ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم کۆبووەوەو چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێکرد

chalack

ئەمڕۆ سێشەممە ٣١/١/٢٠١٧ ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی سازدا.
بەپێی راگەیەنراوێکی ئەنجومەنی وەزیران لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا “قوباد تاڵەبانی” جێگری سەرۆکی حکومەت، پوختەیەکی دەربارەی پرۆژەی تۆماری بایۆمەتری پێشکەش کردو ڕوونیکردەوە کە لەچوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا نزیکەی ‌١٥٣ ھەزار مووچەخۆر لە دھۆک، نزیکەی ٢٩٥ ھەزار لە ھەولێرو زیاتر لە ٣٢٩ ھەزاریش لە سلێمانی خۆیان تۆمار کردووە، ئاشکراشیکردوە کە دوایین ڕۆژ بۆ تۆمارکردنی فەرمانبەرانی شارستانی تا ڕۆژی ١/٣/٢٠١٧ دەبێت، بەڵام بۆ ھێزە سەربازی و ئەمنییەکان بەردەوام بێت.
جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسەیە حکوومەت دەبێتە خاوەن لیستێکی پاک لە ناعەدالەتی و فرەمووچەییی نایاسایی، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕێکخستنەوەی میلاکات و پێداچوونەوە بە سیستەمی پاشەکەوتی مووچەدا دەبێت.
ھەر لەو کۆبونەوەیەدا وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، ڕاپۆرتێکی وردی دەر‌بارەی چالاکییەکانی وەزارەت بۆ ساڵی ٢٠١٦ و پلان و ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ ساڵی ٢٠١٧ خستە ڕوو. ئاماژەی بە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داھاتی گشتی لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی ڕسوماتی کۆمپانیاکانی بواری گەیاندن و گواستنەوە و ڕێکخستنەوەی پەیکەری کارگێڕیی وەزارەت و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارت و کێشە و گرفتەکانی بەردەمی، کرد.
ھاوکات وەزیری پلاندانان ڕەشنووسی ڕێنماییی تایبەت بە ھاوبەشیکردنی ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و لە چوارچێوەی ڕێنماییی گرێبەستە گشتییەکاندا خستە ڕوو، کە بە ھاوبەشی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی ئامادە کراوە.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات