قۆناغی دووەمی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ بە”سەركەوتن”، دەستیپێكرد

kirkuknow1kurdish
چەند ئەفسەرێكی فیرقەی 12ی سوپای عیراق فۆتۆ: وریا سەید وەهاب

چەند ئەفسەرێكی فیرقەی 12ی سوپای عیراق فۆتۆ: وریا سەید وەهاب

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا رایگەیاند، كە هێزە عیراقییەكان لەقۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری چەپی شاری موسڵ لەتەواوی میحوەرەكانی شەڕدا پێشڕەوییان كردووەو زیانی گەورەیان بەچەكدارانی داعش گەیاندووە.

لیوا نەجم جبوری، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی (واهاتین نەینەوا) لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە “رۆژی پێنجشەممە چەكدارانی داعش لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری چەپی شاری موسڵ زیانی گەورەیان بەركەوتووەو هێزە هاوبەشەكان توانیویانە گەڕەكی ئینتیسار-ی شاری موسڵ بەتەواوەتی كۆنتڕۆڵبكەنەوە”.

“دەزگاكانی داعش تووشی داڕووخان بوون لەو ناوچانەی كە تاوەكو ئێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەو رێكخراوەدا ماوەنەتەوە”، ئەوەش هەر بەپێی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا.

هاوكات بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی (واهاتین نەینەوا) “هێزەكانی دەزگای دژە تیرۆر گەڕەكی قودس-یان كۆنتڕۆڵكردووەتەوەو ئاڵای عیراقیان لەسەر بیناكانی ئەو گەڕەكە بەرزكردووەتەوە”.

عەمید روكن وەلید خەلیفە، جێگری فەرماندەی فیرقەی 9ی زرێپۆش رایگەیاندوە كە “هێزەكانی فیرقەی 9ی زرێپۆش‌و پۆلیسی فیدڕاڵی لەگەڕەكەكانی سەلام‌و شەیماو ئینتیسارو یارمجەو وەحدەو پیشەسازی لەباشووری رۆژئاوای موسڵ پێشڕەوییان كردووە”.
بەپێی وتەی ئەو فەرماندەیە، هێزەكانیان “توانیویانە 20 چەكداری داعش بكوژن‌و ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو بتەقێننەوە كە چەكدارانی داعش بۆ هێزەكانیان ئامادەیان كردبوو”.

ئەو فەرماندە سەربازییە ئەوەشی ئاشكراكردووە كەهێزە ئەمنییەكان پێشڕەوی بەرچاویان لەو گەڕەكاندا كردووەو رایگەیاندووە كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان‌و هێزی ئاسمانی عیراق رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە یارمەتیدانی هیزەكانیان.

رۆژی 17ی تشرینی یەكەمی 2016 قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ بەبەشداری هێزەكانی پێشمەرگە‌و سوپای عیراق بەهاوكاری فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان دەستپێكردو تاوەكو ئێستا توانراوە زۆرێك لەگەڕەكەكانی شاری موسڵ كۆنتڕۆڵبكرێتەوە.

كەركوك ناو



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات