سەرۆک کۆماری عێراق بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەزگای میدیایی کوردسات کرد

chalack

بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر فوئاد مەعسوم بەبۆنەی یادی ھەڤدەیەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی دەزگای میدیای کوردساتەوە، بروسکەیەکی پیرۆزبایی ئاڕاستەکردون ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان سەرپەرشتیکارو بەڕێوەبەرو کادیرو کارمەندانی دەزگای میدیایی کوردسات-ی خۆشەویست: بەبۆنەی ھەڤدەیەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی ئەم دامەزراوە گرنگەی میدیا لە کوردستاندا پیرۆزباییەکی گەرمتان پێشکەش دەکەم، ھیوادارم کوردسات ھەمیشە لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی بەردەوامدا بێت. ئومێدەوارم دەزگای میدیایی کوردسات وەک چۆن لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانیی میدیایی ئازادو ئازا ھاتە مەیدان، درێژە بەو پەیامەی بدات و ھەمیشە ئەو روناکییە پرشنگدارەی میدیا بێت کە ھەر بەشەیان بەجیا لە (رادیۆو تەلەفزیۆن و سایتی ئەلەکترۆنی) رۆڵی بەرچاویان زیاتر ببینن لە گەیاندنی زانیاریی راست و دروست بەجەماوەر.
دەزگای میدیای کوردسات، سەرباری رۆڵی بەرچاوی لە خزمەتکردنی بواری روناکبیریی و ھونەرو بوارەکانی تری ژیان، وەک دەسەڵاتی چوارەم بەگیانێکی پیشەیی نیشتمان پەروەرانەو بەرپرسیارانەوە کار دەکات لە گەیاندنی پەیامە گرنگەکەیانداو توانیویەتی رۆڵێکی پۆزەتیڤ و کارا ببینێت لە قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوە ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و نەریتی یەکتر قبوڵکردن و میانڕەویی لەناو کۆمەڵی کوردستاندا، لە بەگژاچونەوەی تێرۆر و بەڵاکانی ئەم پەتا جیھانییەشدا دەزگای میدیایی کوردسات رۆڵی بەرچاوی خۆی بینیوەو لە سەنگەری بەرگریی و بەرپەرچدانەوەی بیری تاریکی دایە کە شایستەی ستایش و دەستخۆشییە. داوای زیاتر بەروپێش چون و پێشکەوتن و تاوسەندن بۆ دەزگای میدایی کوردسات دەکەم. ھەمو ساڵێک کوردسات ھەر لە پەرەسەندن و داھێنان دا بێت، ھەر ئەستێرە گەشەی ئاسمانی میدیا بێت.

دکتۆر فوئاد مەعسوم
سەرۆک کۆمار



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات