لەسەر مەترسی دواخستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ مامۆستایان هاته دەنگ

bozhin

لقی سلێمانی مامۆستایانی کوردستان، لەسەر مەترسی دواخستنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دێتە دەنگ و ئامادەیی قەرەبووکردنەوەی خوێندکارانیش لەڕۆژانی پشوو دەردەبڕێت، جێگری سەرۆکی لقەکەش ڕایدەگەیەنێت: فشارمان لەسەر دروستکراوە.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەلێدوانێکدا، ھۆشداری لەسەر دواخستنی پرۆسەی ئەمساڵی خوێند بۆ ساڵی داھاتوو داو ڕاشیگەیاند: ئەگەر بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە بەردەوامبێت، ئەگەرێکی بەھێز ھەیە کە کۆی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دوابخرێت.

لەوبارەیەشەوە، سەنگەر فایەق جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بە  ڕاگەیاند: پەکخستنی سیستمی پەروەردەو دواخستنی پرۆسەکە بۆ ساڵی داھاتوو، تەنھا فشارە، چاوەڕوانی فشاری زیاتریشین بۆئەوەی لەڕێگەی کەسوکاری خوێندکارانەوە بکرێتە سەرمان، تا دەست بەدەوام بکەینەوە.

وتیشی:” وەک مامۆستایان بەمافێکی رەوای خۆمانی دەزانین ھەموو ڕێگەیەکی مەدەنیانە لەبەرامبەر جێبەجێکردنی مافەکانمان بگرینەبەر، بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندنیش وەک ھەڵوێست و فشارێکە وەرمانگرتووە”.
بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، وەک کاردانەوەیەک دێت لە بەرامبەر دواکەوتنی موچەکانیان، کە ماوەی چوار مانگە دواکەوتووەو حکومەتیش ھەرێمیش رایگەیاندووە کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە ناتوانن تەواوی موچەی مامۆستایان دابین بکەن.

جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی مامۆستایان، جەختی لەسەر بەردەوامبوونیان لەبایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن کردەوەو ڕاشیگەیاند: تا ئەوکاتەی حکومەتی ھەرێم داواکاری و مافەکانمان جێبەجێدەکات و موچەکانمان بۆ دابین دەکات، بەردەوام دەبین لەمانگرتن.

سەبارەت بەکاریگەرییەکانی ئەو ھەڵوێستەشیان لەسەر پرۆسەی خوێندن، سەنگەر فایەق وتی:” ھەرکاتێک حکومەت وەڵامێکی دروستی داینەوەو مافەکانمان وەرگرت، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ماوەی لەپرۆسەی فێرکردن دابڕاوین، لەڕۆژانی پشوو خوێندکاران قەرەبوو دەکەینەوە، جگە لەوەش ئامادەین کە پرۆسەی خوێندن بەگشتی درێژبکرێتەوەو وانە بڵێینەوە”.

ئاشکراشیکرد: کەسوکاری سەرجەم خوێندکاران دڵنیا دەکەینەوە کە بەھیچ جۆرێک ڕێگە نادەین پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ دوابخرێت.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات