هۆکاری بە لاڕێدا بردنی میدیا

arsalan

رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر:

کاری رۆژنامەنووسی، یاخود بە گشتی بواری راگەیاندن لە هەرێمی کوردستان بووه‌تە بەشێک لە تەواوکاری بۆچوونە سیاسییەکانی پارتەکان، کە ئەوەش هۆکاری سەرەکییە، تاوەکو راگەیاندن لە ئەرکە پیشەییەکەی خۆی دوور بکەوێتەوە و بە دیوێکی تردا ببێتە زمانحاڵی حیزبەکان، بە دیاری مەبەستم ئەو دام و دەزگا راگەیاندنانەیە کە لە ژێر ناوی سەربەخۆدا دامەزراون، نەک زمان حاڵی حیزبەکان کە دیارن.

کاتێک فەزای جەنگ و سەنگەر باوی نامێنێت، لایەنە سیاسییەکان پەنا بۆ سەنگەری میدیا دەبەن، ئەویش بۆ پێکانی ئەو ئامانجانەیان، کە سەردەمانێک لە سەنگەردا نەیانتوانیوە بیپێکن و پێی بگەن.

کاری رۆژنامەوانی و راگەیاندن، ئەرکێکە تەنیا کەسانێک دەتوانن وەک خۆی پیادەی بکەن، کە خەمیان گەیاندنی پەیامەکان بێت بە ئاڕاستەی مەهامی کاری راگەیاندنی تەندرووست، نەک لە پشتیانەوە هێزێک بوونی هەبێت، تاوەکو ئامانجی خۆی لە رێی ئەوەوە بپێکێت، کە بە داخەوە دام و دەزگا راگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان، کە بە ناوی ئەهلی و سەربەخۆوە کار دەکەن، تەنیا تیشک دەخەنە سەر سیاسەتی ئەو لایەنەی هاوکارییان دەکات، نەک بەرژوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەویش خۆی لە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی دەبینێتەوە.

نموونەی ئەو دام و دەزگایانەش بە بینراو و نووسراو و بیستراو زۆرن، کە تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەوەی جێی بایەخیان نەبووبێت، ئاسایشی نیشتیمانی بووە، کە بە داخەوە دەیڵێم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم لێی بەرپرسن.

لە یاسای رۆژنامەنووسیدا ئەوە بە دیدەكرێت کە باسی بوارەكانی ديكه‌ی راگەیاندنی نەكردووە، هەر بۆیەشە دەکرێت دامودەزگا راگەیەندنەکانی تر سودیان لەو بۆشاییە یاسییە وەرگرتبێت، هەروەها یاساكە نەیتوانیوە تاوانەكانی بڵاو كردنەوە و قەدەغەكراوەكانی بڵاوكردنەوە بە ورد و گشتگیر بخاتەڕوو، بۆ نموونە لە بڕگەی شەشەمی هەمان مادەدا، تەنیا پێناسەی رۆژنامەی بەم شێوەیە کردووە، رۆژنامە هەر چاپكراوێك كە بە شێوەی خولی و ناوێكی دیاریكراو بە ژمارەی ریزبەندی و بە رێكوپێكی دەربچێت دابەشكرێت، کەچی لە هیچ مادەیەكدا پێناسەی رادێو و تەلەڤزيۆنی نەكردووە! سەرەڕای ئەوەش بە پێی پێناسەی رۆژنامە، تەنیا چاپكراو دەگرێتەوە! رۆژنامەی ئەلیكترۆنی ناگرێتەوە! لە مادەكانی سێهەم و چوارەم و پێنجەم كە باس لە مەرجەكانی دەركردن و دەستبەرداربوون لە رۆژنامە دەكەن، بە تەنیا باس لە راگەیاندنی نوسراو دەكەن و یاساكە باسی چۆنیەتی دامەزراندنی تەلەڤزیۆن، یان رادیۆ ناکات.

یاسا پێش ئەوەی دەربكرێت پێویستە رۆچوونێکی قوڵی بۆ بکرێت، ئەوەش لە پێناو دەرنەهاویشتە نەگونجاوەکاندا، بۆ نموونە لە مادەی نۆیەم بڕگەی یەكەم، لە یاسای رۆژنامەگەریدا هاتووە رۆژنامەنووس و سەرنووسەر بە بڕێك پارە غەرامە دەكرێن، لە یەك ملێون دینار كەمتر نەبێت، هاوکات لە پێنج ملێون دینار زیاتر نەبێت! هەڵەی ئەم یاسایە لەوەدایە، كە یاسای رۆژنامەگەری تەنیا رۆژنامەنووس سودی لێوەردەگرێت، چونکە رۆژنامەنووس ئەو كەسەیە، كە لە بواری رۆژنامەگەریدا کار بکات، نەک لە دام و دەزگا راگەیەنکارەکانی وەک بیستراو و بینراو.

لە رووی یاساوە باسمان کرد، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە لە رووی هەستکردنە بە ئینتیما نەتەوەییەکان، کە ئەویش مخابن کەوتووه‌تە ژێر چەپۆکی قۆناغە هەستیارەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە لایەنە کوردستانییەکان ئەرکی سەر رێكخستنی راگەیاندن لە هەمبەر ئاسایشی نەتەوەیی لە ئەستۆ بگرن, تاوەکو وەک ئەوەی ئێستا هەیە، بەردەوامی نەبێت و دەق بگرێت و لە دەست بچێت.

نووسينى: خێڵان به‌ختيار

سه‌رچاوه‌: KTV

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :24

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات