كاریگەريیەكانی میدیا لە پڕۆسەی ئابووری دا

arsalan

رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر:

هەر وڵاتێك ئەگەر میدیایێكی پرۆفیشناڵ و سەركەوتووی نەبوو هەرچەند ئابووریەكی بەهێزی هەبێت هیچ كاریگەریەكی بەسەر پێشخستن و گەشەسەندنی رەوشی ئابووری نابێت.

 ئابووری لایەنێكی گرنگی ژیانی هەر تاكێك پێكدێنێت، زۆربەی گۆڕانكاریە سیاسی و شەڕ و ئاژاوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان هۆكارەكانی ئابووری یە، گەلێك فاكتەر هەن كار لە ئابووری وڵات دەكەن و باری سەقامگیری ئابووری تێكدەدەن، بۆیە لەم كاتانەدا ئابووری بە بەردەوامی رووبەڕووی كێشەوگرفت دەبێتەوە، ئیدارەی سەركەوتوو ئەوەیە كە بتوانێ بەرنامە و پلانی وا دابڕێژێ كە كاریگەری بۆ سەقامگیری ئابووری نەبێت.

لەو نێوەندەشدا رۆڵی میدیا كاریگەریەكی ئەرێنی دەبێت لە پێشخستنی پڕۆسەی ئابووری لە هەر وڵاتێك، هەر وڵاتێك ئەگەر میدیایێكی پرۆفیشناڵ و سەركەوتووی نەبوو هەرچەند ئابووریەكی بەهێزی هەبێت هیچ كاریگەریەكی بەسەر پێشخستن و گەشەسەندنی رەوشی ئابووری نابێت بۆیە دەبێت راگەیاندن یاخود میدیا رۆڵێكی وا بگێرێت پرۆسەی ئابووری وڵات وا پیشان بدات كە كاریگەری بەسەر هەرتاكێك و وڵاتانی دەوروبەر هەبێت، بۆ نموونە ئەگەر سەیرێكی وڵاتی توركیا بكەین لەماوەی ساڵانی نەوەدەكان رەوشی ئابووری ئەگەر باشیش بووبێت وای نەكردووە كە كاریگەری بەسەر وڵاتانی دیكە یاخود دەوروبەری هەبووبێت.

لە ئێستادا میدیای ئەو وڵاتە وایكردووە لە جیهان و بگرە لە وڵاتی دەوروبەری وا پیشاندراوە كە پرۆسە و گەشەی ئابووریيەكەی زۆر بەهێزبووە كە خۆیی لەخۆیدا ئابووریەكەشی بەهێزە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە وڵاتی توركیا زیاتر پەرەی بە میدیای ئابووری وڵاتەكەی داوە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسە سەركەوتووەی لە پێشخستنی ئابووريیەكەی ئەنجامیداوە بەشێوەیەكی بەرچاو و روون نیشانی وڵاتەكەی و دەروبەری و جیهانی بدات .

سەبارەت بە رەوشی میدیا، لە هەرێمی كوردستان میدیا لە قۆناغێكی راگوزەردایە و لە زۆر رووەوە پێویستی بە كاری زانستی و پرۆفیشناڵی هەیە و تاوەكو ئێستا لە هیچ دام و دەزگایەكی میدیای وەكو پێویست گرنگی بە پرۆسەی ئابووری هەرێمی كوردستانی نەداوە، تا ئێستا میدیا وای پیشان نەداوە كە هەرێمی كوردستان چەندە دەوڵەمەندە بە كەرتی سامانی سروشتی و كەرتی گەشتیاری و كەرتی كشتوكاڵی، دەبێ‌ میدیا بۆ هەر تاكێكی هەرێمی كوردستانی روون بكاتەوە كە هەبوونی سامانی سروشتی لە هەرێمی كوردستان چەندە گرنگە و چەندە دەبێتە هۆی پێشخستنی رەوشی ئابووری نەوەكو لە ئێستادا كە باسی سامانی سروشتی هەرێم دەكرێت هەرتاكێكی كورد بە داهاتێكی دزیكردن بۆ چەند لایەنێكی دەبینێت و پێیان وایە سامانی سروشتی بۆتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی سیاسی لە هەرێم ، هەروەها دەبێ‌ میدیا وا نیشانی كۆمەڵگەی بدات كە كاركردن لە كەرتی كشتوكاڵی چەندە بە سوودە كە هانمان بدات پشت بە بەرهەمی خۆمانی ببەستین كە هەوڵی دووركەوتنەوە بدەین لە هاوردەكردنی كەلوپەلی بیانی كە لە ئەنجامدا داهاتی تاكە كەسی خۆمان لەسەر كەرتی كشتوكاڵ دابین بكەین.

لەدیوێكی ترەوە میدیا كەرتی گەشتیاری رۆڵكی گەورە بگێرێت لە پیشاندانی ئەم سێكتەرە گرینگە كە جگە لە گەشتیاری ناوخۆی، فاكتەرێكی گرنگ بێت بۆ هاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ئەوەی داهاتی ئەو كەرتەش بەهێز و پتەوبێت و ژێرخانی ئابووری هەرێمی پێوە بەهێز بكەین.

لە هەرێمی كوردستان سەرەڕای لاوازی میدیای ئابووری لە كەناڵەكان هەواڵ و بەرنامەكانی ئابووری بونەتە پاشكۆی سیاسی و گرینگێكی ئەوتۆی پێنادرێت كەئەمەش وادەكات میدیاكاری ئابووری لە كارەكانی سست بێت، بۆیە دەبێت لە ناوەندەكانی راگەیاندن بەو ئاراستەیە كاربكرێت كە ئیتر ئابووری پاشكۆی روداوی سیاسی نەبێت، كە ئەم كارەش بە كردنەوەی چەندین سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئابوری و میدیای دەكرێت بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەسەر رەوشی ئابووری بكات، كە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ كار لەسەر چۆنیەتی پێشخستنی رەوشی ئابووری وڵاتەكەیان لە رێگەی میدیاوە بكەن، بۆیە دەبێت ئێمەش چاوێك لە وڵاتان بكەین و پەرەی زیاتر بە رەوشی ئابووری بدەین لە رێگەی میدیاوە.

نووسينى: كاروان سورچى

سه‌رچاوه‌: KTV

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :0

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات