میدیاو بەرپرس و سەرکردە!

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر:

چ کاتێک پەیامی سەرکردەکان هەڵەی لێدەکەوێتەوە؟. کەی پەیامی بەرپرسەکان دەکەوێتە بۆسەی خەڵکەوە؟. بۆچی بەرپرسەکان دەکەونە تەلەی رۆژنامەنووسانەوە؟

2354325325325زۆرجار پەیامی بەرپرسەکان لەبۆنەو چاوپێکەتن و کۆبوونەوە فەرمی و نافەرمییەکان، تووشی هەڵەو سەرئێشە دەبنەوە، یان هیچ نەبێ بێ کاریگەر دەمێننەوە. لەمیدیادا وەک دەوترێت:”میدیا وەک رمێکی دوو سەرە، نەیبڕێت، دەتبڕێت”.

لەدوای راپەرینەوەو تا ئێستا زۆرێک لە پەیام و چاوپێکەوتنی بەرپرسەکان، چەند بارەو بێ ستراتیژو بێ رەهەندو لاوازن، هێندەی بێ هێز دەمێننەوە، هێندە ناچنە خانەی دۆزینەوەی رێگا چارەو گڕێ کوێرەکان. بەشێک پەیوەندی بە باوەڕبوونی بەرپرسەکانەوە بۆ هێزی میدیا هەیەو بەشەکەی تر پەیوەندی بەو لێشاوە لەراوێژکارو بەرپرسانەی میدیا هەیە، کەوا بەشێکیان زۆر لەڕو لاوازن، کە لەبەرامبەر رێنوێنیکردن و ئامادەکردنی پەیامی بەرپرسەکانیان، نەوەک دەرهەقی نەخشە رێگاو ئامانج و ستراتیژی بابەتە هەستیارەکان نایێن، بەڵکو زۆرجار لەتوانایاندانیە رستەو پەرەگراف و تەنانەت ووشە دروست بکەن.
ووشەی هەر بەرپرسێک، هەستی گشتی تێکشکاند، ئەوا دەبێت ئەو راستیە بزانێت، میدیاکەی هەژارە. ئەگەر دەقێک نەیتوانی کۆمۆنیکەیشن لەنێوان ئایدیۆلۆجیە جیاوازەکان و نەتەوەو ئاین و تیرەو هۆزو ناوچە جیاوازەکان دروست بکات، دەبێت ئەو بەرپرسە چاوێک بە غیاب و نەبوونی هێزی میدیایدا بخشێنێتەوە.
سەرکردەی دووربین، کە قسەیەک لەبەردەم میدیاکان دەکات، دەبێت ووریای کەمین و تەڵەی رۆژنامەنووسان بێت و هەمیشە هەناسەی پەیامەکانی دوور مەودابێت.

ئایا لەخۆمان پرسیوە، پەیامێکی ساڵی 91 جیاوازی لەگەڵ پەیامێکی میدیایی ئێستا چیە؟ هەر کاتێک باوەڕمان بەجیاوازی هەبوو، ئەو کاتە باوەڕیمان بۆ ئەو جۆرە میدیایە دەگۆڕێت!

چاوپێکەوتن و لێدوانەکان، تەنها فڕێ دان و لەکۆڵ خۆکردنەوەی ووشە نین، بەڵکو پێویستە یەک دونیا رەهەندی لێ بکەوێتەوە. وەک دەلێن:”قسە بیچێژە، بیبێژە، ئنجا بیرێژە”. کەئەمە زیاتر کاری بەرپرسەکانی میدیایە. هەر سەرکردەیەک باوەڕی بەهێزی میدیایی هەبوو، نەوەک پروپاگەندە، بێگومان تروسکایی لەئایندەی ئەو سەرکردەیە بەدی دەکرێت. لەناوەرۆکی لێدوان و تێکست و قسەکاندا پێویستە، راگرتنی هەستی گشتی، (Statement -پێراگەیاندن)کە لەمێشکی وەرگر بمێنێتەوە، فکرەو ووشەسازی، بابەتی نوێ، هەبێت، تا خەڵک بیری لێ بکاتەوە، هەرگیز قسەی دووبارەو زانیارییەکان هەژار نەبێت، چونکە پەیامی بەتوانا، کەسێتی مرۆڤەکان دەردەخەن، بۆیە ناشێت بەرپرسەکان، خۆیان بۆ بەرپرسێکی میدیای ناحاڵی لەمیدیای پڕۆفیشنالی، کەنارگیر بخەن!.

بەرپرسەکان، تا دەتوانن سوود لەدەیان کەسی بەتوانای وڵاتەکەمان ببینن، یاخود وەک چۆن زۆرێک لەکەرەستەو کەڵوپەڵ و کەسی لێهاتوو بۆ بابەتەکانی تر لەوڵاتانی تر هاوردە دەکرێن و دەهێندرێن، بەم شێوەیە دەیان راوێژکارو بەرپرسی میدیایی بینایی لە وڵاتان بهێندرێن! چونکە بێگومان ئەگەر بەنیازی بەیانی بین، راستە” گەر کەلەشێریش نەبێت، رۆژ هەر دەبێتەوە”، بەڵام دەبێت بزانین، چ جۆرە رۆژێک دەبێتەوە!

تێبینی: ئەو نوسینەم بۆ ئامۆژگارییە کەوا کاری ئێمەیە، تکایە بۆ راپۆرت نووسین و نان و پیاز پێ خواردن نیە، تا دیسان بەرپرسەکانمان بەهەڵە و بەلارێدا ببەین.

د. سامان جه‌لال

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :3

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات