“میدیای کوردی لەدوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:

لە رووداوەکانی چەند رۆژی رابردودا، جارێکی تر رووماڵی کەناڵەکانی راگەیاندن لەکوردستاندا بوو بەجێگەی مشتومڕ. هەندێک پێیان وایە کێشەکە لە رووماڵدا نیە، بەڵکو لەو واقیعە تاڵ‌ و قەیراناوییەدایە کە لەکوردستاندا هەیەو میدیاکانیش رووماڵی ئەو واقیعە دەکەن. هەندێکی تریش دەڵێن بەوپێیەی زۆربەی هەرە زۆری کەناڵەکان حیزبین یا سێبەری حیزبەکانن، لەبری گواستنەوەی واقیع وەکو خۆی، وەکو مەکینەیەکی راگەیاندنی حیزبی کاردەکەن‌و لەئەنجامیشدا کێشەو قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوە. مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە “میدیای کوردی لەدوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”.

رەنج سەنگاوی، میدیاكار لەكەناڵی روداو بە ئاوێنەی وت “ئەم ماوەیە تێبینیم كردووە، هەموو لایەنە سیاسیەكان رەخنە لەئەدای میدایا دەگرن بەوەی وادەزانن ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی لەهەرێم خوڵقاوە میدیا درووستیكردووە، بەڵام ئەوەیان لەبیرچووە كە میدیا خۆی فیعلی سیاسی نیە بەڵكو نەتیجەی فعلی سیاسیە”.

پێشی وایە ئەمڕۆ میدیا لەوە دەرچووە سێبەری تەواوی بیركردنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكان بێت. هەر ئەمەش وایكردووە كاتێك وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵێك دەكات، ئیتر دەنگی ناڕەزایی‌ و گلەیی بەرزدەبێتەوە و بەناوی پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانیيەوە تۆمەتباری دەكەن. بەڵام لەراستیدا بابەتەكە ئەوەیە با ئەوان یەكڕیزبن‌ و ئێمەش وێنەی ئەو یەكڕیزیەیان بگرین. ئەو وتیشی “ناكرێت ئەوان خەنجەر لەیەكتر بدەن‌ و ئێمەی میدیاكارانیش درۆ بكەین بۆ خەڵك، رۆژنامەنووسی پیشەیی ناتوانێت جوانیەكان ناشیرین بكات ‌و بەپێچەوانەشەوە”.

پێشی وایە كاركردن لەگەڵ واقع، دژە واقعەكان نیگەران دەكات بە هەموو حزب ‌و لایەنەكانەوە. دواتریش هەوڵدەدەن دەستی چەوریان بە میدیاكاران بسڕن. ئەو وتی “لەم ماوەیەدا بینیومە چەندین جار میدیاكار لەبەینی حیزبەکاندا شەق ‌و زلەی خواردوە. ئەوان فێرن، داخی دڵیان بە رۆژنامەنوسێكی فەقیر دەڕێژن، كەچی لەگەڵ بەرپرسی حزبەكە یان بەرپرسی تەلەفزیۆنە ئۆپۆزيسیۆنەكە یان دەسەڵاتەكە دەست لەملی یەك دەكەن‌”. جەختیشی کردەوە “ئەگەر سیاسەتمەداران نەبن بەمەترسی، میدیاكاران نابن بە مەترسی”.

عەدنان عوسمان رۆژنامەنوس ‌و چاودێری سیاسی پێی وایە وەستانەوەی میدیا لەبەرامبەر یەك شتێكی نامۆ نیە لەكوردستان، بەڵكو میدیا هەمیشە بەشێك بووە لەململانێكان. ئەو وتی “ساڵانێكی دورودرێژ میدیای حزبی زاڵبو لەكوردستان‌و بۆ هەڵمەتی شەڕكردن لە دژی یەكتر بەكار دەهێنران”. بەوتەی ئەو دوای سەرهەڵدانی میدیای ئازادیش هەر زوو هەوڵدرا ئەوانیش گەمارۆ بدرێن بە هەندێ‌ میدیای سێبەر، بەڵام وەك بینیمان ئەو میدیا سێبەرانە وەك مەكینەیەكی راگەیاندنی حزبی كاریان بۆ بەرژەوەندی حزبی كردووە. ئەو پێی وایە میدیای سێبەری حزبەكان “مەترسیدار‌ و ژەهراوین”.

عەدنان عوسمان وتی “جگە لەچەند میدیایەكی كەم نەبێت كە لەبازنەیەكی بچووكی سەربەخۆ ماونەتەوە، میدیا گەورە‌و زەبەلاحەكان ئەمڕۆ لەكوردستان موڵكی حزبەكانن”. پێشی وایە “ئەگەر حزبەكان توانیان ململانێیەكی تەندروست ‌و بەرپرسانە بكەن، ئەو كات وەرن قسەش لەسەر میدیا بكەن”.

ستران عەبدوڵا سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بەنیگەرانیەوە رەخنە لەكاركردنی میدیای كوردی دەگرێت ‌و پێی وایە ئێستا لەبری ئەوەی بڵێین میدیا دابەش بوە بەسەر دو بەرەدا، دەبێت بلێین بووەتە چەندین بەرەیی. ئەو وتی” ئازادی لەهەڵسەنگاندن ‌و قسەكردن لەسەر بیر‌و بۆچوونە جیاوازەكان بابەتێكی ئاساییە، بەڵام نەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت هەر میدیایە ‌و گوزارشت لەو بەرە سیاسەی خۆی دەكات”. داواش دەكات میدیاكان بەشێوەیەکی هێمنانە بیر‌و بۆچونەكانیان دەرببڕن، ناشبێت پێیان وابێت هەر ئەوەی ئەوان دەیڵێن راستیەكەیە. جەختیشی کردەوە “هەركاتێك رووداوێك روو دەدات، هەموومان هەریەكە و لای خۆیەوە دەچێتەوە كەوڵی راستی حزبی خۆیەوە”.

 لەلای خۆیەوە كاروان ئەنوەر سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بەئاوێنەی وت “چەندین ساڵە لەمیدیای كوردیدا ئەو كێشەیەمان هەیە، كاتێك رووداوێك روو دەدات میدیاكاران دەبن بەچەند گروپ‌ و بەشێكەوە. میدیای كوردی پەرت‌ و بڵاوە، بەداخەوە كە خاوەنی یەك میدیای نیشتمانی نین”.

كاروان ئەنوەر شكاندنی حەرەمی پەرلەمانی كوردستان بەنزیكترین نموونە دەهێنێتەوە بۆ قسەكانی‌ و دەڵێت “لەكاتی روماڵكردنی رووداوەكاندا مافی هیچ كەسێك نیە بە تەورێكەوە حەرەمی پەرلەمان بشكێنێت ‌و پەلاماری چەند میدیاكاریك بدات. كە ئەمەش روودەدات، جێگەی پرسیارە سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان كە بارەگاكەی لە هەولێرە بەیاننامەیەكیش بۆ ئیدانەكردنی دەرناكات، بەڵام كاتێك حكومەتی بەغدا داوای داخستنی دوو كەناڵ دەكات كە نزیكن لە پارتییەوە، بەزمانی كوردی ‌و عەرەبی شەش بەیاننامە دەردەكات.

ئەو وتی “هەرێمی كوردستان كەوتووه‌تە قەیرانێكەوە بەڵام بەداخەوە میدیا بەهەموو بەشەكانیەوە حاڵەتێكی سایكۆلۆجی خراپی لەسەر هاووڵاتیان درووستكردووە. بانگەوازم لەهەندێ‌ كەسەوە بینیوە دەڵێت تكاتان لێدەكەین، هەر كەس لای خۆیەوە كەناڵەكانی ماڵی خۆی بكوژێنێتەوە، تا زیاتر ترس‌ و دڵەڕاوكێ‌‌ و ئازاری دەروونی درووست نەكرێت”.

د. هەژار مەجید مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی بەنیگەرانیەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ململانێ‌ میدیاییەی ئەمڕۆی هەرێم دەكات. ئەو وتی “بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت، هیچ شتێك نیە تەنها ئەو مێژووە خراپەی رابردووی میدیای كوردیە كە لەچەند ساڵی رابردوودا تۆماری كردووە. من وەك ئەكادیمیستێك بە میدیایەكی هەژاری شەرمن‌و ترسنۆك ناوی دەهێنم. لەرووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا میدیا لە دوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”.

د. هەژار بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتی ئاوارەبونی خەڵک لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەخاتە ئەستۆی چەند میدیایەک کە باری دەروونی خەڵک تێکدەدەن‌ و ترس ‌و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە. وتیشی” ئەگەر سیستم ‌و لەم هەرێمەدا هەبوایە‌ و ئیتیك پێوەر بوایە، دەبوو بەشێك لەو میدیایانە داخرێن یان غەرامەیەكی وەها بکرێن جارێكی تر نەتوانن نا بەرپرسانە كار بکەن”.

سه‌رچاوه‌: ئاوێنه‌

 ئا: ئومێد عومەر

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :75

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات