنەی لە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش گرت و داوای کرد لەرێی گفتوگۆ دان بە مافە رەواکانی کوردانی باکوور بنرێت.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات