ئایا لە مەرگەساتەکەی ماڵی سێوەدا تەلەفزیۆن ڕۆڵی هەبوو؟!

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر:

حەوت ساڵە حەوت سەعات سەیری تەلەفزیۆنم نەکردووە، دوو ساڵی سەرەتا لە ماڵێکدا بووم ئەو ئامێرەی تێدا نەبوو -لێرە کە خانوو بەکرێ دەگریت بە کەرەسەتەکانی ناوماڵەوەیە- … جارجار حەز دەکەم بپرسم؛ ئەوە زیانە گەورەیە چییە کە من لە تەماشانەکردنی تەلەفزیۆندا کردوومە و ئەوانی تر نەیان کردووە؟ ئەو گەوهەرە چییە لە سەیرنەکردنی ئەم سنوقەوە من لەکیسم چووە و خەڵکی تر پێی شادوشکور بووە..؟

48944833_2191332704231621_243879886723219456_n

یەکێک لە بەناوبانگترین دروشمەکانی شۆڕشی 68ی خوێندکارانی فەرەنسا بریتی بوو لەوەی (تەلەفزیۆنەکانتان بکوژێننەوە و چاوەکانتان بکەنەوە!) تەلەفزیۆن دەتوانێ بتکات بە شتێک کە ئێستا ئەو شتە نیت… من ئیسلامیی نیم، بەڵام لە مەرگەساتی سوتانی ژن و سێ منداڵەکەی چەمچەماڵدا؛ ئەگەرچی مرۆڤ پێچەڵپیچە و هەزاران لۆچی هەیە، ئەگەرچی هەر تاوانێک سەدان مۆتیڤی هەیە… لێ ناتوانم ڕۆڵی میدیا، بەتایبەت تیڤی، بەتایبەتتر درامای تورکی، نادیدە بگرم… میدیایەکی ئاراستەکراو ئیش دەکات، تۆ بکات بەوەی کە خۆی دەیەوێ… بیرۆکەت بداتێ، ژیانی دەرەوەی هاوسەرێتی لەناو هاوسەرێتیدا تاقیبکەیتەوە… سیناریۆکە ئەوەندە بەچێژ دادەڕێژێ، کە تۆ بەدزییەوە لە سوچە تاریکەکانی مێشکی خۆتدا حەز بکەیت تۆیش تاقیبکەیتەوە!
بەگشتی مرۆڤ لەبەرامبەر تەلەفزیۆن و سەتەلایتدا ون دەبێت، بونیام کاتێ خۆی دەدات بەدەست هەزاران کەناڵەوە، وەک ئەوە وایە خۆی دابێت بەدەست گێژووڵەکەیەوە کە لە بازنەیەکی بۆشدا هەر بیخولێنێتەوە و بیخولێنێتەوە و بیخولێنێتەوە و نەگات بە هیچ…. ئادەمیزاد بوونەوەرێکە توانای هەڵبژاردنی هەیە و ئەمەش گرنگترین خەسڵەتێتی، بەڵام هەر ئەم بوونەوەرە لەبەردەم هەڵبژاردەی زۆردا؛ ون دەبێ! سەیر نییە کە هەموو ئاینەکان دێن؛ خۆیان وەک سیڕاتلموستەقیمەکە دەناسێنن. چونکە ئەوەی ئاینی داڕشتووە دەزانێ؛ هیچ شتێ وەک ڕێگای زۆر سەرم لەم مەخلوقە ناشێوێنێت… هانز جۆرج گادامێر فەیلەسوفێکی ئەڵمانی بوو، تەمەنێکی درێژ ژیا و گەیشتە ٩٩ ساڵ، ڕەنگە بۆت سەیربێت ئەگەر بزانیت؛ لە ژیانیدا سەیری تەلەفزێۆنی نەکرد!
تۆیش کەمێک تەماشاکردنی تەلەفزێۆن کەم بکەرەوە، هەرچییەکت لەدەستدا من بۆت دەبژێرم..!

توانا ئه‌مين

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :22

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات