رۆژنامه‌وانی – سلێمانی:
میدیا ئه‌ركی جۆراجۆر له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، له‌وانه ئه‌ركی هۆشیاركردنه‌وه و گواستنه‌وه‌ی رووداوه‌كان و ناساندنی كه‌یسه جۆراوجۆره‌كان، ئه‌وه میدیایه ئێمه ده‌گوازێته‌وه بۆ نێو جه‌رگه‌ی رووداوه‌كان و هه‌ر میدیاشه ده‌توانێت به پرسه سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاینیی و رۆشنبیرییه‌كان و سه‌رجه‌م پرسه‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به ژیانی مرۆڤه‌وه ئاشنامان بكات، له سه‌ره‌تای په‌یدابوونی ئامرازه‌كانی میدیا و گه‌شه‌ی به‌رده‌وامی، تا ئه‌م سه‌رده‌مه، به‌رده‌وام ئامرازه‌كانی میدیا (توانیویانه – ویستویانه) ئه‌م ئه‌ركانه له ئه‌ستۆ بگرن و كاریگه‌ریی گه‌وره له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه دروست بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و بابه‌ت و پرسه گرنگانه‌ی كه میدیا ده‌توانێـت رۆڵێكی گرنگی تێدا ببینێت و ببێته پردێكی به
هێز بۆ ئاشناكردنی جه‌ماوه‌ر به رووداوه‌كان، بابه‌ت و پرسی جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژیه‌كانه، له جه‌نگه جیهانییه‌كان وپرۆسه‌كانی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینیی و ره‌گه‌زیدا، هه‌میشه میدیا رۆڵی له په‌رده‌لادان له‌سه‌ر راستیه‌كان هه‌بووه و به‌رده‌وام توانیویه‌تی ببێته پاڵپشتێكی به‌هێز بۆ تۆمه‌تباركردنی تاوانباران و خستنه رووی به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردنیان بۆ به‌رده‌م دادگاكان. له ئه‌ڵمانیا، له رواندا، له یوگۆسلافیانی جاران، له چین، له سوریا و له عێراق، له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی به ئاگری سته‌م و جه‌نگ سوتاون و جینۆساید و قركردن و تاوانی كۆمه‌ڵكوژیان تێدا ئه‌نجامدراوه.
دیاره گه‌لی كورد به درێژایی مێژووی، به‌رده‌وام دووچاری سته‌م و زۆرداری بووه و وڵاتانی داگیركاری هه‌میشه هه‌وڵی له‌ناوبردن و تواندنه‌وه و سرینه‌وه‌یان داوه، ده‌سه‌ڵاته سته‌مكار و دیكتاتۆره یه‌ك له دوای یه‌كه‌كان له پێناو سرینه‌وه‌ی ناو و ناسنامه‌ی كورد، هه‌موو جۆره ئامرازه‌كانی چه‌وساندنه‌وه و داپڵۆسین و زۆرداریان به‌كارهێناوه، تا كار گه‌شته پرۆسه‌كانی كۆمه‌ڵكوژیی و جینۆساید و تاوانه قێزه‌ونه‌كانی به‌ناو ئه‌نفال و كیمیاباران، كه تا ئێسته‌ش ئاسه‌واره‌كانی هه‌رماوه‌و برینه‌كان سارێژ نه‌بوونه‌ته‌وه.
له‌م نێوه‌نده‌دا ئه‌ركێكی هه‌ستیار و گرنگ (كه‌وتۆته – ده‌كه‌وێته) سه‌ر ئه‌ستۆی میدیا له ناساندنی ئه‌و سته‌م و زۆرداریی و ناهه‌قیه‌ی به‌درێژایی مێژوو به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد كراوه، ره‌نگه یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانی كه‌می زانیاریی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه جیهانیه‌كان و گه‌لانی دونیا بۆ مه‌زڵومیه‌تی گه‌لی كورد و ئه‌و سته‌مه گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ری كراوه بۆ كه‌م ئیمكانیاتی و لاوازی میدیای كوردیی بگه‌رێته‌وه له‌و سه‌رده‌مانه‌دا كه ئه‌م تاوانانه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه، ئه‌و سه‌رده‌مانه كورد نه خاوه‌نی كیان و نیمچه ده‌سه‌ڵاتێك بوو، نه میدیاییه‌كی كاریگه‌ریی له‌به‌رده‌ستدا بوو، نه میدیا جیهانیه‌كانیش – به‌هۆی به‌رژوه‌ندیه‌كانیانه‌وه – بوونه بڵندگۆیه‌ك بۆ ده‌رخستنی راستییه‌كان و په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌و سته‌مه مه‌ترسیدارانه، هه‌ربۆیه جگه له كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، هیچكام له‌و تاوانانه نه‌بوونه كه‌یسی جیهانیی و میدیا جیهانیه‌كان به پێی پێویست شرۆڤه‌یان نه‌كرد و تیشكیان نه‌خسته سه‌ر، ره‌نگه یه‌كێك له‌و فاكته‌رانه‌ی كه بوویه هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌سات و سته‌می كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی قوربانیه‌كانی به به‌راوورد به پرۆسه‌ی به‌ناو ئه‌نفال كه‌متر بوو – گه‌وره‌تر ده‌ركه‌وێت و تیشكی زیاتری بخرێته سه‌ر، حزووری میدیایی وڵاتی ئێران و ئه‌و چه‌ند رۆژنامه‌نووسه بێت كه توانیان تاوانه‌كه به جیهان بناسێنن و به زوومی كامێراكانیان رایه‌كی جیهانیان له‌سه‌ر تاوانه‌كه دروستكرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م حزووره میدیاییه له تاوانی به‌ناو ئه‌نفالدا به‌و شێوه‌یه نه‌بوو!
كورد وته‌نی (نه‌چووه بچێ)، ئێسته‌ش هه‌ل و فرسه‌تی به‌رده‌م ناساندنی ئه‌و تاوانانه به جیهان هه‌ر ماوه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و میدیای كوردیی ده‌توانن ئه‌م تاوانانه به جیهان و گه‌لانی دونیا بناسێنن، بگره به‌و نه‌وه‌یه‌ی كه له دوای راپه‌رینه‌وه دروست بووه و زانیارییه‌كانی سه‌باره‌ت به‌م تاوان و سته‌م و كۆمه‌ڵكوژیانه سنوورداره، ده‌كرێت بۆ ئه‌م ئامانجه گه‌وره ئه‌م چه‌ند كاره بكرێت:
-ته‌رخانكردنی بوودجه‌یه‌كی باش بۆ به‌رهه‌مهێنای چه‌ند فلیمێكی سینه‌مایی و چه‌ند فلیمێكی دیكۆمێنتاریی به زمانه‌كانی عه‌ره‌بی و توركی و فارسی و ئینگلیزی و به به‌شداریپێكردنی ده‌رهێنه‌ر و هونه‌رمه‌نده به‌ناوبانگه جیهانییه‌كان.
-ئه‌نجامدانی هه‌ڵمه‌تێكی نیشتیمانیی میدیایی بۆ ئاشناكردن و ناساندنی ئه‌م تاوانانه به گه‌نجان و نه‌وه‌ی نوێ، له رێگه‌ی خوێندنگه و زانكۆ و رێكخراوه‌كان.
-ناردنی چه‌ند شاندێكی میدیایی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی كۆمه‌ڵكوژی و تاوانی هاوشێوه‌ی تێدا ئه‌نجامدراوه و سوود وه‌رگرتن له ئه‌زموونیان له ناساندنی ئه‌و تاوانانه به جیهان.
-راسپاردنی زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه له هه‌رێمی كوردستان، به سازدانی كۆنفراسی زانستیی نێوده‌وڵه‌تیی تایبه‌ت به‌م پرسه گرنگانه.
-ته‌رخانكردنی بوودجه‌یه‌كی گونجاو بۆ دانانی سایتێكی تایبه‌ت به پرسه‌كانی به‌ناو ئه‌نفال و كۆمه‌ڵكوژیه‌كانی كورد، به زمانه زیندووه‌كانی جیهان و به سوود وه‌رگرتن له سوشیالمیدیا و تۆره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ ناساندنی ئه‌م تاوانانه.
-وه‌رگێرانی ئه‌و په‌رتووك و گۆڤارانه‌ی كه ئه‌م چه‌ند ساڵه به زمانی كوردی ده‌رچوون و تایبه‌ت بوون به كاره‌ساتی به‌ناو ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و تاوانه‌كانی دیكه كه ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد ئه‌نجامدراون، بۆ ئه‌و زمانه جیهانیانه.
د. یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی ـ مامۆستای میدیا
تعليقات
إرسال تعليق