پەرلەمانتارێکی پارتی لەبارەی بڕینی سەرجەم پێشینەکان بۆ مانگی شوبات لەفەرمانبەران کە چاوەروِاندەکرێت خشتەی نوێی موچە گۆڕانکاریی تێدابکرێت ڕونکردنەوە دەدات، تەئکیدیشدەکاتەوە، فەرمانبەران دڵنیادەکاتەوە.
بۆ موچەی مانگی (کانونی دوەمی ٢٠١٦) ئەو فەرمانبەرانەی کە موچەیان وەرگرتوە بەشێکیان کە پێشتر لەوەرگرتنی پێشینەکان سودمەندبون، لێیان وەرنەگیراوەتەوە، بەڵام باس لەوەدەکرێت بۆ موچەی مانگی شوبات، دەست بەوەرگرتنەوەی پێشینەکان لەفەرمانبەران و مامۆستایان دەکرێتەوە، بەتایبەت کە چاوەڕواندەکرێت خشتەی موچە گۆڕانکاریی تێدابکرێت.
لەوبارەیەوە د.فرسەت سۆفی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “ناکرێت لەئێستادا فەرمانبەران نیوەی موچەکانیان وەربگرن و ئەو پێشینانەی کە پێشتر وەریانگرتوەو لێیان وەربگیرێتەوە”.
چونکە وەکو د. فرسە دەڵێت:”ناکرێت فەرمانبەران نیو موچە وەربگرن، لەولاشەوە پێشینەکانیان لێ وەربگیرێتەوەو لەو نیو موچەیەش سودمەند نەبن”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی ئەوەشی ڕونکردەوە، وەک ئەندامانی پەرلەمان ئەرکیانە بەدواداچون بۆ گرفتی فەرمانبەران و ھاوڵاتیان بکەن، بەڵام وەکو ئەو دەڵێت:”تائێستا ڕون نییە کە بۆ مانگی شوبات دەست بەبڕینی پێشینەکان لەفەرمانبەران و مامۆستایان دەکرێتەوە یاخود نا”.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر حکومەتی ھەرێم ئاشکرایکردبو، بەھۆی پاشەکەوتی فەرمانبەران و ئەو قەیرانەی کوردستانی تێکەوتوە، ھیچ پێشینەیەک لەھاوڵاتیان و فەرمانبەران وەرناگرنەوە، بەڵام ھێزەکانی ئاسایش لەکاتی وەرگرتنی موچەی مانگی ڕابردویاندا، لێیان وەرگیراوەتەوە………………………………………………………سەرباری بەرزبونەوەی نرخەکەی لەبازاڕەکانی جیھاندا، بەڵام نرخی نەوت لەماوەی دوو ھەفتەی ڕابردودا نەیتوانیوە بەجێگیریی بمێنێتەوە، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی کوردستانیش بەرزبونەوەی نرخی نەوت بەھۆکاری باشدەزانێت بۆ ئەوەی ھەرێم لەم قەیرانە قورسەی ئێستا ڕزگاری بێت، لەئەگەری زیاتر بەرزبونەوەی نرخی نەوتیش مژدەیەک ڕادەگەیەنێت.
بەھای نەوت لەدوو ھەفتەی ڕابردودا زۆرترین ھەڵبەزین و دابەزینی تۆمارکرد، دواجار لە٣٣ دۆلاردا جێگیربوو، لەکاتێکدا ھەفتەی ڕابردوو زیاتر لەسێجار نرخی نەوت ئاستی ٣٥ دۆلارو ٤٥ سەنتی تێپەڕاند، بەڵام نەیتوانی بگاتە ئاستەکانی نزیک ٣٦ دۆلار.
لەوبارەیەوە د. عیزەت سابیر سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، “ئەگەر بەرزبونەوەی نرخی نەوت سودێکی زۆری دەبێت بۆ ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی روسیا و سعودیە کە دوو گەورە ھەناردەکاری نەوتی جیھان کە ھەردوکیان ڕۆژانە بەنزیکەی ٢٠ میلۆن بەرمیل ھەناردە دەکەن”.
زۆرێک لەوڵاتانی جیھان لەئێستادا دەیانەوێت بێنە ناو گفتوگۆی نێوان سعودیەو ڕوسیا بۆ ئەوەی نرخی ھەر بەرمیلێک نەوت، بگەیەنرێتە ٥٠ دۆلار.
لەو ڕوەشەوە سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، بەرزبونەوەی نرخی نەوت بۆ ٥٠ دۆلار، بەشێک لەقەیرانی دارایی ھەرێم چارەسەردەکات و دەشتوانرێت موچە لەکاتی خۆیدا بدرێت، وتیشی:”تەنانەت دەتوانرێت بەشێک لەپارەش پاشەکەوت بکرێت بۆ پڕۆژەکان و وەبەرھێنان و خەرجییەکانیشی پێ پڕبکرێتەوە”.
پێشبینی نرخی نەوت بۆ (٢٠١٦ ـ ٢٠١٧)، نرخی نەوت بۆ بەرمیلێک بگاتە ٤٠ دۆلار، ئەوەش بەبڕوای چاودێران سودی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت.

تعليقات
إرسال تعليق