شاهۆ ئەمین و زمانی راگەیاندن

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – گه‌رميان:

شاهۆ ئەمین پێشکەشکار لە کەناڵى رووداو، بەهۆی بێتوانایی لە دەربڕین و گوزارشتکردنی پێویست لە هەندێک رووداو (کە ڤیدیۆکانی لە یوتیۆب دەستدەکەون)، زمان تێکدەشکێنێت و دادەبەزێتە ئاستێکی زۆر لاوازیی دەربڕین، بەجۆرێک ئاستی دەربڕینی خەڵکیش بەگشتی ئەوەندە لاواز نییە!
کۆی روانگەکانى پسپۆڕان سەبارەت بە زمانی میدیا، جەخت لەسەر روونی و سادەیی و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزیی و لێڵکردن دەکەنەوە، بەڵام ئەمە هەرگیز یەکسان نییە بە زمانی سادەی خەڵک،واتە مانای زمانی “عامیی ـ رەشۆک” ناگەیەنێت، زمانێک کە لە بازاڕ و ناوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا خەڵک بەکراوەیی قسەی پێدەکەن.
سادەیی ماناى ئەوە نییە راگەیاندن دابەزێتە ئاستی قسەکەرێکی ئاسایی، ئەگەرچى ئەمە ماناى ئەوە نییە کە زمانى راگەیاندن زمانێکی تایبەت بێت، بەڵکو دەبێت لەسەر ئاستێکی فراوانی خەڵک تێگەیشتن بەدەستەوە بدات، واتە زمانی راگەیاندن نە زمانی عامەی خەڵکە، نە زمانی ئەدەبیشە..
زمانی شاهۆ ئەمین لە تەلەفزیۆندایە، واتە راگەیاندنی بینراوە و وێنە یارمەتیدەرێکی باشە، کەچی هێشتا ناتوانێت لە چەند رستەیەکی کورتدا مەبەست بگەیەنێت، بۆیە بەشێوەیەکی تێکشکاو و بێ نەوا، کە بەس لە دەربڕین ناچێت، باس لە رووداوەکە دەکات (ڤیدیۆکان بەڵگەن و بەئاسانی لە یوتیۆب دەستدەکەون).
زۆرجار شاهۆ ئەمین ناتوانێت گوزارشت لە پتنێکی رووداوەکە بکات وەک ئەوەی کە پێویستە بە دەربڕینێکی روون بیگەیەنێت، بۆیە ناچار بەیەکیدادەدات و جێیدەهێڵێت و بەپێکەنین قەرەبووی دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە شاهۆ ببێتە بابەتی پێکەنین (لایەنی ئەرێنیی) لە یوتیۆبدا..
خاڵێکی جێگەی سەرسومان ئەمەیە، دواى بڵاوبوونەوەى ئەم ڤیدیۆیانەى شاهۆ، لە کەناڵێک گوێم لێبوو، پێشکەشکار دەیوت: شاهۆ خاوەنی زمانێکی تایبەت بەخۆیەتی!…. ئەمە کارەساتە، ئەگەرچی ئەو پێشکەشکارە هێشتا لە ئاستی سەرەتایی زمان و قسەکردندایە!
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى زمانی راگەیاندن ئەوەیە کە نەرم و نیان بێت و تواناى گوزارشتکردنی لە هەموو دۆخ و ئاستەکان هەبێت، نەک پەنا بباتە بەر مامەڵەی جەستە بۆ تەواوکردنی دەربڕین و رابکات، یان ناچار بێت لەبری دەربڕینی پێویست، روونکردنەوە بدات و زمان بوەستێنێت، ئەگەر کەسێک پەیوەندی لەگەڵ زمان هەبێت و سەرنج بداتە ڤیدیۆکانی شاهۆ لە یوتیوب، ئەوا بە ئاسانی هەستی بە کێشەکانی زمان و دەربڕین دەکات..
هیچ زەرورەتێکی میدیایی نییە کە شاهۆ ناچار بکات، یان دەزگاکە ناچار بکات کە لە بابەتە سەرگەرمیی و تەنزئامێزەکاندا، ئاستی زمان بهێنرێتە خوارەوە، لەکاتێکدا زمانی قاڵبوو تواناى پەلاماردانی هەموو بابەتێکی هەیە و کێشەی گوزارشتکردنی لەگەڵ جۆری بابەتدا نییە، وەک ئەوەی شاهۆ ئەمین لەگەڵ هەواڵەکاندا بەگشتیی و لەگەڵ هەواڵە سەرگەرمییەکاندا بەتایبەت دەیکات!
تا دێت شاهۆ ئەمین پەرە بەو جۆرە دەربڕینە دەدات، کە زۆرجار وشەی سێکسیی تێکەڵ دەکات، ئەمەش سەرنجی زۆر لە وەرگرانی ڤیدیۆکانی شاهۆى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان راکێشاوە، بەڵام پێویستە شاهۆ بەم جەماوەرە دڵخۆش نەبێت و هەوڵی پاراوکردن و بەهێزکردنی زمانی کوردیی بدات.

نووسينى: گۆران ئيبراهيم ئه‌حمه‌د.

له‌ ئه‌كاونتى فه‌يسبووكى نووسه‌ره‌وه‌ وه‌رگيراوه‌.

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :2

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات