دراما یا داڕمان؟

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانی – هه‌ولێر:

ئارەزوو نوری
زۆربەی كات لە ئەنجامی پرۆسەی لاساییكردنەوە، مرۆڤ جۆرێك لە رەفتار و شێوە ژیان دەگوزەرێنێ، كە نامۆو دوور بێت لە كولتور و بەهای كۆمەڵگەكەی خۆی، یاخود هێشتا هەڵبژاردنی ئەو رەفتار و شێوە ژیانەكاتی نەهاتووە و پێویستی بە زەمینەسازی هەیە بۆ فۆرمەلەكردنی.

3_9

ئەمە زۆر بە روونی لەو دراما دۆبلاژكراوانەدا دەبینین، كە لە زۆربەی ماڵەكاندا هەیە و خێزان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی زۆربەی كاتی خۆیانی بۆ تەرخان كردووە، تەنانەت بووەتە جێی باسوخواس و یەكێك لە تەوەری گفتوگۆی خێزانەكان، زۆرتر لە كاتی بۆنەیەك یان میواندارییەك لە بری هەر گفتوگۆیەكی بەسوود و خێزانی، مشتومڕ دێتە سەر باسی ناوەڕۆكی دراماكان.

بەشێكی زۆری دراماكان زیاتر تەركیزكردنە لەسەر رۆڵی پەیوەندییە سۆزدارییەكانی نێوان كچ و كوڕێك و نێوان دووانی دیكەی كە یا هاوسەریان هەیە و لە دەرەوەی پەیوەندی یاسایی و مەشرووعی خێزانی پەیوەندی دیكە دروست دەكەن، ئەمەش بێ كاریگەری نابێت و رەنگە لاساییكردنەوەی كوێرانە، یان وێناكردن و دووبارە كردنەوەی لێبكەوێتەوەو لانیكەم ببێتە هۆیەك بۆ دروستبوونی فشاری دەروونی لەسەر ژنان.

كەناڵە كوردییەكان وەك چاولێكەرییەك هەر لەكاتژمێر شەش و حەوتی ئێوارەوە تا دوای دوانزەی شەو دراما لە دوای دراما پەخش دەكەن و زۆرێك لە خێزانەكان لە بری هەر چالاكییەك و وەرزش و خوێندنەوەو كارێكی بەسوود بەدیار دراماكانەوە چاویان ئەبڵەق بووە و تەنها بێنە و ببینە و بخۆ!! هەر رۆژەو ئەبیستین كچێك بەهۆی ئەوەی خۆشەویستەكەی لێی جیابووەتەوە هەوڵیداوە خۆی بكوژێت و یا خۆی كوشتووە و یا ژنی هاوسەردار، دڵی بە كەسێكی دیكەوەیە و پەیوەندی لەگەڵ پیاوێكی تر بەستووە و دڵداری لەگەڵ دەكات و پیاوانیش بە هەمانشێوە لە دەرەوەی خێزان و هاوسەری خۆی، خەریكی دۆزینەوەی كەپڵی نوێ و پەیوەندی ژێربەژێرە لەگەڵ ئافرەتی دیكە!!

لێشیان بپرسی ئەرێ بێزار نابن لەو هەموو درامایە، دەڵێن ئیشوكارمان چییە بۆ خۆمان كاتەكەی پێ ئەكوژین!! ئەمە وەڵامی هەموو بینەرێكی سەرسەختی دراماكانە و بێئاگا لەوەی چەندە كاریگەریی خراپی كردووەتە سەر رەفتارو بیركردنەوەیان.

دراماكان هەندێكیان دوو هەزار ئەڵقەیەو هەندێكیان پێنج سەدو سێ سەدو واتە هیچیان كەمتر نین لە پەنجا زنجیرە بگرە تەواوی ساڵ و رۆژەكانیان بەو ئەڵقانە ئەكوژن و ئامادەن هەر دوو هەزار ئەڵقەكە تەماشا بكەن، بەڵام ئامادە نین رۆژانە نیو كاتژمێر بە خوێندنەوە یا وەرزش یا فێربوونی شتێكی بەسوود یا بە پەروەردەكردنێكی جوانی منداڵەكانیان ببەخشن!! بگرە هەموو دووبارەكانیش تەماشا دەكرێتەوەو تەواوی رۆژیان بە دراماكان كوشتووە.

هەر ئەمەشە وایكردووە تەواو شیرازەی خێزان تێكبچێت و رێڕەوی بیركردنەوەی ژنان بگۆڕێت و هەندێك لەو بینەرانەی دراما كار بۆ ئەوە بكەن، رۆڵی نێو دراماكان و پەیوەندییە هەرە خراپەكان دووبارەو لاسایی بكەنەوە.

ئەمەش دوورە لە واقیعی راستەقینەی ژیانی خەڵك و پەروەردەو كولتووری خێزانەكان، بۆیە لە سادەترین بەركەوتندا، كێشەكان بە تەڵاق و جیابوونەوەو سەرگەردانكردنی منداڵان و تێكچوونی شیرازەی خێزان تادەگات بە رشتنی خوێن كۆتاییان دێت.

وەستاندنی ئەم جۆرە درامایانە ئەركی حكومەتەو پێویستە داوا لەسەرجەم كەناڵە كوردییەكان بكرێت، كە پەخشكردنی هەر درامایەك پێویستی بەفلتەرەو هەموو جۆرێك شایانی پەخشكردن نییە.



سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات