حكومەت لەبارەی كەناڵی ئێن ئاڕتییەوە بڕیارێكی نوێی دەركرد

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:
حكومەتی هەرێم بڕیاریدا داخستنی كەناڵی ئێن ئاڕتی بۆ ماوەی هەفتەیەكی دیكە درێژبكرێتەوە و هۆكارەكەیش بۆ كاری نایاسای كەناڵەكە گەراندوەتەوە.

ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ 26ی كانونی یەكەمی 2017 بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كەناڵی ئێن ئاڕ تی بكرایەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ وەزیری رۆشنبیری لەنوسراوێكدا بڕیاریداوە كە داخستنی كەناڵی ناوبراو بۆ ماوەی هەفتەیەكی دیكە درێژبكرێتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ماڵپەری دواڕۆژ بڵاویكردوەتەوە، هۆكاری بڕیاری درێژكردنەوەكە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە ئێن ئاڕ تی ئامێرێكی هێناوە بۆ پەخش كە چەند كەناڵێكی دیكە لەڕێگەیەوە پەخش دەكەن بۆ مانگە دەستكردەكان.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو ئامێرەش مۆڵەتی لە وەزارەتەكانی رۆشنبیری و ناوخۆش نییە، بۆیە دەبێت ئێن ئاڕ تی لەم هەفتەیەی كە بۆی درێژكراوەتەوە مۆڵەت بۆ دانانی ئەو ئامێرە وەربگرێت، هەروەها بەهۆی ئەو ئامێرەوە چەند كەناڵێكی دیكە كە پەخشیان لەڕێگەیەوە كردوە رێكاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

وەزارەتی رۆشنبیری جەختیشكردوەتەوە، هەروەها بڕیاری درێژكردنەوەی داخستنەكە بەئاگاداری داواكاری گشتی هەرێم دراوە.

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :27

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات