شیلان ئەکجانە تەمەنی 22 ساڵە، بەڵام لەڕێگای نمایشکاری جلوبەرگەوە هاتووەتە نێو بواری هونەری، لەلایەکی دیکەشەوە دەیەوێت بە گۆرانیگوتن زیاتر بناسرێت، لەگەڵ ئەوەشدا شێوەکارێکی دەستڕەنگینە.
شیلان ئێستا سەرقاڵی کاری مۆدێلینگ و فاشیۆنە، لەمباریەوە بە رووداوی گوت ” لە کوردستان گرنگی بە مۆدێلینگ نادرێت، بەڵام من حەزێکی شێتانەم بۆ ئەو کارە هەیە، بۆیە بەردەوامم لە فۆتۆمۆدێلینگ، وێنەکانی من لە چەندین پەیج و ماڵپەڕی کوردستان و جیهانی بڵاودەکرێنەوە”.
شیلان باس لە ئاستەنگ و بەربەستی کۆمەڵگای کوردی دەکات و دەڵێت” هەرچەندە کۆمەڵگای کوردی کەمێک داخراوە، بەتایبەتی بۆ ئەم کارانە، بەڵام خۆشبەختانە هاوژینەکەم و دایکم هاوکار و پاڵپشتی بەردەوامی منن، باوەڕی زۆریان بە هێز و توانای من هەیە، بۆیە بەردەوام یارمەتیم دەدەن”.
شیلان هەر تەنیا بە نمایشکاری نەوەستاوە، بەڵکو ئێستا سەرقاڵی گۆرانیگوتنیشە، لەمباریەوە شیلان گوتی” زۆر کەس دەنگی منیان پێخۆشبوو، بۆیە پاڵنەرم بوون بۆئەوەی گۆرانی بڵێم، هاوکات هاوڕێکانم دەڵین زۆر بە لەیدی گاگا دەچی، بۆیە هەوڵمدا وەک ئەویش گۆرانی بڵێم”.
شیلان دەرچووی بەشی شێوەکاری پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێرە، ئێستا قوتابی کۆلێژی هونەرەجوانەکانە لە بەشی دیزاین.

تعليقات
إرسال تعليق