ئێن ئاڕ تی هەڵەیە!

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:

گریمان ئێن ئاڕ تی هەڵەیە و نەدەبوایە توڕەیی هاوڵاتییەکی ئەم هەرێمەی لە قاز و کەڵەشێر دزەکانی دوێنێ و نەوت دزەکانی ئەمڕۆ بڵاوبکردایەتەوە. گریمان ئێمە چەواشەکارین! بەهۆی بڵاوکردنەوەی هێرشی هاوڵاتییەکەوە بۆ سەر بەرپرسانی ئەمڕۆی وێرانکردنی وڵات و ناشرینکردنی خەباتی دوێنێی شاخ.

51112771_2096547913764094_5468504879850848256_o

گەر ئێمە هەڵەین لە بڵاوکردنەوەی چەند خولەکێکی قسەی هاوڵاتییەکی توڕە و پڕی ئەم هەرێمە، ئەوا ئامادەین لەبەردەم یاسا و دادگادا (سەرەڕای تێبینی و سەرنجەکانمان لەسەری) سزای خۆمان وەربگرین.

پێشمەرگە دێرینەکان لای ئێمە خەباتکاری پیرۆزن و بەهۆی ئەوانەوە میللەتی کورد توانیویەتی ئازادی بەدەستبهێنێت، ئەوانن سیمبولی بەرەنگاربونەوەی زوڵم و زۆرداریبوون لەسەردەمی بەعسدا. بەڵام دوای خۆپیشاندان و هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئێن ئاڕ تی داواکارم لێیان وەڵامی ئەم چەند پرسیارە بدەنەوە!

یەکەم: بۆ ئەو بەرپرسانەی دوێنێ کەڵەشێر و قازیان دەدزی و ئەمڕۆش نەوتی میللەت دەدزن خۆیان بەشداری خۆپیشاندانەکەیان نەکرد؟

دووەم: ئەو کاتەی موچەکانتان پاشەکەوت دەکرا و بەسێ مانگ جارێ موچەتان وەردەگرت ئێن ئاڕ تی بوو پشتیوانی کردن یان بەپرسە کەڵشێر و قاز و قەل و نەوت خۆرەکانی دوێنێ و ئەمڕۆ؟

سێهەم: ئەو کاتەی بەرپرسانی ئەمڕۆ نیوەی خاکی کوردستانیان فرۆشت و دەیان ڕۆڵەی ئەم میللەتەیان بەکوشتدا ئێوە لەکوێ بوون، بۆ خۆپیشاندانتان نەکرد؟

چوارەم: بیرتان لەوەکردووەتەوە وەک چۆن ئێستا موچەی خۆشتان لە نەوتەکە وەرناگرن، ئەوساش لە شاخ کەڵشێر و قازە دزراوەکان هەر بۆ خێمەی بەرپرسەکان بوو نەک ئێوەی خەباتکار؟

پێنجەم: بیرتان لە جیاوازی نێوان ژیانی منداڵ و خێزانەکانی خۆتان و بەرپرسەکانی دوێنێ و ئەمڕۆتان کردووەتەوە؟

شەشەم: لەبیرتانە ئەوەی دوێنێ ئێوە کردتان لەپێناو ئازادی میللەتێکدا بوو؟ ئەمڕۆ مەهێڵن بەکاربهێنرێن بۆ شەڕی سەرکوتکردنی ئازادی!

حەوتەم: پێش ئەوەی بەشداری ئەو خۆپیشاندانە بکەن، چەند ساتێک لەگەڵ خۆتاندا گفتوگۆتان کرد کە ئەمەی دەیکەن بە ویستی خۆتانە یان دووبارە بەرپرسە کەڵشێر و قاز دزەکانی دوێنی و نەوت دزەکانی ئەمڕۆ پێتان دەکەن؟

هەشتەم: زانیاریتان لەسەر ئەوە هەیە کە ئێستاش لەگەڵ بەشێک لەو بەرپرسە نەوت دزانەی ئەمڕۆ و کەڵشێر و قاز دزەکانی دوێنێ، ئێمە لە دادگاین بەهۆی ئەوەی بەڵگە و زانیاریمان لەسەر دزییەکانی نەوت و سامانی میللەت ئاشکراکردووە؟

نۆیەم: بیرتان لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر سەروەت و سامانی سەرجەم بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ لە پێشمەرگە دێرینەکان کۆبکەیتەوە، ناگات بە سەروەت و سامانی یەک تاکە بەرپرسی کەڵەشێر و قاز دزی دوێنێ و نەوت دزی ئەمڕۆ؟

دەیەم: ئەم ئێوارەیە لە ماڵەوە کە لە شاشەی ئێن ئاڕ تییەوە جارێکی تر خۆتان دەبیننەوە لە مایکی ئێن ئاڕ تییەوە هێرشدەکەنە سەر کەناڵەکە و بە چەواشەکاری دادەنێن، بیرێک لەوە دەکەنەوە کە چەندین ساڵە هەمان لۆگۆ و هەمان کەناڵە بەرگری لە مافەکانی ئێوە دەکات دژی بەرپرسە دزەکان؟

ئاوات عەلی

*سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی نالیا

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :19


سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات