پارێزگاری کەرکوک بڕیاریدا پرۆسەی دروستکردنی کارتی نیشتمانی لە پارێزگاکەدا رابگیرێت

razz

پارێزگاری کەرکوک بڕیاردا بە وەستاندنی پڕۆژەی دروستکردنی کارتی نیشتمانی لەو پارێزگایەدا. لە راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی پارێزگاری کەرکودا ئاماژەبەوەکراوە، ئیدارەی ئەو پارێزگایە ئاگاداری ھەریەک لە بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگە و مانەوەی کردووە، کارکردن بە کارتی نیشتمانی رابگرن، بەھۆی ئەوەی لەسەر کارتە لەبری ناوی پارێزگای “کەرکوک” “تەئمیم” نووسراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، ھەموو کارکردنێک بەو کارتە لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو پارێزگایە دەوەستێت تا ناوی “کەرکوک” لەسەر کارتی نیشتمانی دەنووسرێت.

لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، کە پارێزگاری کەرکوک لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارتی نیشتمانی لە بەغداد لەو پرسە ئاگادار دەکاتەوە کە بەزووترین کات چارەسەری ئەو گرفتە بکەن و ناوی کەرکوک لە بری تەئمیم لە سەر کارتەکە بنووسرێت، چونکە ھاووڵاتیان قبوڵی ناکەن ئەو ناوانەیان بەسەردا بسەپێندرێت کە پێشتر رژێمی بەعس بەسەریانیدا سەپاندبووی، ھەروەک چۆن ھاووڵاتیان “مەدینە سەدر” قبوڵ ناکەن ناوی ناوچەکەیان بە “مەدینە سەدام” بھێندرێت.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات