رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:
د. تریفه عومه‌ر
ئه‌وه‌نده نیه زاراوه‌ى سیمپوزیۆم له ته‌ک هه‌ندێ چالاکى به‌تایبه‌ت چالاکیه میدیاییه‌کان دێته‌به‌ر گوێمان‌و ده‌یبیستین، بێگومان تا ئێستا ده‌توانین بڵێین ده‌یبیستین نه‌ک پێى ئاشنابوبێتین. هه‌ڵبه‌ت ریکلامکردن بۆ ئه‌م زاراوه‌یه‌ش تا به‌چه‌شنى وشه‌کانى دیکه‌ى وه‌ک کۆنفرانس‌و وۆرکشۆپ‌و سمینار‌و..تاد ببێـته وشه‌گه‌لێکى ئاشنا، جگه له‌هه‌ندێ شوێنى دیکه، پتر بۆ چالاکیه‌کانى کۆلیژى پۆلیته‌کنیک ده‌گه‌ڕێنینه‌وه. سه‌ره‌تاو به‌ر له خستنه‌ڕوى ئامانجى ئه‌م وتاره ده‌خوازم له‌سه‌ر ئاستى واتا، وشه‌ى سیمپۆزیۆم بناسێنم.
سیمپۆزیۆم Symposium وشه‌یه‌کى گریکیه، سه‌ره‌تا به‌واتاى (پێکه‌وه مه‌ى خواردنه‌وه- Drinking together ) هاتوه‌و له‌فه‌رهه‌نگى زمانى عه‌رەبیشدا به(ئاهه‌نگى مه‌ی خواردنه‌وه) تۆمارکراوه، له‌پاڵ ئه‌مه‌ش ئه‌م زاراوه‌یه بۆ ناساندنى هه‌ندێ بۆنه‌ى دیکه‌ى ئه‌ده‌بى‌و فه‌لسه‌فى وه‌ک دیالۆگى سوکارتى‌و سیمپۆزیۆمى پلاتۆ‌و سیمپۆزیۆمى زه‌ینه‌فون به‌کارهێنراوه، به‌پێى تێپه‌ڕینى کات به‌کارهێنانى ئه‌م زاراوه‌یه فراوانکراوه‌و بۆ چه‌ند جۆرێک له‌گفتوگۆ ده‌ربڕاوه، هه‌روه‌ک لێره‌دا به چه‌ند خاڵێک کۆى ئه‌و به‌کارهێنانانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
1.سیمپۆزیۆم، کۆنفرانس یان چاوپێکه‌وتنێکه، بریتیه له‌قسه‌کردن ده‌رباره‌ى هه‌ندێک بابه‌ت، به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه له‌لایه‌ن چه‌ند قسه‌که‌رێکه‌وه له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا پێشکه‌شبکرێت.
2.کۆمه‌ڵێک بۆچون‌و وتاره له‌سه‌ر بابه‌تێکى دیاریکراو، که له‌لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه ئاڕاسته‌ده‌کرێت.
3.بابه‌تێکه، چاوپێکه‌وتن یان گفتوگۆى له‌باره‌وه ده‌کرێت.
4.به‌پێى مانا گریکیه‌که‌ى چاوپێکه‌وتنێکى ره‌ونه‌قداره به‌خواردنه‌وه‌ى مه‌ی‌و نانى ئێواره‌و گفتوگۆى فکرییه‌وه.
5.به‌پێى به‌کارهێنانى فه‌رهه‌نگى به‌ریتانى، کۆنفرانس یان چاوپێکه‌وتنێکه له‌سه‌ر بابه‌تێکى دیاریکراو، به‌تایبه‌تى بابه‌تى ئه‌کادیمى یان کێشه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى. یان کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه‌ى هاوبه‌شه له‌سه‌ر بابه‌تێکى دیاریکراو، که‌هه‌میشه پێکه‌وه بڵاوده‌کرێنه‌وه، یان ئاهه‌نگێڕانى مه‌یه به‌گفتوگۆى فیکریى یان میوزیکیه‌وه.
بێگومان کۆى ئه‌م به‌کارهێنانانه، ئه‌وه‌مان لا به‌رجه‌سته ده‌کات، که ئه‌م زاراوه‌یه هه‌ڵگرى واتاى گفتوگۆیه، ده‌کرێت تایبه‌تمه‌ندێتى ئه‌م جۆره گفتوگۆیه به‌مێژوه گریکیه‌که‌یه‌وه ببه‌سترێته‌وه، که‌بونى پاشکۆى خواردنه‌وه یان خواردنه له‌گه‌ڵ گفتوگۆکه‌دا، ساده‌تر بۆ جیاکردنه‌وه‌ى سیمپۆزیۆم له‌کۆنفرانس‌و کۆڕ‌و مێزگردو وۆرک شۆپ، دانانى مه‌رجى خواردن یان خواردنه‌وه‌یه.
هه‌ڵبه‌ت بونى خواردن له‌کۆنفرانس‌و کۆڕ‌و مێزگردو وۆرک شۆپ به‌پێی خواستى سازکه‌رانێتى نه‌ک نه‌ریتى بێت، له‌کاتێکدا بونى ئه‌م پاشکۆیه له‌سیمپوزیۆمدا به‌پێى به‌کارهێنانه گریکى‌و ئیتاڵى‌و به‌ریتانیه‌که‌ى ده‌کرێت بڵێین نه‌ریتیه، بۆیه هه‌ڵگواستنى وشه‌یه‌ک‌و دواتر به‌کارهێنانى وه‌ک زاراوه‌یه‌ک له‌برى سیمپۆزیۆم پێویسته چه‌مکێک بێت که هه‌ڵگرى ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیه پاشکۆییه بێت، پێویستى‌و ناچارى گه‌ڕانیش به‌دوى وشه‌یه‌کى له‌و جۆره‌دا، که‌چه‌مکى سیمپۆزیۆم له‌زمانى کوردی‌دا بگه‌یه‌نێت بۆ دوو هۆکار ده‌گه‌ڕێنینه‌وه، هه‌روه‌ک هۆکارى یه‌که‌م له‌پاراستنى فه‌رهه‌نگى زمانى کوردى له‌خنکاندن به‌هۆى وشه بیانیه‌کانه‌وه، وه‌ک ئیستا به‌لێشاو به‌کارهێنانى وشه‌گه‌لی بیانى به‌تایبه‌ت له‌داموده‌زگاکانى راگه‌یاندن هه‌ر له‌ناونیشانى تابلۆکانیانه‌وه تا ناوى به‌رنامه‌کانیان وه‌ک دیارده‌یه‌کى نه‌شیاو دزێو ده‌بینرێت، چڕده‌که‌ینه‌وه، هۆکارى دوه‌میش به‌خه‌سڵه‌تى پەیڕه‌وى ده‌نگیى زمانى کوردیه‌وه ده‌به‌ستینه‌وه، به‌جۆرێک ده‌ربڕینى وشه‌ى سیمپۆزیۆم وه‌ک وشه‌یه‌کى گریکى نه‌گونجاوه به ئه‌دگارو تایبه‌تمه‌ندێتى فۆنه‌تیکى زمانى کوردى، ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات له‌لایه‌ن قسه‌پێکه‌رانى زمانى کوردیه‌وه له‌ده‌ربڕینیدا نیگه‌رانى‌و بێزارى لێبکه‌وێـته‌وه، که‌وابێت، ئه‌گه‌رچى زاراوه جیهانیه‌کانى وه‌ک کۆنفرانس، کۆمپانیا، دیموکراسى…تاد به‌هۆى گونجانى فۆنه‌تیکیه‌وه بێ کێشه به‌کارهێنرابن، ئه‌وا تایبه‌تمه‌ندێتى فۆنه‌تیکى زمانى کوردى‌و پێڕه‌وکردنى له‌پرۆسه‌ى به‌رهه‌مهێنانى یان ده‌رکردنى قاڵبى فۆنه‌تیکى سیمپۆزیۆمدا بۆ قه‌سه‌پێکه‌رانى زمانى کوردى پڕۆسه‌یه‌کى گرانه‌و گرفتى گۆکردنى لێده‌که‌وێته‌وه.
ئا لێره‌دا وه‌ک پسپۆرێکى زمان‌و به‌ڕاوێژى هاوڕێیه‌کمان که دیسان پسپۆرى زمانه‌و به له‌به‌رچاوگرتنى تایبه‌تمه‌ندێتى مۆرفۆلۆژیانه‌ى زمانى کوردى، پێشنیار ده‌که‌ین هه‌مبه‌ر به‌زاراوه‌ى سیمپۆزیۆم (کۆڕه‌خوان) وه‌ک به‌زاراوه‌کردنى بۆنه‌که‌و له‌پێناو خزمه‌تکردن به زه‌نگینى فه‌رهه‌نگى زمانى کوردى، به‌کاربهێنرێت.
سه‌رچاوه: ميترۆ
ژماره‌ی خوێنراوه :21
تعليقات
إرسال تعليق