حکومەتی ھەرێم داوای ھاوکاری لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

razz

ھەرێمی کوردستان داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ڕاستەوخۆ ھاوکاری ھەرێم بکەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارەی بەھۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکانەوە لەسەری دروستبووە.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکاو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوەو تیایدا باس لەوە دەکات کە لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئەو شارە گەیشتونەتە ھەرێمی کوردستان کەژمارەیان دەگاتە نەوەدو شەش ھەزار کەس و قورساییەکی زۆریان لەسەر ھەرێم و کامپی ئاوارەکان دروستکردوە.

حکومەتی ھەرێم داوا لەوڵاتان دەکات بۆ بەدەنگەوە چوونی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان، ڕاستەوخۆ ھاوکاری ھەرێم بکەن بەتایبەتی لەبواری دەرمان و پێداویستی تەندروستیدا، چونکە بەھۆی زۆری نەخۆشییەوە لەناو ئاوارەکاندا، قورساییەکی زۆر لەسەر نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستانیش دروستبووە.

حکومەتی ھەرێم راشیگەیاندوە، زیادبونی ژمارەی ئاوارەکان لەئاستێکدایە کەئەستەمە بتوانرێت لەناو ئەو کامپانەی پێشتر دروستکراون جێگەیان بکرێتەوە، بۆیە پێویستە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکرێت تا بتوانێت ژمارەیەک کامپی نوێ بۆ ئەو ئاوارانە دروست بکات و ھۆکاری ئەم داواکارییەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کەپێشبینی دەکات بەھۆی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە ژمارەی ئاوارەکان زۆر زیاتر ببێت.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات