بڕیار وایە ئەم هەفتەیە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران بدرێت و دەست بە دابەشکردنەوەی موچەی مانگی ئەیلول بکرێت.
بە پێی ئەو زانیاریانە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و دواتر ڕاستەخۆ دەست بە دابەشکردنەوەی موچەی مانگی ئەیلول دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕاگەیاند، کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران بە پێی ڕیزبەندی پلەکان دەبێت کە لە پلە (١) بۆ پلە (١٠) ڕیزبەند دەکرێت و موچەی فەرمانبەران بەو گوێرەیە کەمدەکرێتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، موچەی پلە نزمەکان کە لە پلەی (١٠) ەوە دەستپێدەکات بە ڕیژەی لە سەدا ٥% کەمدەکرێتەوە و موچەی پلە باڵاکان بە ڕێژەی لە سەدا ٥٠% کەمدەکرێتەوە، بەڵام ئەم بڕیارە موچەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش ناگرێتەوە. هەروەها موچەی ئەو فەرمانبەرانەش ناگرێتەوە کە موچەکانیان لە خوار ٥٠٠ هەزار دینارەوەیە.
سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی دابەشکردنی موچە ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەکرد، بڕیار وایە ناوەراستی هەفتەی داهاتوو دوابەدوای دەرچوونی بڕیاری کەمکردنەوەی موچە، دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئەیلول بکرێتەوە.
هاوکات بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست نەتەوە کەوتووە، سەرەتا نیو موچەکەی دیکەی مامۆستایان دابەش دەکرێت و بە پێی پلەکەیان موچەی ئەو چینەش کەمدەکریتەوە. دوابەدوای مامۆستایانیش موچەی کارمەندانی تەندروستی و وەزارەتاکانی دیکە دابەش دەکرێت……………………..
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، دەست بەدابەشکردنی موچە دەکاتەوە، پەرلەمانتارێکی کوردستانیش ڕایدەگەیەنێت، موچەی چوار مانگی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەک قەرز لەلای فەرمانبەران دەمێنێتەوە.
تا ئێستا بەفەرمی حکومەتی ھەرێم، ھیچ وادەیەکی بۆ پێدانەوەی موچە فەوتاوەکانی ساڵی ٢٠١٥ دیارینەکردووە، سەرەڕای ئەوەش بەھۆی قەیرانی داراییەوە، بەنیازە موچەی فەرمانبەران کەم بکاتەوە.
مەدینە ئەیوب پەرلەمانتاری پارتی، لەلیژنەی دارایی و کاروباری ئابوری پەرلەمانی کوردستان، ڕاگەیاند: حکومەتی ھەرێم سەرقاڵی چاکسازیە، بۆئەوەی موچەی فەرمانبەران دابین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەھەوڵی کەمکردنەوەی خەرجیەکانە، لەبەرامبەریشدا نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیھان، بەردەوامە لەدابەزین.
لەبارەی نرخی نەوتی ھەرێمی کوردستانیشەوە، وتی:”نەوتی ھەرێم بەراورد بەنرخی جیھانی، بە ١٠ دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت”.
سەبارەت بەبڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ڕوونکردنەوەیداو وتی:”ھەر بڕیارێک لەئەنجومەنی وەزیران تایبەت بەکەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران دەربچێت، لەمانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٦ەوە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
لەبارەی موچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢)ی ساڵی ٢٠١٥ی فەرمانبەرانیش، کە تا ئێستا تەنھا موچەی مانگی ٩ی وەزارەتی پێشمەرگەو نیو موچەی ئەو مانگەی وەزارەتی پەروەردە دابەشکراوە، مەدینە ئەیوب ڕوونکردنەوەیداو وتی:”موچەی سەرجەم مانگەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردوو وەک قەرز لەلای حکومەت دەمێننەوە، ھەرکاتێکیش قەیرانی دارایی چارەسەر بوو، دەست بەدابەشکردنیان دەکرێت”.
سەبارەت بەپێدانی چەک لەبری موچەی قەرزەکانی ساڵی ٢٠١٥، ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتی:”ئەگەر بکرێت بەچەک دەبێت لەپەرلەمانی کوردستان یاسای تایبەت دەربچێت، چونکە کاری نایاسایی و گەندەڵی تێدا ئەنجامدەدرێت، ئەگەری ھەیە لەلایەن ھەندێک بازرگانیشەوە گۆڕینەوەی چەک لەبانکەکان قۆرخ بکرێت و لەبازاڕەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێوەبکرێت، بۆیە دەبێت بەیاسا ڕێکبخرێت”

تعليقات
إرسال تعليق