کوژرانی جەمال خاشقچی و کۆتایی زەمەنی موراعات

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر:

ئەگەر کوژرانی جەمال خاشقچى یەکلاببێتەوە، ئەوە دەبێتە وێستگەیەکی گرنگ و وانەیەکی یەکجار بەنرخ بۆ هەموو ئەوانەی ویست و نیازی چاکسازیان هەیە لەو ناوچەدا.

43283021_709738286060652_8864698351598174208_n

خاشقچى گەورە رۆژنامەنوسێکی سعودی بوو کە ئۆپۆزسیۆن نەبوو، دژی دەسەڵاتدارانیش نەبوو، تەنها لە هەندێ بابەت و سیاساتی دەرەکیدا ناکۆک بوو لەگەڵیان، وە ئەوەندەش رێزی خۆی دەگرت کە دەربار و کۆیلە نەبێت. جەمال خاشقچى پێیوابوو سیاسەتی دژایەتی بەهاری عەرەبيی و ئیخوان موسلمین هەڵەیە و دەیوت کە سعودیە و ئیخوان شتی زۆریان هەیە هاوبەش بێ و ئەم دژایەتیە بێ حەد و حیسابەی سعودیە بۆ ئیخوان هەڵەیە. ئەوەیشی بە ئەدەب و هەزار و یەک خاترگرتنەوە ئەوت.

ئەو کاتەی بن سەلمان هەڵمەتی دەستگیرکردنی هەمو ئەو کەسایەتیانەی دەستپێکرد کە بەشێک نەبوون لە سوپای ماستاوچیان و سەرشۆران، خاشقچى لە دەرەوەی وڵات بوو. ئەوە وایکرد رزگاری ببێت. ئیدی دوای ئەوەش نەگەرایەوە ، رۆشتە ئەمریکا و لەوێ نیشتەجێ بوو. خاشقچى کە یەکێک لە ناسراوترین رۆژنامەنوسانی عەرەبە بە ماوەیەکی کەم لە رۆژنامەی واشنتنپۆست گۆشەی پێدراو لەوێوە راوبۆچونەکانی بە زمانی ئینگلیزيی بڵاودەکرانەوە. تەنها کاریشی رەخنەی بونیادنەر و دڵسۆزانە بوو بۆ پادشا و وەلی عەهدی سعودی.

ساڵی پار دەسەڵاتدارانی سعودیيە ژنەکەی جەمال خاشقچىان ناچارکرد کە داوای تەڵاق لە خاشقچى بکات. ئەمساڵ چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، خاشقچى لەگەڵ ژنێکی تورک خێزان پێکدەهێنی، بەڵام لە تورکیا بۆ ئەوەی بتوانی ژن بهێنی دەبێ بیسەلمێنی کە ژنی یەکەمت تەڵاقداوە . خاشقچى بەمەبەستی وەرگرتنی دۆکیومێنتی یاسایی لە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە تورکیا سەردانی کۆنسوڵخانەی سعودیە دەکات. پاش پێشوازی و بەخێرهێنانێکی گەرم داوای لێدەکەن دوای چەند رۆژێک بگەڕێتەوە کۆنسوڵخانەکە بۆ ئەوەی کارەکانی بۆ تەواو بکەن.

خاشقچى کە بۆ جاری دوەم دەگەڕیتەوە کۆنسوڵخانە بەڵام دڵی خەبەریداوە کە شتێک بەرێوەیە، پێش رۆشتنە ژورەوەی مۆبایلەکەی لای دەستگیرانەکەی دادەنێ و پێیشی دەڵێ کە ئەگەر لە ماوەی سەعاتێکدا دەنگی نەبوو، پەیوەندی بە رۆژنامەنوسان و دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بکات. ئەوە بوو پاش تێپەڕێنی چەند سەعاتێ خاشقچى لە کۆنسوڵخانەکە نایەتە دەرەوەو کە لە پاسەوانەکانیش دەپرسێ دەڵێن کە ئەو کۆنسوڵخانەی جێهێشتووە.

پاش چەند رۆژێ لە دیارنەمانی خاشقچى ، تەواوی گەورە رۆژنامەنوسان و دەزگاکانی راگەیاندن لە رۆژئاوا لەناویاندا تۆماس فریدمان کە دۆستێکی نزیکی محەمەد بن سەلمانە هاتنە دەنگ و داوای دەستبەجێ رونکردنەوەی چارەنوسی خاشقچىان کرد.

ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی جیاواز بلاودەبوویەوە لەوەی کە خاشقچى رفێندراوە بۆ سعودیە تا ئەوەی لەناو کۆنسوڵخانەکەدایە، بەڵام دواهەمین زانیاری ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی تورکیا دڵنیابونەتەوە لەوەی جەمال خاشقچى لەناو کۆنسوڵخانەکەدا کوژراوە. چەند سەرچاوەیەکی تورکيی و عەرەبيی باس لەوە دەکەن کە خاشقچى پێش کوژرانی بەجۆرێکی وەحشی ئەشکەنجەدراوە و دواتریش پارچەی پارچە پارچەکراوە و بەو شێوازە لە کۆنسوڵخانەکە دەرهێنراوە.

خاشقچى پیاوێکی ژیر بوو، یەکێک لە داواکاریەکانی هەمیشە ئەوە بوو کە داوایدەکرد چالاکوانان و خەڵكە باشەکە خۆیان توشی زیندان نەکەن. دەیوت هەرگیز ئازایەتی نیيە زیندانی بکرێن و بەشێکی زۆری ژیانتان لەدەستبدەن و لە بەرهەم و کارکردن دوربخرێنەوە ، دەیشیوت تا دەتوانن خۆتان لە زیندان دوورخەنەوە، ئەو رەخنەی زۆریشی لە سەید قوتب هەبوو، پێیوابوو لەژێر کاریگەری ئەشکەنجەی زینداندا هەندێک بیرۆکەی توند و رادیکاڵی بۆ هاتوەو پێیيوابوو موراعاتکردن هێڵیکی سیاسەتی سەرکەوتووترە, لەگەڵ سیاسەتی موراعاتکردن بوو، دژی سیاسەتی روبەروبونەوە بوو، پێیوابوو بەرهەمەکەی هەر زیندان و لەدەستدانی هەزاران توانا و بەهرەی گەنجانی ئیسلامیە.

خاشقچى هەمیشە پێیوابوو دەبێ ئاسایش و سەلامەتی سعودیيە وەک وڵاتێکی گەورەی سوننی بپارێزرێ و زۆر خەمی دروستکردنی هێزێکی سوننی بوو لەنێوان تورکیا و سعودیە، بەڵام وا دەردەکەوێ چارەنوسی قوتب و خاشقچى کە خاوەنی دوو دیدگای زۆر جیاواز و دوو شێوازی کارکردنی زۆر جودا بوون، وەک یەک بێ!

سعودیە و ئیمارات چاویان بە خاشقچى هەڵنەدەهات نەک لەبەر ئەوەی زۆر توند و رادیکاڵ بێ، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەی رۆژنامەنوسێکی خاوەن کاریگەری بوو لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و بابەتەکانی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریکا و ئەوروپاوە دەخوێنرانەوە و ماستاوچی و عەبد و کۆیلە نەبوو.

لەبیریشتان نەچێ، هیچ ئیسلامیەک یان دۆستێکی ئیسلامی هێندەی خاشقچى لە رۆژئاوا دۆست و شەبەکەی ناسراوی نیە، یەعنی ئەگەر پێتان وابێ دیکتاتۆرانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەستت لێ دەپارێزن لەبەر ئەوەی دۆستی بەهێزت هەیە لە دەرەوە، ئەویش هەڵەیە. تاکە چارەسەر ئەوەیە پنتەکانی هێز بگریتە دەست ! هێزت نەبوو، ئەو کات ئیشێکت نابێ خۆخۆری و رەخنە لە خۆگرتن و پرۆژەی خەیاڵی و فانتازیا نەبێ! کە هێزت نەبوو، هێزی ئابووری و سەربازی و سیاسی و دیبلۆماسی، لە جەنگەڵی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا ناتوانی ئازادانە و سەربەرزانە بژیت.

هەموو ئەوانەی بە نیەتی باش و دڵسۆزی بۆ نیشتیمان و نەتەوە موراعات و موهادەنەی دەسەڵاتدارانی ملهوڕ دەکەن دەبێ لە جەمال خاشقچىەوە تێبگەن! ئەگەر بڕیارە بمرین با لەکاتی جەنگان بۆ مەبدەئەکانمان بمرین. ئەوەیان بەرهەمەکەی زۆر زیاتر دەبێ! خودای گەورە جەمال خاشقچى بەشەهید قبوڵ بکات.

دانا نەوزەر جاف

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :1

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات