پێشه‌كی
گرووپه جیهادییه‌كان بایه‌خێكی زۆر به پڕوپاگه‌نده ده‌ده‌ن، هۆكاری ئه‌م بایه‌خدانه‌شیان به پڕوپاگه‌نده بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه پڕوپاگه‌نده ڕۆڵێكی گرنگی له گه‌یاندنی په‌یامی گرووپه كه‌دا بینیوه و كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌لایه‌كه‌وه له‌سه‌ر سروشتی ململانێكان و له‌لایه‌كی تر، له‌سه‌ر له‌و لایه‌نانه‌ی كه به‌شێكن له ململانێكان، هه‌بووه. زۆرجار هێزه به‌جه‌نگ هاتووه‌كان له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی “چه‌كی” پڕوپاگه‌نده‌وه توانیویانه دیواری به‌رگریكردن له‌ناخی نه‌یاره‌كانیاندا تێكبشكێنن و له گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌كاندا به‌بێ به‌كارهێنانی هێزێكی سه‌ربازی ئه‌وتۆ، سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی سه‌ربازی له‌دژی ئه‌و سه‌ربازانه‌ی كه‌پێشتر له ڕێگه‌ی “چه‌كی” پڕوپاگه‌نده‌وه ئیراده‌یان تێكشكێنراوه، تۆمار بكه‌ن.
به‌هۆی گرنگی و پڕكاریگه‌ری پڕوپاگه‌نده‌وه، داعش بایه‌خێكی زۆر به پڕوپاگه‌نده ده‌دات و پڕوپاگه‌نده‌ی وه‌ك “چه‌كێك” بۆ ئه‌نجامدانی جه‌نگی ده‌روونی، له‌دژی نه‌یاره‌كانی به‌كارده‌هێنێت. به‌سود وه‌رگرتن له توانا‌و شاره‌زاییه‌كانی ئه‌و چه‌كداره ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكیانه‌ی كه وڵاتانی خۆیانیان به‌ره‌و “خه‌لافه‌ته‌كه‌ی” داعش به‌جێهێشت بوو، داعش چه‌ند گۆڤارێكی، له نێویشیاندا گۆڤاری “ڕۆمیه”ی به چه‌ند زمانێكی جیاواز ده‌ركرد. توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌دا، له‌ڕێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی هه‌ر ده ژماره‌كه‌ی گۆڤاری “ڕۆمیه”ه‌وه ئه‌یه‌وێت وه‌ڵامی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه، “داعش چۆن پڕوپاگه‌نده‌ی له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا به‌كارهێناوه؟” بداته‌وه.
پڕوپاگه‌نده
له‌م توێژینه‌وه‌دا هه‌وڵئه‌ده‌ین، به‌مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه”داعش چۆن پڕوپاگه‌نده‌ی له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا به‌كارهێناوه؟”، پڕوپاگه‌نده‌و چۆنێتی به‌كارهێنانی له‌ڕاگه‌یاندنه‌كانی داعشدا ڕوونبكه‌ینه‌وه. به‌بێ تێگه‌یشتنێكی دروست له چییه‌تی چه‌مكی پڕوپاگه‌نده، ناتوانین به وردی وه‌ڵامی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه، “داعش چۆن پڕوپاگه‌نده‌ی له گۆڤاری ڕۆمییه‌دا به‌كارهێناوه؟، بده‌ینه‌وه. به‌مه‌به‌ستی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی دروستی پرسیاره‌كه‌ی سه‌ره‌وه، كه له‌هه‌مانكاتدا پرسیاری توێژینه‌وه‌كه‌شه، مانا‌و چییه‌تی پڕوپاگه‌نده شیئه‌كه‌ینه‌وه.
پڕوپاگه‌نده چییه؟
له بنه‌ڕه‌تدا چه‌مكی “پڕوپاگه‌نده” وابه‌ستبوو به ئاینی مه‌سیحییه‌ته‌وه و به‌مانای بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌كانی ئاینی مه‌سیحییه‌ت ئه‌هات. به‌ڵام دواتر، پاپای پازده له ساڵی 1622 ی زاینی‌دا دوباره چه‌مكی پڕوپاگه‌نده‌ی داڕشته‌وه و ئه‌م چه‌مكه‌ی بۆ ڕێكخراوی (Congregio de propaganda)ی ڕۆمانی، كه ده‌سه‌ڵاتی یاسایی به‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه‌دا هه‌بوو كه موڵكی مژده‌به‌ره مه‌سیحییه‌كان بوو، به‌كارهێنا. ئه‌م ڕێكخراوه (گرووپه ) یه‌كێك له كاره‌كانی ڕازیكردن (قه‌ناعه‌تپێكردن) و ئامۆژگاریكردنی ئه‌و گه‌ل و گروپانه بوو، كه به‌هۆی شكسته سه‌ربازییه‌كانیانه‌وه له به‌رانبه‌ر ڕۆمه‌كاندا، ئه‌بوون به‌به‌شێك له پێكهاته‌كانی ڕۆم.(1)
هه‌رچه‌نده مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌مكی پڕوپاگه‌نده بۆ سه‌ده‌ی شازده ئه‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م چه‌مكه تا سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌م چه‌مكێكی به‌جیماوی نێو مێژوو بوو و زۆر به‌كارنه‌ئه‌هێنرا. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی ئامرازه‌كانی ماس میدیاوه، ڕادیۆ (له سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو) و ته‌له‌فزیۆن (له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو) وه‌ك نموونه، به‌كارهێنانی ئه‌م چه‌مكه، له نێو میدیادا، زیادیكردوو ژماره‌ی به‌كارهێنه‌رانی ئه‌م چه‌مكه له كۆمه‌ڵگه‌دا، به‌مه‌به‌ستی ڕازیكردنی و قه‌ناعه‌ت پێكردنی زۆرترین كه‌س، ڕووی له هه‌ڵكشانكرد. ئه‌م پرۆسه‌ی ڕازیكردن و قه‌ناعه‌تپێكردنه‌ی زۆرترین ژماره‌ی خه‌ڵك له ڕێگه‌ی ماس میدیاوه پێی ئه‌وترا “پڕوپاگه‌نده”.
پڕوپاگه‌نده له‌سه‌ره‌تادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مانای نێگه‌تیڤی (نه‌رێنی) له‌خۆ نه‌ئه‌گرت. به‌ڵام دواتر، به‌هۆی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده بۆ ئامانجی “خراپ”و ناپه‌سه‌ند، ئه‌م چه‌مكه له‌لایه‌ن به‌شێك له خه‌ڵكه‌وه گرێدرا به درۆ و پێچه‌وانه‌ی ڕاستییه‌وه. بۆ نموونه له‌كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، جۆرج كریڵ كه یه‌كێك له كه‌سه دیاره‌كانی بواری ڕێكلامكردن بوو له ئه‌مه‌ریكا، سه‌رپه‌رشتی كۆمیته‌یه‌كی ئه‌كرد كه ئه‌ركیان به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری هاوڵاتیانی ئه‌مه‌ریكی بوو بۆ ئه‌وه‌ی ولایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دژی ئه‌ڵمانیا بچێته جه‌نگه‌وه. جۆرج كریڵ له كتێبه‌كه‌یدا “چۆن ڕێكلامان بۆ ئه‌مه‌ریكا كرد،” به‌بایه‌خه‌وه باس له ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌كات و شانازیش به‌و ده‌سكه‌وتانه‌وه ئه‌كات كه به‌هۆی پڕوپاگه‌نده‌وه به‌ده‌ستی هێناون (2). شێرڵ ڕۆس له تێزی دكتۆراكه‌یدا ” پڕوپاگه‌نده‌و هونه‌ر: شیكارییه‌كی فه‌لسه‌فیانه،”چالاكییه‌كانی جۆرج كریڵ له‌كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا به‌هۆكار ئه‌زانێت بۆ گرێدانی پڕوپاگه‌نده به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌وه (3). به‌ده‌ربڕینێكی تر، مێژووی دروست بوونی په‌یوه‌ندی له نێوان پڕوپاگه‌نده‌و فریودان و سه‌ره‌تای گرێدانی پڕوپاگه‌نده به هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه‌وه بۆ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م ئه‌گه‌ڕێته‌وه چونكه له كاتی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه به‌شێك بوون له جه‌نگه‌كه كۆمه‌ڵێك پڕوپاگه‌ندیستیان (ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پڕوپاگه‌نده ئه‌كه‌ن) ده‌ست نیشانكردبوو بۆ ئه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده بۆ حكومه‌ت بكه‌ن و له ڕێگه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كردنه‌وه هه‌وڵی به‌هێزكردنی ئیراده‌ی سه‌ربازه‌كان و هانی هاوڵاتیان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ببن به سه‌ربازو به‌شداری بكه‌ن له جه‌نگه‌كه‌دا. له‌و مێژووه به‌دواوه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، پڕوپاگه‌نده له دیدی به‌شێكی زۆر له خه‌ڵكه‌وه (له ڕای گشتیدا) بریتییه له بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروبۆچوون و زانیاری ناڕاست له ڕێگه‌ی درۆكردنه‌وه به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی – گروپێكی دیاریكراو له- خه‌ڵكی.
له‌مڕودا به‌شێكی زۆر له توێژه‌ران پڕوپاگه‌نده به ئامرازێكی بێ لایه‌ن ئه‌زانن: واتا خودی پڕوپاگه‌نده خۆی نه باشه نه خراپه و ئه‌كرێت بۆ خستنه‌ڕووی ڕاستی یان بۆ شێواندنی ڕاستییه‌كان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵكی به‌كاربهێنرێت. مه‌هڕوخ عه‌لی له “ISIS and Propaganda: How ISIS Exploits Women” ئه‌ڵێت كه ئه‌كادیمییه‌كان پڕوپاگه‌نده به‌سه‌ر “ڕه‌ش” و “سپی”دا دابه‌ش ئه‌كه‌ن (4). له پڕوپاگه‌نده‌ی “سپی”دا ڕاستییه‌كان ئه‌خرێته‌ڕوو و پڕوپاگه‌نده‌ش به‌كارئه‌هێنرێت، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌ییش بێت، بۆ به‌خشینی زانیاری به وه‌رگر. به‌ڵام له پڕوپاگه‌نده‌ی “ڕه‌ش”دا زانیاری ناڕاست یان نیمچه ڕاست ئه‌خرێته‌ڕوو و له‌ڕێگه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كردنه‌وه هه‌وڵی شێواندنی ڕاستییه‌كان و چه‌واشه‌كردنی وه‌رگر ئه‌درێت. زۆربه‌ی زۆری پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش له چوارچێوه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی “ڕه‌ش”دا پۆلێن ئه‌كرێن.
دوای ئه‌وه‌ی مێژوویه‌كی كورتمان ده‌رباره‌ی په‌یدابوونی چه‌مكی پڕوپاگه‌نده‌و هۆكارو مێژووی تێكه‌ڵبوونی پڕوپاگه‌نده و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن خسته‌ڕوو، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه كه بپرسین پڕوپاگه‌ندیه چییه‌و ئه‌م چه‌مكه به‌چی مانایه‌ك دێت. شاره‌زایانی بواره‌كانی كۆمه‌ڵناسی و سیایكۆلۆجیاو ڕاگه‌یاندن و سیاسه‌ت له ڕێگه‌ی چه‌ند پێناسه‌یه‌كه‌وه، هه‌وڵیانداوه چییه‌ی چه‌مكی پڕوپاگه‌نده ڕوونبكه‌نه‌وه‌و ڕه‌گه‌زه‌كانی ئه‌م چه‌مكه، دوای ده‌ستنیشانكردنیان، شیبكه‌نه‌وه.
لیونارد دۆب له “Propaganda: Its Psychology and Techniques”پێناسه‌ی پڕوپاگه‌نده ئه‌كات و ئه‌نووسێت كه پڕوپاگه‌نده بریتییه له “هه‌وڵێكی سیستماتی كه له‌لایه‌ن كه‌سێكی دیاریكراوه‌وه به‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردنی بۆچوونی گرووپێك له خه‌ڵكی له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی پێشنیاره‌وه بۆ كۆنترۆڵكردنی ڕه‌فتاریان، ئه‌درێت” (5). وه‌ڵته‌ر لێڤن له تێزی دكتۆراكه‌یدا ” Efficacy of Propaganda in Global Conflict During the Twentieth Century”پاش خستنه‌ڕووی چه‌ند پێناسه‌یه‌كی پڕوپاگه‌نده، پڕوپاگه‌نده به‌و “ئامرازانه كه گروپێك به‌مه‌به‌ستی دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار له‌لای ئه‌وانی تر، به‌كاریانئه‌هێنێت” پێناسه ئه‌كات (6). هه‌روه‌ها به‌شێكی تر له توێژه‌ران پڕوپاگه‌نده به “هه‌ر هه‌وڵێك بۆ ڕازیكردنی كه‌سێك به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی بۆچوونه‌كانی ئه‌و كه‌سه ” پێناسه ئه‌كه‌ن (7).
ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یری پێناسه‌كانی پڕوپاگه‌نده، كه له‌سه‌ره‌وه هه‌ندێكمان خستووه‌ته‌ڕوو، بكه‌ین؛ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ئه‌بێته‌وه كه زۆربه‌ی زۆری پێناسه‌كانی پڕوپاگه‌نده سێ ڕه‌گه‌زه‌كه‌ی كه‌میونیكه‌یشن (أ) نێرده‌ر (ب) په‌یام (ج) وه‌رگر، له‌خۆ ئه‌گرین. به‌شێك له پێناسه‌كان، به‌هۆی گشتگیربوونیانه‌وه، یان ناڕوونیانه‌وه، له‌لایه‌ن به‌شێك له سكاڵه‌ره‌كانی بواری پڕوپاگه‌نده‌وه ڕه‌خنه‌یان لێگیراوه. لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به‌سودوه‌رگرتن له‌و ڕه‌خنه‌و پێشنیارانه، به‌وریاییه‌كی زۆره‌وه پێناسه‌ی پڕوپاگه‌نده بكه‌ین و چییه‌تی ئه‌م چه‌مكه ڕوون بكه‌ینه‌وه. پڕوپاگه‌نده بریتییه له‌و هه‌وڵه ڕێكخراوانه‌ی كه گروپێكی سیاسی ڕێكخراو له ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی چه‌ند ئامرازێكه‌وه ( ڕاگه‌یاندنی خوێنراو بینراو وه‌ك نموونه،) به‌مه‌به‌ستی قه‌ناعه‌تپێكردنی چه‌ند كه‌سێكی نێو كۆمه‌ڵگه بۆ ئه‌وه‌ی ببن به لایه‌نگری گرووپه سیاسییه‌كه‌و به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتاربكه‌ن یان ئه‌و كارانه ئه‌نجامبده‌ن كه ڕێكخراوه سیاسییه‌كه داوای ئه‌نجامدانی ئه‌كات. له‌م پێناسه‌یه‌دا هه‌رسێ ڕه‌گه‌زه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی پڕوپاگه‌نده، نێرده‌رو په‌یام و وه‌رگر، وردتر خراوه‌ته‌ڕوو. بۆ نموونه، نێرده‌ر له پێناسه‌كه‌ی سه‌ره‌وه‌دا بریتییه له گرووپێكی سیاسی ڕێكخراو (داعش وه‌ك نموونه) و وه‌رگریش چه‌ند كه‌سێكی ناڕێكخراوی نێو كۆمه‌ڵگه‌ن (مسوڵمانای ئه‌وروپا وه‌ك نموونه)و هه‌روه‌ها په‌یامه‌كه‌ش ئامانج لێی ئه‌نجامدانی ئه‌و كار‌و ڕه‌فتارانه‌یه كه ڕێكخراوه سیاسییه‌كه ئه‌وێت ئه‌نجامبدرێت (كرده‌وه‌ی تیرۆریسی له پاریس و له‌نده‌ن و فلۆریدا وه‌ك نموونه).
داعش و پڕوپاگه‌نده
له سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه تائێستا (كه ناوه‌ڕاستی دووهه‌زارو حه‌ڤده‌یه )، داعش به‌هۆی شكسته سه‌ربازییه‌كانییه‌وه به‌شێكی زۆر له ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستداوه‌و ڕووبه‌ری “خه‌لافه‌ت”ه‌كه‌ی له عێراق و سوریا به‌ته‌واوی بچوك بووه‌ته‌وه. به‌هۆی ئه‌م شكسته سه‌ربازیانه‌وه؛ سه‌ركرده سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی داعش ناچاربوون له‌لایه‌كه‌وه تاكتیكی جه‌نگكردنیان بگۆڕن و له‌لایه‌كیتره‌وه ئامانجی ڕاگه‌یاندنه‌كانیان، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، ده‌ستكاریبكه‌ن و بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان، زیاتر په‌ره به پڕوپاگه‌نده بده‌ن و ڕووبه‌رێكی فراوانتر له ڕاگه‌یاندنه‌كانیان بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ڕێكخراوه‌كه‌یان ته‌رخانبكه‌ن. له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵدا، به‌دیاریكراوی له مانگی دووی 2017دا، داعش دان به‌گرنگی و پڕگاریگه‌رێتی پڕوپاگه‌نده‌دا ده‌نێت و پڕوپاگه‌نده به “چه‌كێكی به‌هێزتر له بۆمبی ئه‌تۆمی” ناو ئه‌بات (8).
له‌كاتی ڕاگه‌یاندن و دامه‌زراندنی “خه‌لافه‌ت”ه‌كه‌یاندا، به‌رپرسانی داعش بایه‌خێكی یه‌كجار زۆریان به كه‌سانی شاره‌زاو خاوه‌ن بڕوانامه‌كان داوه. ئه‌م بایه‌خپێدانه تایبه‌ته‌ی داعش به‌كه‌سانی شاره‌زا، له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت كه داعش بۆ بنیادنان و دروستكردنی “خه‌لافه‌ت”ه‌كه‌ی پێویستی به كه‌سانی شاره‌زاو پسپۆڕ له بواره جیاوازه‌كاندا هه‌یه. ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی، له تۆمارێكی ده‌نگیدا كه له ساڵی 2014 بڵاوبوویه‌وه، داوا له زانایان و بانگه‌وازخوازان و دادوه‌ران و پزیشكان و ئه‌ندازیاران ئه‌كات كه په‌یوه‌ندی به داعشه‌وه بكه‌ن و له بنیادنان و دروستكردنه‌وه‌ی “خه‌لافه‌تی ئیسلامی”دا به‌شداربن (9). شاره‌زای له بواری میدیا به‌گشتی و چۆنێتی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده له میدیاكاندا به‌تایبه‌تی یه‌كێك بوو له‌و پسپۆڕیانه‌ی كه داعش هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌داو ئه‌یویست، دوای به‌ده‌ستهێنانی میدیكاری پسپۆڕ‌و شاره‌زا له بواری پڕوپاگه‌نده‌دا، ببێت به‌خاوه‌نی میدیایه‌كی به‌هێزو پرۆفشناڵ كه توانای هه‌بێت له‌لایه‌كه‌وه جه‌نگی ڕاگه‌یاندن له دژی نه‌یارو دووژمنه‌كانی داعش به‌رپابكات و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ژیرانه پڕوپاگه‌نده بۆ ڕیكخراوه‌كه بكات.
داعش یه‌كه‌م گرووپی جیهادی نییه كه بایه‌خی به پڕوپاگه‌نده دابێت و پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی به‌كارهێنابێت. پێشتر سه‌ركرده‌كانی ئه‌لقاعیده دركیان به گرنگی و كاریگه‌رییه‌كانی پڕوپاگه‌نده كردووه‌و پڕوپاگه‌نده‌یان وه‌ك به‌شێك له ته‌كتیكی جه‌نگ له‌لایه‌كه‌وه له دژی دوژمن و نه‌یاره‌كانیان و له‌لایه‌كی تره‌وه بۆ گه‌یاندن و ناردنی په‌یامی ڕێكخراوه‌كه‌یان بۆ لایه‌نگرانیان به‌كارهێناوه. ئه‌م بایه‌خدانه‌ی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده، پێش داعش، به پڕوپاگه‌نده بۆ ئه‌و وته‌یه‌ی كه‌سی یه‌كه‌می ڕێكخراوه‌كه، ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری، ئه‌گه‌ڕێته‌وه. ئه‌لزه‌واهیری ده‌رباره‌ی گرنگی پڕوپاگه‌نده ئه‌ڵێت: “ئێمه له جه‌نگێكداین كه نیوه‌ی له گۆڕه‌پانی ڕاگه‌یاندن و میدیاكاندا ڕوو ئه‌دات. ئێمه له پێناو (پاراستن و سه‌رخستنی) دڵ و زیهنی ئومه‌ت(ی ئیسلامی‌دا) له جه‌نگێكی میدیایداین” (10). به‌ڵام ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده به‌هۆی چه‌ند هۆكارێكه‌وه، گرنگترینیان لاوازبوونی ڕێكخراوه‌كه‌و نه‌بوونی توانای به‌رگریكردن له بوونی خۆی له سه‌ر سنوره‌كانی نێوان پاكستان و ئه‌فغانستان، نه‌یتوانی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌لزه‌واهیری ئه‌یویست بایه‌خ و په‌ره به پڕوپاگه‌نده بدات و پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی پڕگاریكه‌ر به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی داعش له بواری پڕوپاگه‌نده كردن‌دا له ڕێكخراو و گرووپه جیهادییه‌كانی تری جیهان جیا ئه‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه داعش جیاوازتر له پڕوپاگه‌نده‌ی ڕوانیوه و به‌شێوه‌یه‌كی جوداتر، به‌مه‌به‌ستی جیا جیا، پڕوپاگه‌نده‌ی به‌كارهێناوه. گۆڤاری وایه‌رد (Wired)، كه گۆڤارێكی مانگانه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌و بایه‌خ به ته‌كنۆلۆجیا و كاریگه‌رییه‌كانی ته‌كنۆلۆجیا له‌سه‌ر كلتور‌و ئابووری و سیاسه‌ت ئه‌دات، له ئازاری 2016 له ڕێگه‌ی نووسینێكی دوور و درێژه‌وه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره، كه له هه‌مان كاتدا ناونیشانی نووسینه‌كه‌شه، “بۆچی داعش جه‌نگی سۆشیاڵ میدیا ئه‌باته‌وه؟”، ئه‌داته‌وه. گۆڤاره‌كه له نووسینه‌كه‌یدا به‌راوردێكی كورت له نێوان چۆنێتی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده له‌لایه‌ن هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه: ئه‌لقاعیده و داعشه‌وه ئه‌كات (11). به‌كورتی، به‌پێی گۆڤاری وایه‌رد بێت، جیاوازییه‌كانی نێوان ئه‌لقاعیده‌و داعش له بواری پڕوپاگه‌نده‌دا بۆ ئه‌م چه‌ند خاڵه ئه‌گه‌ڕێته‌وه: (أ) به‌راورد به ئه‌لقاعیده، داعش له بواری پڕوپاگه‌نده‌كردندا كراوه‌یه. مه‌به‌ست له كراوه‌بوونی داعش له پڕوپاگه‌نده‌كردندا ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده‌كانی داعش، جیاوازتر له ئه‌لقاعیده، ده‌رگای پڕوپاگه‌نده‌كردنیان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ڕێكخراوه‌كه‌یان بۆ هه‌موو لایه‌نگر و ئه‌ندامانی داعش له هه‌رشوێنێكی دونیابن خستووه‌ته سه‌رپشت. له پاڵ ئه‌و تیمه پرۆفشناڵه‌ی داعش كه له ناوه‌ندی ولایه‌ته‌كانی “خه‌لافه‌ت”ه‌كه‌یانه‌وه له ڕێگه‌ی میدیا بیستراو (ڕادیۆی ئه‌لبه‌یان وه‌ك نموومه)و بینراو (ئاژانسی ئه‌لئه‌عماق وه‌ك نموونه)و خوێندراوه‌كانی (گۆڤاره‌كانی دابق و ڕۆمییه وه‌ك نموونه) ڕێكخراوه‌كه‌یانه‌وه، به‌ڕێگه‌ی جیا جیا پڕوپاگه‌نده بۆ داعش ئه‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگرێكی داعش، ئیتر گرنگ نییه ئه‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی داعش چۆن و به‌چی زمانێك و له كوێی جیهانه‌وه پڕوپاگه‌نده ئه‌كه‌ن، ئه‌توانێت پڕوپاگه‌نده بۆ داعش بكات و به‌شداربێ له‌و جه‌نگه میدیایه‌ی كه داعش له‌دژی دوژمن و نه‌یاره‌كانی به‌رپای كردووه. ئه‌م ڕێگه پێدانه‌ی داعش به هه‌مووان بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ڕێكخراوه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرێت كه ڕێكخراوی داعش پێی وایه بنیادنان و به‌رگریكردن له “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” به‌ته‌نها كاری ده‌سته‌بژێرێكی (نوخبه‌یه‌كی) دیاریكراو نییه به‌ڵكو هه‌موو مسوڵمانێك، به‌له‌به‌رچاوگرتنی جیاوازییه تاكه كه‌سییه‌كانی نێوانیان، ئه‌ركی سه‌رشانێتی (پێویسته)، هه‌ر یه‌كه‌و به‌پێی توانا‌و پسپۆڕی خۆی، به‌ڕێگه‌ی جیاجیا به‌رگری له “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” بكات.
(ب) یه‌كێكی تر له خاڵه جیاوازه‌كانی نێوان ئه‌لقاعیده و داعش بریتییه له بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی پڕوپاگه‌نده كردنه‌كه‌یان. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌لقاعیده‌وه كه زۆربه‌ی جار لێدوان و وتاری سه‌ركرده باڵاكانی نێو ڕێكخراوه‌كه‌ی ئه‌كرد به‌بابه‌تی پڕوپاگه‌نده كردنه‌كه‌یان، داعش له ڕێگه‌ی بابه‌ته‌كانی دووباره دامه‌زراندنه‌وه‌ی “خه‌لافه‌تی ئیسلامی”و ئافره‌ت و سه‌ركه‌وتنه سه‌ربازییه‌كانی له گۆڕه‌پانه‌كانی جه‌نگ و فره نه‌ته‌وه‌یبوونی ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌و شێوازی سزادانی نه‌یاره‌كانیه‌وه پڕوپاگه‌نده‌ی بۆ ڕێكخراوه‌كه ئه‌كرد. ته‌نانه‌ت چه‌كدارێكی “ئاسایی” داعش ئه‌یتوانی خۆی ڕووداوێكی دیاریكراو هه‌ڵبژێرێت و بیكات به بابه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كردنه‌كه‌ی بۆ داعش. بۆ نموونه، چه‌كدارێكی داعش ئه‌توانێت وێنه یان گفتوگۆیه‌كی نێوان خۆیی و چه‌ند هاورێیه‌كی یان دیمه‌نی (ڤیدیۆی) ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان داعش و دووژمنه‌كانی كه له ڕێگه‌ی كامێرایه‌كی ئاساییه‌وه تۆماركراوه بكات به‌بابه‌تێك و له ڕێگه‌یه‌وه پڕوپاگه‌نده بۆ ڕێكخراوی داعش بكات.
(ج) جیاوازتر له ئه‌لقاعیده كه بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن زۆرتر پشتی به گرته‌ی ڤیدیۆی ئه‌به‌ست، داعش پلاتفۆرمی جیاواز و ئامرازی جۆربه‌جۆر بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن به‌كارئه‌هێنێت. بۆ نموونه داعش له‌پاڵ گرته‌ی ڤیدیۆیدا، كه به‌كواڵێتییه‌كی زۆر به‌رز تۆماركراوه، كه‌ڵكی له سۆشیاڵ میدیا: فه‌یسبوك (Facebook)و تویته‌ر/ جریوه (Twitter) وه‌ك نموونه، و ئه‌پی نامه‌ی نێوان هاوڕێیان: ته‌له‌گرام (Telegram) و شووه‌ر سپات (Surespot) وه‌ك نموونه، بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن وه‌رگرتووه. ئه‌م فره چه‌شنییه له ئامراز‌و جۆربه‌جۆرییه له ڕێگه‌كانی پڕوپاگه‌نده‌كردن له‌لایه‌ن داعشه‌وه هه‌م له‌لایه‌كه‌وه پڕوپاگه‌نده‌كانی داعشی به‌هێزكرد و له‌لایه‌كی تره‌وه توانای نه‌یاره‌كانی داعشی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و كۆنترۆڵكردنی پڕوپاگه‌نده‌ی داعش لاوازكرد. ئریك گێڵه‌ر ئه‌ڵێت كه حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكا نه‌یتوانیوه به‌شێوه‌یه‌كی گاریگه‌ر له “گۆڕه‌پانی ئینته‌رنێت”دا له‌دژی داعش بجه‌نگێت (5). ئه‌م وته‌یه‌ی ئریك گێڵه‌ر، هه‌ر وه‌ك چۆن خۆی ڕوونی ئه‌كاته‌وه (12)، به‌و مانایه دێت كه داعش باشتر له نه‌یاره‌كانی كه‌ڵكی له ئینته‌رنێت و سۆشیاڵ میدیا، بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ڕێكخراوه‌كه‌ی، وه‌رگرتووه.
بۆ ئه‌وه‌ی له پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و چۆنێتی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه به‌باشی تێبگه‌ین، پێویستمان به‌وه‌یه كه پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش به‌سه‌ر دوو سه‌رده‌می جوداو جیاوازدا دابه‌ش بكه‌ین: یه‌كه‌م، سه‌رده‌می پێش ڕاگه‌یاندنی “خه‌لافه‌ت”و دووه‌م، سه‌رده‌می دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت. باش تێگه‌یشتن له پڕوپاگه‌نده له سه‌رده‌می یه‌كه‌مدا (سه‌رده‌می پێش ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت،) پێشمه‌رجه بۆ تێگه‌یشتنێكی دروست له پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و چۆنێتی به‌كارهێنانیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه له‌سه‌رده‌می دووه‌مدا (سه‌رده‌می دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت له‌لایه‌ن داعشه‌وه). ئه‌لبێرتۆ فێرناندز ئه‌ڵێت، “به وردی دیراسه‌كردنی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش له نێوان 2012 و 2014، ( واته پێش و تا كاتی ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت)، به‌سوده بۆ ده‌ست نیشانكردنی ڕه‌گه‌زه گرنگه‌كانی پڕوپاگه‌نده له‌لای داعش و دیاریكردنی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه به‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كانی داعشدا هاتووه” (13).
به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنی ورد له پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش و چۆنێتی به‌كارهێنانی له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه، به‌كورتی باس له پڕوپاگه‌نده له‌لای داعش له هه‌ردوو سه‌رده‌مه جیاوازه‌كه، سه‌رده‌می پێش ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت و سه‌رده‌می دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت، ئه‌كه‌ین.
داعش و پڕوپاگه‌نده له سه‌رده‌می پێش ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت (2010- 2014)
له حوزه‌یرانی 2006 هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا توانیان ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی بكوژن. به‌ماوه‌یه‌كی كورت دوای كوژرانی زه‌رقاوی، ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده “ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی” له 15 ئۆكتۆبه‌ری 2006 له وڵاتی نێوان دوو ڕووبار (عێراق) به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی ڕاگه‌یاند (14). ئامانجی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی (ISI) دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تیكی ئیسلامی بوو له عێراق و به‌دیاریكراوی له‌و ناوچانه‌ی كه پێی ئه‌وترێت “ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه” به‌مه‌به‌ستی پاراستنی عه‌ره‌بی سوننه له مه‌ترسییه‌كانی شیعه‌ی عێراق.
له‌ماوه‌ی سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادیدا (10/2006 بۆ 4/2010)، ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی له ڕێگه‌ی ناوه‌ندی فورقانی میدیاییه‌وه، به‌دیاریكراوی له 22/12/2006ه‌وه تا 25/3/2010 ، بیست و سێ تۆماری ده‌نگی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی سه‌ركرده‌ی “ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی (ISI) بڵاوكرده‌وه. كۆی ماوه‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كانی “ئه‌میری” ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی بریتی بوو له 10 كاتژمێر و 58 خوله‌ك و 8 چركه.
به‌گشتی ئه‌بو به‌كر ئه‌ل-به‌غدادی له تۆماره ده‌نگییه‌كانیدا، كه ناوه‌ندی فورقان وه‌ك به‌شێك له پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی بڵاویده‌كرده‌وه، زمانێكی عه‌ره‌بی پاراو به‌كارئه‌هێنێت و له به‌شێك له تۆماره ده‌نگییه‌كانیدا زمانی قسه‌كردنی زۆر نزیكه له‌و زمانه‌ی كه سه‌دامی سه‌رۆكی پێشوتری عێراق قسه‌ی پێ ئه‌كرد (15)، ڕه‌نكه ئه‌و شێوازه له قسه‌كردن بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی (حه‌مید داود ئه‌لزاوی) پێشتر بۆ چه‌ند ساڵێك له ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی ڕژێمی به‌عسدا، له شاری حه‌دیسه، وه‌ك به‌رپرسێكی ئه‌منی كاریكردووه (16).
له‌سه‌رده‌می سه‌ركردایه‌تی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادیدا، ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی “سته‌می/ زوڵمی” شیعه‌كانی عێراق له سوننه و داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاو “خیانه‌ت”ی حیزبی ئیسلامی عێراقی و به‌شێك له هۆزه سوننه مه‌زهه‌به‌كانی عێراقی كردبوو به‌بابه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كانی. هه‌روه‌ها له زۆربه‌ی پڕوپاگه‌نده‌كاندا سوننه‌كانی عێراق كراون به وه‌رگر و په‌یامه‌كان ئاراسته‌ی ئه‌وان ئه‌كرێن و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی “دڵ و عه‌قڵ”ی سوننه‌كانی عێراق ئه‌درێت. ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی كه سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی له‌سه‌رده‌می سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر ته‌كنیكی ساده‌ن و ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی له هه‌موو تۆماره ده‌نگییه‌كانیدا، بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانی، چه‌ندین ئایه‌ت و فه‌رمووده‌و وته‌ی زانایانی ئیسلامی ئه‌كات به‌به‌ڵگه له‌سه‌ر ڕاستی بۆچوونه‌كانی و دروستی كرده‌وه‌كانی چه‌كه‌داره‌كانی له عێراق و ئیسلامی بوونی ڕێكخراوه‌كه‌ی. به ووردبوونه‌وه له پڕوپاگه‌نده‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی، به ئاشكرا ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه خه‌ونی سه‌ركرده‌كانی ئه‌وكاته‌ی ڕێكخراوه‌كه (2006 بۆ 2010) خه‌ونێكی لۆكاڵی بووه‌و ئه‌وان كاره‌كانیان ته‌نها له چوارچێوه‌ی عێراق به‌گشتی و ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌ی عێراق به‌تایبه‌تی قه‌تیسكردووه و نه‌یانویستووه چالاكییه‌كانیان له‌دژی “كافران” بگوێزنه‌وه بۆ ناوچه‌كانی تری جیهان و وڵاتانی تری ناوچه‌كه بۆ مسوڵمانان “فه‌تح” بكه‌ن.
هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌هاوكاری هێزه عێراقییه‌كان له 18ی نیسانی 2010 له ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شدا توانیان ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی و ئه‌بو حه‌مزه ئه‌لموهاجیر، كه وه‌زیری جه‌نگ بوو، بكوژن (17). دوای كوژرانی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی، ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی، كه ئێستا سه‌رۆكی داعشه، بوو به سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی له 2010. دوای ده‌ست به‌كاربوونی وه‌كو “ئه‌میر”ی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی، ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی ده‌ستی به دووباره بنیادنان و به‌هێزكردنی ڕێكخراوه‌كه‌كرد. ده‌رچوونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سه‌رهه‌ڵدانی به‌هاری عه‌ره‌بی و به‌هێزی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی هاوكاربوون بۆ به‌هێزكردنی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی.
له‌دوای ئه‌وه‌ی كه ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی گرته ده‌ست و بوو به ئه‌میری ڕێكخرراوه‌كه، ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی (ISI) له ڕێگه‌ی ده‌زگای ئه‌لفورقانی میدیاییه‌وه یه‌كه‌م به‌رهه‌می پڕوپاگه‌نده‌ی به‌شێوه‌ی ڤیدیۆ به‌ناونیشانی “غه‌زوه‌ی به‌ندكراوان 1″، كه له 36 خوله‌ك و 18 چركه پێكهاتبوو، له 31/1/ 2012 بڵاوكرده‌وه. ڤیدیۆكه تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له چه‌ند كلیپێك كه پێشتر له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی عه‌ره‌بی (ئه‌لجه‌زیره وه‌ك نموونه) و ڕۆژئاواییه‌وه (س ئێن ئێن و بی بی سی وه‌ك نموونه) بڵاوكرابوونه‌وه. ڤیدیۆكه به‌وه ده‌ستپێده‌كات كه ئه‌مه‌ریكییه “خاچپه‌ره‌سته‌كان” عێراقیان ڕاده‌ستی ئێرانی “ڕافزه” كردووه. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه‌یان، له ڤیدیۆكه‌دا به‌شێكی كه‌م له‌و چاوپێكه‌وتنانه كه له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له ئاشتۆن كارته‌ر و تارق هاشمی و هۆشیار زێباری و ساڵح موتڵه‌ق له‌كات و شوێنی جیاواز و له‌لایه‌ن ڕاگه‌یاندنی جودا جوداوه له‌گه‌ڵیاندا ئه‌نجامدراوه و تێدا باس له زیادبوونی نفوزی ئێران ئه‌كه‌ن له عێراق، بڵاوكراوه‌ته‌وه. پاشان به‌دوورودرێژی باس له سزادانی سوننه ئه‌كه‌ن له‌لایه‌ن شیعه‌و ئه‌مریكییه‌كانه‌وه له زیندانه‌كانی عێراق به‌گشتی و زیندانی ئه‌بوغرێب به‌تایبه‌تی. به‌شێكی تری ڤیدیۆكه ته‌رخانكراوه بۆ باسكردنی گه‌نده‌ڵی و كاره تایفییه‌كانی به‌یان جابر سۆلاغ (كه ماوه‌یه‌ك وه‌زیری به‌رگری و دارای بوو له حكومه‌تی عێراقدا.) له‌نێو ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه بۆ ڤیدیۆكه زیادكراوه، ده‌نگه‌كانی ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی و ئه‌بو حه‌مزه‌ی موهاجیر ئه‌ناسرێنه‌وه‌و هه‌ردووكیان له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌یاندا به‌توندی هێرش ئه‌كه‌نه سه‌ر شیعه‌كانی عێراق.
شه‌ش مانگ دواتر، ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی (ISI) له 30ی حوزه‌یرانی 2012 له ڕێگه‌ی ده‌زگای ئه‌لفورقانی میدیاییه‌وه ڤیدیۆیه‌كی تری به‌مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ڕێكخراوه‌كه‌یان به‌نێوی “ده‌نگی شمشێره‌كانه‌وه”ه‌وه بڵاوكرده‌وه. ئه‌م ڤیدیۆ نوێیه له 63 خوله‌ك و 49 چركه پێكهاتبووو. له ڕووی كواڵتییه‌وه، گرته ڤیدیۆییه‌كان به كواڵتیه‌كه‌ی به‌رز تۆماركراون. ڤیدیۆكه به وته‌یه‌كی ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی ده‌ستپێئه‌كات. زه‌رقاوی، له وته‌كه‌یدا، به توندی هێرش ئه‌كاته سه‌ر شیعه‌و شیعه به “گۆڕینی ڕووگه‌ی (قیبله‌ی) مسوڵمانان له مه‌كه‌وه بۆ كه‌ربه‌لا” تۆمه‌تبار ئه‌كات. وه‌كو ڤیدیۆكه‌ی پیش‌تر، له‌م ڤیدیۆیه‌دا ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی بۆ سه‌لماندنی كاریگه‌ری چالاكییه‌كانی و چه‌وساوه‌ی سوننه‌كانی عێراق، پشتی به‌چه‌ند لێدوانێكی به‌رپرسه شیعه و سوننه‌كانی عێراق، كه له ڕاگه‌یاندنه‌كانی تره‌وه وه‌ریگرتووه، به‌ستووه. دواتر ڤیدیۆكه دوالێدوان و دیمه‌نی چه‌ند خۆكوژێك نیشان ئه‌دات كه له‌دژی حكومه‌تی عێراق “چالاكی” ئه‌نجامده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها له ڤیدیۆكه‌دا داوا له هێزه‌كانی سه‌حوه، كه سوننه مه‌زهه‌بن، ئه‌كات كه وازله‌جه‌نگكردن له دژی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” بهێنن و ده‌ستبه‌رداری هاوكاریكردنی حكومه‌تی عێراق ببن.
له هه‌ردوو ڤیدیۆكه‌دا، ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی چه‌وساندنه‌وه‌ی سوننه‌كانی عێراقی له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه، كه شیعه تێیدا باڵا ده‌سته، كردووه به‌بایه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كه‌یان و پرٍوپاگه‌نده‌كه ئاراسته‌ی دانیشتوانه سوننه‌كه‌ی عێراق كراوه. به‌ده‌ربڕینێكی تر، “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” تا كۆتایی ساڵی 2012 هه‌موو چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی له عێراقدا قه‌تیسكردبوو و پڕوپاگه‌نده‌كانیان ئاراسته‌ی سوننه‌كانی عێراق ئه‌كردو خۆیان به‌سه‌رخه‌ری سوننه‌كانی عێراق ئه‌زانی و خه‌ونی سه‌ركرده‌كانی ڕێكخراوه‌كه خه‌ونێكی لۆكاڵی بوو.
له‌سه‌ره‌تای 2013دا (به‌دیاریكراوی له 31/1/2013) ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی بۆ یه‌كه‌مجار له ڕێگه‌ی وته‌بێژه‌كه‌یه‌وه، ئه‌بو محه‌مه‌د ئه‌لعه‌دنانی، له تۆمارێكی ده‌نگیدا كه ده‌زگای ئه‌لفورقانی میدیای به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و ئینگڵیزی به‌نێوی “حه‌وت ڕاستییه‌كه‌وه” بڵاویكرده‌وه، توانی ئه‌و توێژ‌و جموره‌ی كه پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی ئاراسته ئه‌كرێت (وه‌رگر)، تاڕاده‌یه‌ك، فراوانتر بكات و نیازی گۆڕینی ئاینده‌ی كاركردنی ڕێكخراوه‌كه له ناوچه سوننیه‌كانی عێراقه‌وه به‌ره‌و شام (سوریا) ئاشكرابكات.
له نیسانی 2013دا ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادی بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی و به‌ره‌ی نوسره‌یداو له به‌رانبه‌ردا، به‌مه‌به‌ستی یه‌كخستنی هێزه جیهادییه‌كانی نێو سوریا و عێراق له چوارچێوه‌ی ڕێكخراوێكدا، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش)ی ڕاگه‌یاند. به‌ره‌ی نوسره، كه باڵی ئه‌لقاعیده‌یه له سوریا، ئه‌م كاره‌ی ئه‌بوبه‌كر ئه‌لبه‌غدادی پێ په‌سه‌ند نه‌بوو و له دژی وه‌ستایه‌وه (18). به‌ڵام ئه‌و چه‌كدارانه‌ی كه هاوسۆزی ئه‌لبه‌غدادی بوون، به‌ره‌ی نوسره‌یان به‌جێهێشت و بوون به‌به‌شێك له چه‌كداره‌كانی داعش له سوریا.
به‌هۆی گۆڕینی ناوی ڕێكخراوه‌كه له “ده‌وڵه‌تی عێراقی ئیسلامی”یه‌وه بۆ “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و سوریا (شام)” و فراوانبوونی ڕووبه‌ری كاركردنی ڕێكخراوه‌كه، داعش ناچاربوو كه هه‌ندێك گۆڕانكاری له ڕاگه‌یاندنه‌كانیدا بكات و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان په‌ره به پڕوپاگه‌نده بدات. داعش به‌هۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی جه‌نگی ناوخۆی سوریا و هاتن و په‌یوه‌ندیكردنی چه‌كداری بیانی به ڕێكخراوه‌كه‌وه، داعش له‌كاتی پڕوپاگه‌نده‌كردندا زۆرتر ته‌ركیزی له‌سه‌ر سوریا بوو و زیاتر بایه‌خی به سۆشیاڵ میدیاداو ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كه بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن به‌رهه‌می ئه‌هێنا؛ له ڕووی كواڵتییه‌وه، كواڵتییه‌كی به‌رزیان هه‌بوو. هه‌روه‌ها ئه‌و توێژه‌ی كه پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی ئاراسته ئه‌كرا (وه‌رگره‌كان) خه‌ڵكی لۆكاڵی عێراق و سوریای تێپه‌ڕاندو پڕوپاگه‌نده‌كه ئاراسته‌ی مسوڵمانانی جیهانی ئیسلامی ئه‌كرا. هه‌ر بۆیه، له پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا، داعش چه‌ندین زمانی تری بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردنه‌كه به‌كارئه‌هێنا.
له ماوه‌ی نێوان نیسانی 2013 و شوباتی 2014، داعش زنجیره‌یه‌ك ڤیدیۆی پڕِوپاگه‌نده‌ی به نێوی “چه‌ند ده‌رچه‌یه‌ك له وڵاتی داستانه‌كان”ه‌وه بڵاو كرده‌وه. ئه‌م زنجیره پڕوپاگه‌نده‌یه له 49 ڤیدیۆ پێكدێت و داعش هه‌ر ڤیدیۆیه‌كی بۆ باسكردنی بابه‌تێكی دیاریكراو ته‌رخانكردبوو. بۆ نموونه، داعش ڤیدیۆی زنجیره 26ی “چه‌ند ده‌رچه‌یه‌ك له وڵاتی داستانه‌كان”ی بۆ كورده‌كانی نێو ڕێكخراوه‌كه ته‌رخانكردبوو و له ڤیدیۆكه‌دا چه‌كدارێكی كوردی داعش، به‌زمانی كوردی، له‌گه‌ڵ چه‌ند كوردێكی تری نێو ڕێكخراوه‌كه‌دا هه‌ڕه‌شه له پارتی و یه‌كێتی و دژه تیرۆر ئه‌كات و به‌ڵێن ئه‌دات كه له ئاینده‌دا بچنه هه‌ولێرو سلێمانی و سزای كورده “مورته‌ده‌كان” بده‌ن. به‌راورد به ڤیدیۆكانی پێشوتری داعش، ڤیدیۆكانی ئه‌م زنجیره‌یه كواڵتییه‌كی به‌رزیان هه‌یه‌و گرته‌كان سه‌د ده‌ر سه‌د (100%) ئورجیناڵن و داعش خۆی، به‌چه‌ند زمانێك، به‌رهه‌می هێناون. به‌گشتی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی داعش كه له نێوان نیسانی 2013 و ئایاری 2014دا به‌رهه‌می هێناون، پڕوپاگه‌نده‌كردن بوو له دژی گرووپه نه‌یاره‌كانی ڕێكخراوه‌كه له سوریا (یه‌په‌گه‌و سوپای سوریای ئازاد و به‌ره‌ی نوسره وه‌ك نموونه).
داعش و پڕوپاگه‌نده له سه‌رده‌می دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت (2014- 2017)
دوای داگیركردنی شاری موسڵ له حوزه‌یرانی 2014 له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌و ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت له یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زان له حوزه‌یرانی 2014 له‌لایه‌ن ئه‌بو محه‌مه‌د ئه‌لعه‌دنانیی وته‌بێژی داعشه‌وه‌و و گۆڕینی ناوی ڕێكخراوه‌كه له ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام-ه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (19)، “داعش وه‌ك ده‌وڵه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌كردو وه‌ك ده‌وڵه‌تیش سه‌یری خۆی ئه‌كردو ده‌وڵه‌تیش ئه‌بێت میدیای تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بێت،” (20) بۆیه داعش بایه‌خی زۆری به ڕاگه‌یاندن به‌هه‌موو جۆۆره‌كانییه‌وه، بینراو (ئاژانسی ئه‌لئه‌عماق وه‌ك نموونه)، بیستراو (ڕادیۆی ئه‌لبه‌یان وه‌ك نموونه)، خوێندراو(گۆڤاری دابق وه‌ك نموونه)، دا‌و چه‌ند ناوه‌ندێكی میدیایی دامه‌زراندو له پارێزگاكانی نه‌ینه‌واو ڕه‌قه ئۆفیسی بۆ كردنه‌وه. ناوه‌ندی “ئه‌لحه‌یات”ی میدیایی به‌یه‌كێك له گرنگترین ناوه‌نده میدیایه‌كانی داعش دائه‌نرێت و داعش له ڕێگه‌ی ناوه‌ندی “ئه‌لحه‌یات”ه‌وه نوێترین بڵاوكراوه‌و ڤیدیۆی جه‌نگ و چالاكی و سرودو لێدوانه فه‌رمییه‌كانی خۆی بڵاو ئه‌كاته‌وه.
له‌دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌یانه‌وه، به‌هۆی به نێوده‌وڵه‌تی بوونی پرس و مه‌ترسییه‌كانی داعشه‌وه، به‌پرسه‌كانی داعش ڕاگه‌یاندنه‌كانیان فره چه‌شن كرد و په‌ره‌یاندا به ڕاگه‌یاندنی بینراو ( ئاژانسی ئه‌لئه‌عماق وه‌ك نموونه،)و بیستراو (ڕادیۆی ئه‌لبه‌یان وه‌ك نموونه،) و خوێندراو (گۆڤاره‌كانی دابق و ڕومییه وه‌ك نموونه.) ئه‌م فره چه‌شنییه له ڕاگه‌یاندندا كاری پڕوپاگه‌نده‌كردنی بۆ داعش، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، ئاسانتركرد.
له‌كاتی ڕاگه‌یاندنی “خه‌لافه‌تی ئیسلامی” له‌لایه‌ن داعشه‌وه تا ناوه‌ڕاستی 2017، داعش له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه جۆربه‌جۆره‌كانییه‌وه (رأگه‌یاندنی بیستراو بینراو خوێندراو وه‌ك نموونه،) چه‌ندین بابه‌تی پڕوپاگه‌نده‌ی بڵاوكردووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش له‌دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته‌وه، له‌ڕووی ناوه‌ڕۆك و كواڵتی و ئامرازه‌كانی پڕوپاگه‌نده و ئه‌و گرووپ و توێژه‌ی كه پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی ئاراسته ئه‌كرێت و گراوه به وه‌رگر تا ڕاده‌یه‌كی به‌رچاو گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه به‌سه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ی داعشدا، له دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ته‌كه‌یانه‌وه، هاتووه به‌گشتی بریتین له:
یه‌كه‌م: داعش پێشتر چه‌وساوه‌بوونی سوننه‌ی ئه‌كرد به‌بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی پڕوپاگه‌نده‌كانی، به‌ڵام دوای ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت له‌لایه‌ن داعشه‌وه، ڕێكخراوه‌كه گۆڕانی له ناوه‌ڕۆكی پڕوپاگه‌نده‌كاندا كردوو (أ) سه‌ركه‌وتن و په‌لاماره سه‌ربازی و سه‌ربڕینی دیل و “سیخوڕه‌كان”و (ب) به‌رقه‌راربوونی ئاسایش و فره‌نه‌ته‌وه‌ی بوونی چه‌كداره‌كانی ڕێكخراوه‌كه و هاوكاریكردنی هه‌ژاران و جێبه‌جیكردنی شه‌ریعه‌تی ئیسلام و سزادانی ئه‌و مسوڵمانانه‌ی كه یاساكانی (داعش) پێشێل ئه‌كه‌ن، كرد به‌بابه‌تی پڕوپاگه‌نده‌كانی. ئامانج له‌م پڕوپاگه‌ندانه بریتی بوو له هاندانی مسوڵمانانی جیهان به‌گشتی و ڕۆژئاوا به‌تایبه‌تی بۆ “هیجره‌ت” و كۆچكردن بۆ ئه‌و خه‌لافه‌ته‌ی كه داعش ڕایگه‌یاندبوو.
دووه‌م: ئه‌و ئامرازانه‌ی كه داعش بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن به‌كاری ئه‌هێنا له ڕووی كواڵتی و دیزاینه‌وه پێشكه‌وتوو تر بوو. هه‌روه‌ها، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كه پێشتر پڕوپاگه‌نده‌ی پێئه‌كرد، ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ی كه ڕیكخراوه‌كه بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن به‌رهه‌می ئه‌هێنان هه‌مووی به‌رهه‌می ئۆرجیناڵ بوون و له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ئه‌لحه‌یاتی میدیاییه‌وه بڵاو ئه‌كرایه‌وه و، به‌زۆری، داعش پڕوپاگه‌نده‌كانی له‌ڕێگه‌ی سۆشیاڵ میدیاوه بڵاو ئه‌كرده‌وه.
سێیه‌م: زمانی پڕوپاگه‌نده‌كردن له عه‌ره‌بییه‌وه گۆڕا بۆ چه‌ندین زمانی زیندووی جیهان (ئینگڵیزی و فه‌ره‌نسی و ئه‌ڵمانی و ڕووسی وه‌ك نموونه). ئه‌م گۆڕانكارییه له زمانی پڕوپاگه‌نده له‌لایه‌كه‌وه بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه (أ) به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه سه‌ركردایه‌تی داعشیان ئه‌كرد، به‌شێك له كه‌سه دیاره‌كانی نێو داعش عه‌ره‌ب نه‌بوون (ئه‌بو عومه‌ری چیچانی وه‌ك نموونه) و (ب) ئه‌و كه‌س و گرووپ و جیهانه‌ی كه پڕوپاگه‌نده‌كانی ئاراسته ئه‌كرا ، به‌گشتی، مسوڵمانی عه‌ره‌ب زمان نه‌بوون، به‌ڵكو ئه‌و مسوڵمانانه بوونه كه جگه له چه‌ند وشه‌یه‌كی كه‌می عه‌ره‌بی نه‌بێت، هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان ده‌رباره‌ی زمانی عه‌ره‌بی نه‌بوو.
گۆڤاری ڕۆمیه
گۆڤاری ڕۆمییه نوێترین گۆڤاری دیجیتاڵی داعشه كه ناوه‌ندی ئه‌لحه‌یاتی میدیای، به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو، به‌قه‌باره‌ی جوداو به‌چه‌ند زمانێكی زیندووی جیهانی ده‌ری ئه‌كات. ناوه‌ندی ئه‌لحه‌یاتی میدیای، كه به‌رپرسه له بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی داعش، له 5/9/2016 یه‌كه‌م ژماره‌ی گۆڤاری “ڕۆمیه”ی به‌شێوه‌ی دیجیتاڵ و به‌چه‌ند زمانێك، له نێویشیاندا زمانه‌كانی ئینگڵیزی، ئه‌ڵمانی، فه‌ڕه‌نسی و ڕووسی، بڵاوكرده‌وه. داعش له ڕێگه‌ی ده‌ركردنی ئه‌م گۆڤاره‌وه، توانیی ئه‌و بۆشاییه پڕبكاته‌وه كه ڕاگرتنی گۆڤاره‌كانی “دابق” و “دارالاسلام” له ڕاگه‌یاندنه خوێندراوه‌كانی داعشدا دروستیكردبوو. هه‌روه‌ها داعش به‌ده‌ركردنی ئه‌م گۆڤاره هه‌وڵی به‌هێزكردن و پاراستنی ئه‌و پرده ئه‌دات كه ڕێكخراوه‌كه له ڕێگه‌ی گۆڤاری “دابق”ه‌وه له نێوان خۆی و مسوڵمانای ڕۆژئاوادا دروستیكردبوو.
ئه‌وه‌ی گۆڤاری ڕۆمیه له گۆڤاره‌كانی تری داعش (گۆڤاری دابق وه‌ك نموونه،) جیا ئه‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گۆڤاره له ڕووی قه‌باره‌وه بچوكتر و له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر، جیاوازتره. بۆ نموونه، به‌پێچه‌وانه‌ی دابقه‌وه، ژماره دووی گۆڤاری ڕۆمیه له نوسینێكدا به‌ناوی “تاكتیكه‌كانی تیرۆره‌وه،” داوا له مسوڵمانانی جیهان به‌گشتی و مسوڵمانای ئه‌وروپا و ئه‌مریكا به‌تایبه‌تی ئه‌كات، بۆ جیهاد كردن، كۆچ (هیجره) به‌ره‌و خه‌لافه‌تی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” پێویست نییه و له شوێنی خۆیان بمێننه‌وه‌و له دژی وڵاتانی خۆیان جیهاد (كرده‌وه‌ی تیرۆریستی) ئه‌نجام بده‌ن.
داعش ناوی گۆڤاره‌كه‌ی له شاری ڕۆمای پایته‌ختی وڵاتی ئیتاڵیاوه وه‌رگرتووه. هه‌ڵبژاردنی ئه‌م ناوه له‌لایه‌ن داعشه‌وه بۆ گۆڤاره‌كه‌یان بۆ چه‌ند هۆكارێك ئه‌گه‌ڕێته‌وه. هۆكاره‌كانیش بریتین له (أ) شاری ڕۆما له عه‌قڵێتی سه‌ربازی ئیسلامی‌دا جێگه‌ی بایه‌خه‌و شوێنێكی سیمبولی ئاینیه، له فه‌رمووده‌یه‌كدا هاتووه كه په‌یامبه‌ر له‌وه‌ڵامی یه‌كێك له مسوڵماناندا كه پرسیاری ئه‌وه‌ی لێكردووه كام شار زوتر له‌لایه‌ن مسوڵمانانه‌وه “فه‌تح” ئه‌كرێت”: ڕۆما یان قوسته‌نتینییه؟، په‌یامبه‌ر له‌وه‌ڵامدا وتوویه‌تی قوسته‌نتینییه (22). له‌م فه‌رمووده‌یه‌دا مسوڵمانان له‌لایه‌ن په‌یامبه‌ره‌وه، به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ، به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێدراوه كه شاری ڕۆما له‌ئاینده‌دا له‌لایه‌ن مسوڵمانانه‌وه ده‌ستی به‌سه‌ردا ئه‌گیرێت و فه‌تح ئه‌كرێت. (ب) په‌یامێكه بۆ گواستنه‌وه‌ی جیهاد له ناوچه‌كانی”ده‌وڵه‌تی ئیسلامی”یه‌وه بۆ كیشوه‌ری ئه‌وروپا. شاری ڕۆما، له‌دیدی داعشدا، به‌هۆی ڕابردووی ڕۆمه‌كان و بوونی ده‌وڵه‌تی ڤاتیكانی مه‌سیحی له ئیتاڵیا، نوێنه‌رایه‌تی جیهانی موسیحییه‌ت ئه‌كات و جه‌نگكردن له دژی و هه‌وڵدان بۆ كۆنترۆڵكردنی “جیهاده”. (ج) ڕۆما كه تا ئێستا داعش نه‌یتوانیوه، ناشتوانێت، ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت هانی چه‌كداره‌كانی داعش ئه‌دات له پێناو ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنیدا به‌رده‌وامبن له “جیهادكردن”.
كێ بۆ گۆڤاری ڕۆمیه ئه‌نووسێت ڕوون نییه، یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م گۆڤاره ئه‌وه‌یه كه ناوی نووسه‌ره‌كان له‌گه‌ڵ نووسینه‌كانیان دانانرێت. داعش جگه له ناوی چه‌ند نووسه‌رێكی كه‌م نه‌بێت، ناوی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌نهێنی هێشتووه‌ته‌وه كه بۆ گۆڤاری ڕۆمیه ئه‌نووسن. به‌بڕوای شاره‌زایانی بواری میدیا و پڕوپاگه‌نده، به‌نهێنی هێشتنه‌وه‌ی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه بۆ گۆڤاری “ڕۆمیه” ئه‌نووسن بۆ دوو هۆكار ئه‌گه‌ڕێته‌وه: یه‌كه‌م: نی‌ك ڕۆبنس-ئیه‌رلی پێوایه كه داعش به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی نووسه‌ره‌كانی گۆڤاری “ڕۆمیه،” ناوه‌كانیان به نهێنی ئه‌هێڵێته‌وه چونكه داعش بۆ ده‌ركردنی گۆڤاری “ڕۆمیه” سودی له‌ئه‌زمونی كاركردنی گۆڤاری “ئینسپایه‌ر”ی ئه‌لقاعیده وه‌رگرتووه. به‌هۆی ئاشكرابوونی ناوه‌كانیانه‌وه، ئه‌مه‌ریكا له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانه‌وه چه‌ند سه‌رنووسه‌رێكی گۆڤاری “ئینسپایه‌ر”ی كوشت (23). دووه‌م: هارۆره ئینگرام كه توێژه‌ره له زانكۆی نشتیمانی ئوسترالی و چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی توند‌وتیژئامێز نووسیوه، ئه‌ڵێت كه به‌نهێنی هێشتنه‌وه‌ی ناوی نوسه‌ره‌كانی گۆڤاری “ڕۆمیه”و پڕكردنی گۆڤاره‌كه به‌ده‌قه ئایینییه‌كان بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێـته‌وه كه ڕۆمیه ئه‌یه‌وێت خۆی وه‌ك مه‌رجه‌عێكی ئایینی ڕێگه‌پێدراو بخاته‌ڕوو (24)و له جیاتی شوناسێكی تاكگه‌رایی، شوناسێكی ده‌سته‌جه‌معی بۆخۆی به‌ده‌ستبهێنێت و خۆی وه‌ك زمانحاڵی “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی”؛ نه‌ك وه‌ك بیروبۆچونی چه‌ند كه‌سێك، بخاته‌ڕوو.
گۆڤاری ڕۆمیه له ڕووی دیزاینه‌وه زۆر پێشكه‌وتووه‌و به‌شێوه‌یه‌كی پرۆفشناڵانه گۆڤاره‌كه دیزاینكراوه‌و چه‌ندین وێنه به‌كواڵێتی به‌رزه‌وه له گۆڤاره‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه. له‌گه‌ڵ سه‌یركردنی گۆڤاره‌كه‌دا، هه‌ست به‌وه ئه‌كه‌یت كه گۆڤاره‌كه له‌لایه‌ن كه‌سانی به‌تواناو شاره‌زا له بواری میدیا‌و گرافیكه‌وه دیزاینكراوه.
داعش له ماوه‌ی نێوان 5ی ئه‌یلولی 2016 بۆ 7 حوزه‌یرانی 2017 ته‌نها 10 ژماره‌ی له گۆڤاری ڕۆمیه ده‌ركردووه، واتا له ماوه‌ی 9 مانگدا داعش توانیوێتی 10 ژماره له گۆڤاری ڕۆمیه له ڕێگه‌ی ناوه‌ندی ئه‌لحه‌یاتی میدیاییه‌وه به‌زمانی ئینگلیزی بڵاو بكاته‌وه. به‌و پێیه بێت داعش بۆ ده‌ركردنی هه‌ر ژماره‌یه‌ك له گۆڤاری ڕۆمیه پێویستی به 27 ڕۆژ بووه و ده‌ركردنی هه‌موو ژماره‌كانی گۆڤاره‌كه، كه 10 ژماره‌یه، 270 ڕۆژی خایاندووه.
میتۆدی توێژینه‌وه‌كه
له‌م توێژینه‌وه‌دا له‌ڕێگه و میتۆدێكی زانستییه‌وه، ئه‌مانه‌وێت وه‌ڵامی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه، “داعش چۆن پڕوپاگه‌نده‌ی له گۆڤاری ڕۆمییه‌دا به‌كارهێناوه؟” بده‌ینه‌وه. هه‌ڵبژاردنی گۆڤاری ڕۆمیه بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه (أ) گۆڤاره‌كه به‌چه‌ند زمانێكی زیندووی جیهان بڵاو ئه‌كرێـته‌وه‌و تائێستاش داعش به‌رده‌وامه له ده‌ركردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م گۆڤاره. هه‌روه‌ها به‌هۆی بێبه‌رانبه‌ربوونی (خۆڕای بوونی) گۆڤاره‌كه‌و زوو بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شێوه‌ی ئونلاین، ژماره‌یه‌كی زۆر له خه‌ڵكی ئه‌توانن وه‌ده‌ست بخه‌ن. (ب) گۆڤاره‌كه ئامرازێكی گرنگی پڕوپاگه‌نده‌یه كه داعش بۆ پڕوپاگه‌نده‌كردن بۆ ڕێكخراوه‌كه، به‌چه‌ند زمانێكی جیا جیا، به‌كاری ئه‌هێنێت.
میتۆدی به‌كارهاتوو
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی دروست و زانستییانه‌ی پرسیاری توێژینه‌وه‌كه، میتۆدی شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك به‌كارهاتووه. به پشتبه‌ستن به میتۆدی شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك، توێژه‌ر له توێژینه‌وه‌كه‌دا، له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌یه‌كی چه‌ندێتییه‌وه، شیكردنه‌وه‌ی بۆ ناوه‌ڕۆكی هه‌ر 10 ژماره‌كه‌ی گۆڤاری “ڕۆمیه” كردووه.
مه‌به‌ست له “شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك” ئه‌و “ته‌كنیكانه‌ی توێژینه‌وه‌یه كه به شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی و بابه‌تییانه، له ڕێگه‌ی شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی تێكسته‌كانه‌وه، به‌كاردێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی تێكسته‌كه” ( 25). میتۆدی “شیكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆك” به‌م دوایانه به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌لایه‌ن توێژه‌رانه‌وه به‌كاردێت بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه له بواری میدیا و ڕاگه‌یاندندا. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م میتوده، له‌لایه‌ن توێژه‌رانه‌وه به‌كاردێت بۆ ده‌ست نیشانكرد و دیاریكردنی بوونی چه‌ند وشه‌و زاراوه‌و چه‌مك و بیرۆكه‌یه‌كی دیاریكراو و تایبه‌ت له نێو تێكسته‌كاندا.
كۆكردنه‌وه‌ی داتاكان
توێژه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه‌ی ژماره 1 بۆ ژماره 10ی گۆڤاری ڕۆمیه‌ی، كه له (440) لاپه‌ڕه پێكدێت و هه‌ر 10 ژماره‌كه‌ی گۆڤاره‌كه له ماوه‌ی نێوان 5/ 9/ 2016 بۆ 7/6/2017 له‌لایه‌ن ناوه‌ندی میدیایی “ئه‌لحه‌یات”ی داعشه‌وه ده‌رچووه، هه‌ڵبژاردووه.
ناوه‌ندی میدیایی “ئه‌لحه‌یات” گۆڤاری “ڕۆمیه”ی به زمانه‌كانی جیاواز بڵاوده‌كاته‌وه. توێژه‌ر له‌م توێژینه‌وه‌دا، ڤێرژنه ئینگڵیزییه‌كه‌ی گۆڤاره‌كه‌ی به‌كارهێناوه بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كه‌ی. هه‌ر 10 ژماره‌كه‌ی گۆڤاری ڕۆمیه به‌شێوه‌ی “پی دی ئێف” له ئینته‌رنێت به‌شێوه‌ی “فری”و بێ به‌رانبه‌ر ده‌ستده‌كه‌وێت و ئه‌توانرێت له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا “داونلۆدبكرێت”. له‌دوای ده‌ستخستنی هه‌موو ژماره‌كانی گۆڤاری ڕۆمیه، توێژه‌ر به‌پشت به‌ستن به‌و پێناسه‌یه‌ی كه له‌م توێژینه‌وه‌دا بۆ چه‌مكی پڕوپاگه‌نده كراوه، به‌دووای بوونی پڕوپاگه‌نده له هه‌موو ژماره‌كانی گۆڤاره‌كه‌دا گه‌ڕاوه و شیكردنه‌وه‌ی بۆ چۆنێتی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده‌كان كردووه.
شیكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كان
شكسته سه‌ربازییه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی داعش و له‌ده‌ستدانی ئه‌و ناوچه‌و شارانه‌ی، (فه‌لوجه و ڕومادیه‌و تكریت و كۆبانی و مه‌نبه‌ج و باب وه‌ك نموونه)، كه له عێراق و سوریا له كاتی به‌هێزبوونی ڕێكخراوه‌كه‌دا كۆنترۆڵی كردبوو، له‌لایه‌كه‌وه تاكتیكه سه‌ربازییه‌كانی داعشی خسته ژێر پرسیاره‌وه و له‌لایه‌كی تره‌وه، به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی چه‌كدار و لایه‌نگرانی بۆ ڕاهاتن له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره شكستانه‌دا، داعشی ناچاركرد گۆڕانكارییه‌كی جۆری (نه‌وعی) له چۆنێتی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده و ئامانجه‌كانیدا بكات.
چه‌ند مانگێك پێش ئه‌وه‌ی داعش شاری “دابق” له باكوری حه‌له‌ب، كه له دیدی داعشدا سیمبولێكی ئاینی گرنگ بوو، له‌ده‌ست بدات، ده‌ركردنی گۆڤاری “دابقی” ڕاگرت و دواتر له 5/9/2016 گۆڤارێكی تری، به چه‌ند زمانێك له نێویشیاندا زمانی ئینگڵیزی، به ناوی گۆڤاری “ڕۆمیه”وه ده‌ركردو تا ئێستاش ئه‌م دیجیتاڵ گۆڤاره به‌شێوه‌ی مانگانه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی ئه‌لحه‌یاتی میدیاییه‌وه ده‌رئه‌كرێت. هۆكاری ڕاگرتنی گۆڤاری دابق و دواتر ده‌ركردنی گۆڤاری ڕۆمیه بۆ ئه‌وه ئه‌گه‌ڕێته‌وه كه داعش ویستی چه‌كدار و لایه‌نگرانی، له ڕووی ده‌روونیه‌وه، ئاماده بكات بۆ له ده‌ستدانی شاری دابق و سه‌رنجیان به‌ره‌و شاری ڕۆما ڕابكێشێت.
داعش كاتێك ده‌ستی به ده‌ركردنی گۆڤاری ڕۆمیه كرد كه نزیكه‌ی نیوه‌ی ڕووبه‌ری “ده‌وڵه‌ت”ه‌كه‌ی له ده‌ستدابوو و هه‌روه‌ها توشی چه‌ندین شكستی سه‌ربازی، له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگدا، ببوو. به‌هۆی لاوازبوونی ڕێكخراوه‌كه له ڕووی سه‌ربازییه‌وه، داعش به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ شكسته سه‌ربازی و له‌ده‌ستدانی به‌شێكی زۆر له ڕووبه‌ری “خه‌لافه‌ت”ه‌كه‌ی، به‌پێویستی زانی گۆڕانكارییه‌ك له (أ) چۆنێتی به‌كارهێنانی پڕوپاگه‌نده له گۆڤاری ڕۆمیه و (ب) ئه‌و كه‌سانه‌ی كه پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی ئاراسته ئه‌كرێت (وه‌رگره‌كان)، تا ڕاده‌یه‌كیش، له ئامانج و ناوه‌ڕۆكی پڕوپاگه‌نده‌كه‌دا بكات.
ئه‌م دۆڕانانه‌ی داعش له جه‌نگه‌كاندا له‌لایه‌كه‌وه ئه‌بێته هۆی دابه‌زینی مۆراڵی “سه‌ربازه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” و تێكشكاندنی ئیراده‌یان، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌بێته هۆی بێ ئومێدبوونی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی داعش له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی، ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا وه‌ك نموونه. داعش به‌شێك له پڕوپاگه‌نده‌كانی گۆڤاری ڕۆمیه‌ی بۆ ڕێگریكردن له تێكشكانی ئیراده‌ی چه‌كداره‌كانی و به‌خشینی ئومێد به لایه‌نگره بێ ئومێده‌كانی له جیهاندا ته‌رخانكردووه.
یه‌كه‌م گۆڕانكاری جۆری (نه‌وعی) كه له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا ئه‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه داعش شكست و دۆڕانه‌كانی خۆی، نه‌ك دووژمنه‌كانی، كردووه به‌بابه‌تی به‌شێك له پڕوپاگه‌نده‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكات له تێكشكانی ئیراده‌ی چه‌كداره‌كانی و هه‌روه‌ها پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی ئاراسته‌ی چه‌كداره‌كانی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی، نه‌ك مسوڵمانانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا، كردووه‌و چه‌كداره‌كانی خۆی كردووه به وه‌ركری پڕوپاگه‌نده‌كانی. بۆ نموونه داعش له ژماره 3ی گۆڤاری “ڕۆمیه”دا ، كه له 11/ 11/ 2016 بڵاوكرایه‌وه، – واتا بیست و پێنج ڕۆژ دوای كۆنترۆڵكردنی شاری دابق له‌لایه‌ن هێزه‌كانی “قه‌ڵغانی فورات”ی سه‌ر به توركیاوه له 16/ 10/ 2016،- له ڕێگه‌ی نووسینێكه‌وه به ناونیشانی “به‌ره‌و داستانه گه‌وره‌كه‌ی دابق،” باس له جه‌نگه‌كه‌ی دابق و دۆڕاندنی داعش له جه‌نگه‌كه‌دا ئه‌كات. وه‌ك له ناونیشانی نووسینه‌كه‌دا ده‌رئه‌كه‌وێت، داعش جه‌نگه‌كه‌ی شاری “دابق”ی به‌و داستانه نه‌زانیوه كه په‌یامبه‌ر له یه‌كێك له فه‌رمووده‌كانیدا باسی كردووه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جه‌نگه ئه‌و جه‌نگه گه‌وره‌یه نییه كه مسوڵمانان تێیدا به‌سه‌ر “كافره‌كان”دا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ستئه‌هێنن، بۆیه دۆڕاندنی جه‌نگه‌كه، له‌لای داعش، شتێكی ئاسایی و “تاقیكردنه‌وه‌ییه‌كی خودایی” و “نیشانه‌ی نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنه.” داعش له نووسینه‌كه‌یدا، “به‌ره‌و داستانه گه‌وره‌كه‌ی دابق،” باوه‌ڕنه‌كردن به‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ی خۆی به “دووڕووی” ئه‌زانێت. هه‌روه‌ها “خاچپه‌رستان”و هاوپه‌یمانه‌كانیان ئاگه‌دار ئه‌كاته‌وه كه‌وا نه‌زانن چه‌كداره‌كانی داعش به‌هۆی شكسته سه‌ربازییه‌كه‌یان له جه‌نگی شاری دابقدا، توشی شكستی ده‌روونی و داڕوخانی ئیراده ئه‌بن چونكه “سه‌ربازه‌كانی خه‌لافه‌ت” ئه‌توان و ئه‌زانن جیاوازی له نێوانی جه‌نگه بچوكه‌كه‌ی دابق (كه ڕوویداو داعش تێیدا شاره‌كه‌ی له ده‌ستداو دۆڕا)و داستانه گه‌وره‌كه‌ی دابقدا (كه تا ئێستا ڕووینه‌داوه) بكه‌ن. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر “ده‌وڵه‌تی ئیسلامی” له شاری دابق پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌وا به‌و مانایه نییه كه ڕێكخراوه‌كه باوه‌ڕی به‌سه‌ركه‌وتنی مسوڵمانان له جه‌نگه كه‌وره‌كه‌ی دابق، كه له پێش هاتنی قیامه‌ت ڕووئه‌دات، نییه، به‌ڵكو، به‌پێ نووسینه‌كه بێت، شكستی داعش و چه‌شتنی ناڕه‌حه‌تی له‌لایه‌ن چه‌كداره‌كانیانه‌وه وه‌كو پێشمه‌رجێك ئه‌بینن بۆ هاتن و نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی “جه‌نگه گه‌وره‌كه‌ی” دابق و سه‌ركه‌وتنی مسوڵمانان تێدا به‌سه‌ر بێ باوه‌ڕاندا.
له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا داعش، به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ریته‌كانی پێشوتریه‌وه، له ڕێگه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی “نه‌رم”و “توندوتیژ ئامێزه‌وه” پڕوپاگه‌نده بۆ “هیجره‌ت”و كۆچكردنی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی له ناوچه‌كانی “دارولكوفر”ه‌وه بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی “دار و لئیسلام” ناكات و كۆچكردن، وه‌ك جاران، به پێشمه‌رجی جیهادكردن نازانێت. به‌پێچه‌وانه‌وه، داعش له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا، پڕوپاگه‌نده بۆ مانه‌وه‌ی لایه‌نگرانی له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی “خه‌لافه‌ت”ه‌كه‌ی ئه‌كات و داوایان لێده‌كات “جیهاد” له دژی حكومه‌ت و هاوڵاتیانی وڵاته‌كانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن. بۆ نموونه داعش له ژماره 1ی گۆڤاری “ڕۆمیه”دا له نووسینێكیدا به ناوی “خوێنی بێ باوه‌ڕان حه‌ڵاڵه (ڕشتنی ڕێگه پێدراوه)، ئه‌دی ئێوه‌ش بیڕێژن،” خوێنی بێ باوه‌ڕان بۆ لایه‌نگرانیان له جیهاندا حه‌ڵاڵ ئه‌كات و پاشان دوا له‌لایه‌نگرانیان، ئه‌وانه‌ی كه له “دارولكوفر” ئه‌ژین، ئه‌كات، كافره‌كان (هاوڵاتیان) بكوژن و كوشتنی بێ باوه‌ڕان – به‌بێ جیاوازیكردن له نێوان پۆلیس و مه‌ده‌نی و گه‌وره و بچوك، نێر و مێ- “به‌جۆرێك له جۆره‌كانی خودا په‌رستی” و “ئه‌ركی مسوڵمانان” ئه‌زانێت. داعش له كۆتای نووسینه‌كه‌یدا، له ڕێگه‌ی پرسیارێكه‌وه پاساو بۆ ئه‌مكاره (ڕشتنی خوێنی بێ باوه‌ڕانی مه‌ده‌نی له “دارولكوفر”) ئه‌هێنێته‌وه‌و ئه‌نووسێت “چۆن ئه‌كرێت بێ باوه‌ڕان له ئاشتی و ئارامیدا بژین، كه‌چی مسوڵمانانی هه‌موو جیهان (به‌هۆی بێ باوه‌ڕانه‌وه) له نائارامی و ترسا بژین؟” (گۆڤاری ڕۆمیه، ژماره 1، لاپه‌ڕه 36). دوای ئه‌وه‌ی داعش خوێنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی به‌نێوی بێ باوه‌ڕبوونه‌وه بۆ ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان له “دارولكوفر” حه‌ڵاڵ ئه‌كات، ڕێكخراوه‌كه، وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانی و به‌مه‌به‌ستی به‌سه‌ركه‌وتووی ئه‌نجامدانی “جیهاد” له دژی هاوڵاتیانی “دارولكوفر”، له ڕێگه‌ی زنجیره نووسینێك به‌ناوی “ته‌كتیكه‌كانی تیرۆره‌وه” له‌ژماره‌كانی 2 و 3 و 5 و 9ی گۆڤاری ڕۆمیه‌دا ڕێنمایی و زانیاری و ته‌كنیكه‌كانی چۆنێتی كوشتنی هاوڵاتیانی “دارولكوفر” بۆ ئه‌ندام ولایه‌نگرانیان ڕوونه‌كاته‌وه.
له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه جۆرییه‌ی كه، له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا، به‌سه‌ر شێواز‌و چۆنێتی به‌كارهێنان و ناوه‌ڕۆكی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعشدا هاتووه، داعش توانیوێتی به‌رده‌وامی به شێوازه كۆنه‌كه‌ی پڕوپاگه‌نده بدات و وه‌كو پێشوتر، له ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی چالاكییه سه‌ربازییه‌كانییه‌وه، پڕوپاگه‌نده بۆ ڕێكخراوه‌كه بكات. بۆ نموونه داعش به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نانه چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی- هه‌میشه ئه‌وانه‌ی كه تێیدا سه‌ركه‌وتوو بووه- ، له هه‌موو ژماره‌كانی گۆڤاری ڕۆمیه‌دا (كه 10 ژماره‌یه)، به‌ناوی “ئۆپه‌راسیۆنه‌كانه‌وه” كردووه به بابه‌تی به‌شێك له پڕوپاگه‌نده‌كانی.
كۆتایی
داعش وه‌ك زۆربه‌ی زۆری گرووپه جهادییه‌كانی تری جیهان بایه‌خی به پڕوپاگه‌نده‌داوه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی وه‌ك چه‌ك و ئامرازێكی گرنگ بینیوه بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌شێك له ئامانجه‌كانی یان، هه‌ندێك جار، بۆ پاراستنی به‌شێك له ئامانجه وه‌ده‌ستهاتووه‌كانی.
دۆڕانه یه‌ك له‌دوای یه‌ك و شكسته سه‌ربازیه زۆره‌كانی داعش، به‌رپرسانی ڕێكخراوه‌كه‌ی، به‌تایبه‌تی به‌رپرسانی دیوانی ڕاگه‌یاندنی، ناچاركرد گۆڕانكاری له پڕوپاگه‌نده‌كردندا بكه‌ن و ده‌ست بۆ قۆناغێكی نوێ له پڕوپاگه‌نده‌كردن به‌رن. ئه‌م گۆڕانگاریانه‌ی داعش له بواری پڕوپاگه‌نده‌كردندا، به‌ڕوونی، له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. داعش بۆ یه‌كه‌م جار له گۆڤاری ڕۆمیه‌دا دۆڕان و شكسته سه‌ربازییه‌كانی خۆی، نه‌ك شكستی دووژمن و نه‌یاره‌كانی، كرد به‌بابه‌تی پڕوپاگه‌نده و پڕوپاگه‌نده‌كه‌ی، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی مۆڕاڵی جه‌نگكردنی چه‌كداره‌كانی و ڕێگریكردن له تێكشانی ئیراده‌یان، ئاراسته‌ی شه‌ڕكه‌ره‌كانی خۆیكرد.
سه‌رچاوه‌كان
(1) Ross, S. R. (1999). Propaganda and Art: Philosophical analysis.
(2) Ross, S. R. (1999). Propaganda and Art: Philosophical analysis.
(3) Ross, S. R. (1999). Propaganda and Art: Philosophical analysis.
(4) Ali, Muh-Rukh. (2015). ISIS and Propaganda: How ISIS Exploits Women. Retrieved from https://reutersinstitute.politics.ox.ac.uk/sites/default/files/Isis%20and%20Propaganda-%20How%20Isis%20Exploits%20Women.pdf
(5) Doob, W. Leonard. (1935). Propaganda, Its Psychology and Techniques. NY: Holt.
(6) Levin, W. A. (1999). The Efficacy of Propaganda in Global Conflict during the Twentieth Century: When IS Propaganda Likely to be Effective?
(7) Ross, S. R. (1999). Propaganda and Art: Philosophical analysis.
(8) Dearden, Lizzie. (2017). Isis claims propaganda ‘more powerful than atomic bomb’ as group forms strategy for survival. Retrieved from http://www.independent.co.uk/news/world/middle-east/isis-propaganda-atomic-bomb-survival-strategy-iraq-syria-islamic-state-icsr-report-amaq-rumiyah-al-a7579511.html
(9) Spencer, A. N. (2016). The Hidden Face of Terrorism: An Analysis of the Women in Islamic State. Journal for strategic security, 9 (3), 74-98. Retrieved from http://scholarcommons.usf.edu/jss/vol9/iss3/6/
(10) Fernandez, A. M. (2015). Here to stay and growing: Combatting ISIS propaganda networks. Retrieved from https://www.brookings.edu/research/here-to-stay-and-growing-combating-isis-propaganda-networks
(11) Wired. (2016). Why ISIS is winning the social media war? Retrieved from https://www.wired.com/2016/03/isis-winning-social-media-war-heres-beat/
(12) Geller, Eric. (2016). Why ISIS is winning the online propaganda war. Retrieved from https://www.dailydot.com/layer8/isis-terrorism-social-media-internet-countering-violent-extremism
(13) Geller, Eric. (2016). Why ISIS is winning the online propaganda war. Retrieved from https://www.dailydot.com/layer8/isis-terrorism-social-media-internet-countering-violent-extremism
(14) Fernandez, A. M. (2015). Here to stay and growing: Combatting ISIS propaganda networks. Retrieved from https://www.brookings.edu/research/here-to-stay-and-growing-combating-isis-propaganda-networks
(15) Fernandez, A. M. (2015). Here to stay and growing: Combatting ISIS propaganda networks. Retrieved from https://www.brookings.edu/research/here-to-stay-and-growing-combating-isis-propaganda-networks
(16) Fernandez, A. M. (2015). Here to stay and growing: Combatting ISIS propaganda networks. Retrieved from https://www.brookings.edu/research/here-to-stay-and-growing-combating-isis-propaganda-networks
(17) Khilafatime. Emir of the Islamic State of Iraq, al-Shaykh Abu Omar al-Baghdadi. Retrieved from https://khilafatimes.wordpress.com/leadership/obaghdadi/
(18) Roggio, Bill. (2010). US and Iraqi forces kill Al Masri and Baghdadi, al Qaeda in Iraqs top two leaders. Retrieved from http://www.longwarjournal.org/archives/2010/04/al_qaeda_in_iraqs_to.php
(19) BBC NEWS. (2015). What is ‘Islamic State’? Retrieved from http://www.bbc.com/news/world-middle-east-29052144
(20) Bradley, M. (2014). ISIS Declares New Islamist Caliphate. Retrieved from http://www.wsj.com/articles/isis-declares-new-islamist-caliphate-
(21) Callimachi, R. (2016). A News Agency With Scoops Directly From ISIS, and a Veneer of Objectivity. Retrieved from http://www.nytimes.com/2016/01/15/world/middleeast/a-news-agency- with-scoops-directly-from-isis-and-a-veneer-of-objectivity.html?_r=0
(22) Weiss, Michael. (2016). An ISIS Plot to Blow Up Notre Dame Cathedral—and Rule the World? Retrieved from http://www.thedailybeast.com/an-isis-plot-to-blow-up-notre-dame-cathedraland-rule-the-world
(23) Robins-Early, E. (2016). 4 Things To Know About Dabiq, ISIS Slick PropagandaMagazine. Retrieved from http://www.huffingtonpost.com/entry/isis-dabiq-magazine_us_56a7e6cfe4b04936c0e8938a
(24) Ingram, H., J. (2016). An analysis of Islamic States Dabiq magazine.
Australian Journal of Political Science, DOI: 10.1080/10361146.2016.1174188
(25) Beaulieu, Daniel Ryan, “A Framing Analysis: The NBA’s “One-And-Done”Rule” (2012). Graduate Theses and Dissertations.http://scholarcommons.usf.edu/etd/4288
توێژينه‌وه: قاره‌مان عه‌لى
kurdistanc.com:سه‌رچاوه
ژماره‌ی خوێنراوه :13
تعليقات
إرسال تعليق