ڕۆژنامەی “کوردستان” لە 22ی نیسانی 1898 دەرنەچووە

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانی – هه‌ولێر:

بەگوێرەی سەرچاوەکانی بەردەست، د. مارف خەزنەدار یەکەم کوردە، ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی رۆژنامەی “کوردستان”ی بە ٢٢ی نیسان داناوە. ئەوەشی بە گوتارێک لە رۆژنامەی (برایی – التآخی) لە ژمارەی ٢٢ی نیسانی ١٩٦٨ بڵاوکردوە. لە هەمان ساڵ د. کەمال فواد لە کتێبخانەی ماربوورگ لە ئەڵمانیا زۆربەی ژمارەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان”ی دۆزیبۆوە و بە گوتارێک لە ژمارە یەکی گۆڤاری “ڕووناکی” ، کە لە ٢٣ی مایسی ١٩٦٩ دەرچوو، ئەم دۆزینەوە تازە و گرنگەی بۆ خوێنەرانی کورد ئاشکرا کرد. دواتر هەر د. کەمال فواد تەواوی ژمارەکانی بەردەستی لە ڕۆژنامەی “کوردستان” لە بەرگی کتێبێک بەناوی: (“کوردستان” یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی) لە ساڵی ١٩٧١ لە بەغدا چاپکرد. د. کەمال فواد لە پێشەکی کتێبەکەی بەمجۆرەی خوارەوەی لەسەر ڕۆژنامەی “کوردستان” نووسییە: یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لە ٣٠ ذوالعقدەی ١٣١٥ (١٩ی نیسانی ١٣١٤ی ڕۆمی) بەرامبەری ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨ لە قاهیرە دەرچوو… بە دوو هەفتە جارێک لە چوار لاپەڕەی (٢٥،٥ x ٣٢،٥) سم دەردەچوو.

57393104_2210122755697171_1364752929482866688_o

نزیکەی چل ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی یەکەم گوتاری د. کەمال فواد لە گۆڤاری “ڕووناکی” ڕەتبووە و ٣٨ ساڵیش بەسەر کۆکردنەوە و چاپکردنەوەی لە بەرگی کتێبێک، کە لەو کات ٧٣ ساڵ بەسەر دەرچوونی ژمارەی یەکەم ڕەتبووبوو، هەروەها ئەمساڵیش، کە یادی ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەکرێتەوە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەرانی کورد لە هەموو ئەو ماوەیەدا قەت هیچ گومانێکیان لە ڕۆژی دەرچوون نەبووە و تێڕوانینی هەردووک دۆکتۆر (٢٢ی نیسان) لە رۆژنامەگەری کوردی چەسپاوە و جێگیرە.

لەڕاستیدا، منیش بەچاولێکردنەوە، هەمان ڕای هەموو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەرانی کوردم هەبووە، لەهەمان کات دەمێکە ئارەزووم بوو، بەرهەمێکی تێر و پڕ لەسەر ڕۆژنامەی “کوردستان” بنووسم، تێیدا ناوەڕۆکی هەڵبسەنگێنم، باس لە نەخشەسازی بکەم و لەگەڵ رۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەوکاتی عەرەبی، تورکی، فارسی و هەندێک لە وڵاتانی ئەوڕوپی بەراوردی بکەم.

بۆئەوەی ئەم توێژینەوەیەم سەربگرێ و بە تێری لەسەری بنووسم، دەبوایە سەردانی کتێبخانەی مەلەکی سوید لە ستۆکهۆڵم بکەم، سەردانی دیاربەکر و تورکیا و ئەرشیڤی عوسمانلی لە ئیستانبۆل بکەم، هەروەها سەردانی وڵاتی میسر و چاپخانەی هیلال، ڕۆژنامەی الاهرام و کتێبخانەی ئەسکەندەرییە بکەم. ئەو هەموو سەفەرانە خەرجی زۆری دەویست، بۆیە وەک پڕۆژە بۆ چەند دەزگا و بەرپرسێکی حکومیم نارد، هیچ وەڵامم وەرنەگرت.

پڕۆژەی رۆژنامەی “کوردستان” بۆمن بە ئەندازەیەک گەورە و گرنگ بوو، لەو بڕوایەدابووم، ئەگەر من نەینووسم، کەس ناینووسێ یان کەس وەک من ناینووسێ، لەوکات خوێنەری کورد لە بەرهەمێکی زۆر گرنگ بێبەش دەبی، چونکە خۆم بۆ ماوەی دە ساڵ وەک کرێکار و چاپچی لە چاپخانە لە کوردستان و لە سوید کارم کردووە، چەند ساڵێک وانەی دیزاین، ژانرەکانی ڕۆژنامەوانی، ئێتیکی ڕاگەیاندن، ئەرشیڤ و زۆر بابەتی دیکەشم لە بەشەکانی راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان گوتۆتەوە و ئەزموونی زۆرم لەم بوارە پەیدا کردووە، بۆیە دەستپێکردن بەو پڕۆژەیە، بۆمن لە خەونێکی گەورە و زۆر جوانی دەکرد، بەڵام بێپشتیوانی ماددی هیچ نەدەکرا.

لە نۆڤێمبەری ٢٠١٨ لەگەڵ کاک بەرزۆ ئیسماعیل سەردانی برادەرێکی بازرگانی خوێندەوار و خوێنەر و ئاشقی کتێب و فەرهەنگم لە سولەیمانی کرد، لەناو قسەکان باسی ئەو خەونەی منیش کرا، بێئەوەی چاوەڕێی هیچ لەو بازرگانە بەڕێز و خەمخۆرە بکەم، بێئەوەی بەنامە وەک پڕۆژە بۆی بنووسم یان هیچ بیرۆکەیەکم بۆ وەرگرتنی یارمەتی بۆ چاپکردنی کتێبێک لەمێشک بووبێ، ئەو پشتگیری تەواوی لەم پڕۆژەیە کرد و هەموو خەرجییەکەشی خستە ئەستۆی خۆی…

لە ڕۆژی دووشەم(٧ی کانونی دووی ٢٠١٩) سەردانی کتێبخانەی مەلەکی ستۆکهۆڵمم بۆ وەرگرتنی کۆپی دوو ژمارەی دوو رۆژنامەی ڕۆژانەی بەناوبانگی سویدی (Aftonbladet – Dagens nyheter)ی (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨) کرد، بۆئەوەی لە داهاتوو لەگەڵ رۆژنامەی “کوردستان” بەراوردیان بکەم… من بینیم لەسەر هەردووک ڕۆژنامە: “ئەفتۆنبلادێت، داگینس نیهێتەر” رۆژی هەینی نووسرایە… من یەکسەر گومانم لاپەیدابوو، کە رۆژی هەینی پێش ١٢١ ساڵ لە میسر باوەڕناکرێ، خەریکی دەرکردنی رۆژنامە بووبن، چونکە لە جیهانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە پشووە… من گومانم بۆ دروستبوو و تێگەیشتم، لەوانەیە رۆژی ٢٢ی نیسان هەڵەبێت و ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی “کوردستان” نەبی، بۆیە بڕیارمدا بەدواداچوونی زیاتری لەسەر بکەم.

ڕۆژی دووشەم ٢٨ی کانونی دووی ٢٠١٩ لە هەولێر سەیری ژمارە یەکی رۆژنامەی “کوردستان”م کرد، ڕۆژی پێنجشەمی لەسەر نووسرابوو، زوو تێگەیشتم ٢٢ی نیسان هەڵەیە، چونکە ڕۆژەکان وەک مامۆستا فەرهاد شاکەلی لە گوتارەکەی ڕۆژنامەی “ئاسۆ” دەنووسێ، لە سەردەمی سۆمەری و بابلییەکانەوە تا ئێستا بە سیستێمێکی ڕێکوپێک و بێ هەڵە بەکار هاتوون.

من پێشتر زانیبووم مامۆستا فەرهاد شاکەلی گوتارێکی لەسەر دەرچوونی یەکەم ژمارەی “کوردستان” نووسیبوو و تێیدا سەلماندبووی، کە ڕۆژی ٢٢ی نیسان ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی کوردستان نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی من گوتارەکەی ئەوم نەخوێندبۆوە، نەمدەزانی مامۆستا فەرهاد شاکەلی چ ڕۆژێکی بەلاوە دروستە. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارەم دەست بکەوێ، لە ڕۆژی دووشەم ڕێکەوتی ٤ی ئازاری ٢٠١٩ لەگەڵ مامۆستا فەرهاد شاکەلی لە شاری ئوپسالا لە سوید یەکترمان بینی و لەم دانیشتنە، من بە کورتی باسم لەو پڕۆژە جوانەی خۆم کرد، هەروەها باسم لە ڕۆژی دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان” کرد، کە ٢٢ی نیسان هەڵەیە و ٢١ ی نیسان دروستە… هەر لەو دانیشتنە، مامۆستا فەرهاد شاکەلی گوتارێکی خۆی بۆ هێنابووم، کە پێشتر لە ڕۆژنامەی ئاسۆ لە ژمارە (٤١٣)ی ڕۆژی یەکشەم، ڕێکەوتی ٢٢ی نیسانی ٢٠٠٧ بڵاوکرابۆوە، تێیدا ٢١ی نیسانی بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی “کوردستان” دانابوو. دەبی بنووسم، من زۆر دڵخۆشبووم، هەردووکمان لە دوو کاتی جیا، بێئاگاداری یەکتر هەمان ئەنجاممان دەستکەوت.

هەر لەم گوتارە، مامۆستا فەرهاد شاکەلی جگە لەوەی رۆژی ٢١ی نیسان بە ڕۆژی دەرچوونی ژمارە یەکی ڕۆژنامەی “کوردستان” دادەنێ، بەڵکو هەڵەیەکیش لە دانانی ڕۆژەکانی سەر ژمارە و لاپەڕەی یەکی ڕۆژنامەی “کوردستان” دەدۆزێتەوە، کە بە پێی تەقویمی کۆچی دەبوایە ٢٩ی مانگی زولعەقدە لە لاپەڕەی یەکی ڕۆژنامەی “کوردستان” بنووسرابا نەک وەک ئێستا ٣٠ زولعەقدە، هەروەها بەپێی تەقویمی ڕۆمی پێنجشەممە ٩ی نیسانی ١٣١٤ ئەگەر بۆ ساڵی زایینی بگۆڕین دەکاتە ٢١ی نیسانی ١٨٩٨، بەمجۆرە دەسەلەمێندرێ، کە رۆژی ٢٢ی نیسان هەڵەیە و ڕۆژی ٢١ی نیسان دروستە.

لە ئەنجامی ئەو بەدواداچوونەی من و مامۆستا فەرهاد شاکەلی دەردەکەوێ، کە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی یەک ڕۆژ زووتر دەستیپێکردییە، لەوەی تا ئێستا نووسراوە و باسی لێوەدەکرێ، هەرچەندە یەک ڕۆژ بۆ مێژووی ١٢١ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی لەوانەیە زۆر نەبیت، بەڵام ئەگەر ئاشکرابوو و ئەو ئەنجامە ڕاست و دروستە دەستکەوت، دەبی ئەو هەقیقەتە بۆ خەڵک باسبکرێ.

دکتۆر سەپان

هەولێر



سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات