بەســـەرهاتی ئەو کچه ی، ئــامـادە يه سێکــس لەگەڵ کوڕە خۆشەویستەکه يدا بکەن

bozhin

کچێک: ئه‌گه‌ر کوڕێکم خۆشویست، زۆر ئــاساییه‌ پێش هاوسه‌رگیری کچێنیشمی بده‌مێ

له‌په‌یوه‌ندیه‌ خۆشه‌ویستییه‌کانی دونیا، ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر کچ و کوڕه‌که‌ هه‌ردووکیان مه‌یلیان له‌سه‌ر بێت ئاماده‌ن هه‌موو شتێک بکه‌ن، به‌ڵام ئایا له‌کوردستان له‌نێوان کچان و کوڕان ئه‌و تێکه‌ڵبوونه‌ رووده‌دات؟ ئایا کچان و کوڕانیش له‌کوردستان ئاماده‌ن له‌پێناو خۆشه‌ویسته‌کانیان پرۆسه‌ی سێکس ئه‌نجام بده‌ن؟ یاخود ئه‌و هۆکارانه‌ چین که‌وای له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز کردووه‌ سڵبکه‌نه‌وه‌ له‌ئه‌نجامدانی کارێکی له‌و شێوه‌یه‌.

هەنی موراد، كەناوی خوازراوی كچێكە پێیوابوو شتێكی ئاساییە كچێنی خۆت بدەیت بەكوڕێك كەخۆشت بوێت، وەكخۆی وتی: ״تۆ كەزانیت كوڕەكە هەڵبژێریت‌و بزانی چۆنەو چ كەسایەتیەكە، كچێنیشتی پێشكەش كەیت ئاساییە״.

ئەم كچە ئاماژەی بەوەكرد كەدوو ساڵە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێكدا هەیەو ئەگەر داوای شتێكی وای لێبكات، ئامادەیە پێی ببەخشێت.

هەنی لەكۆتایی قسەكانیدا وتیشی: ״خۆزگە كوڕان لەوە ئەگەیشتن، كەكچ قورسترین شت ئەوەیە بۆی، بۆیە بێبایەخ نەبن بەرامبەری״.

بەپێچەوانەی بۆچونی ئەو كچەوە، باخان فارس، پێیوایە ئەگەر هەتا مردن كچێك بێت، ئامادەنیە ئەو داواكارییە جێبەجێبكات ئەگەر هەر كوڕێك داوای پەیوەندی سێكسی لێبكات پێش پرۆسەی هاوسەرگیری.

باخان پەیوەست بەم باسە هەروەها وتیشی: ״ئەوە هیچ لەكاتی پەیوەندی خۆشەویستی قەدەغەیە گەر داوای پەیوەندی سێكسیم لێبكات، تەنانەت لەكاتی دەزگیرانداریش گەورەترین خەتی سورە هەوڵی شتێكی وابدات لەگەڵم״.

ئەو كچە هۆكاری رەفزكردنی داواكارییەكی لەو چەشنەی لەلایەن هەر كوڕێكەوە گەر ببێتە خۆشەویستی یان دەزگیرانی بۆئەوە گێڕایەوە كە ״هەموو شتێك لەكات‌و شوێنی خۆیدا خۆش و گونجاوە״.

ناوبراو باسی لەوەكرد ئەگەر كچ‌و كوڕێك یەكترییان هەڵبژارد بۆ مەبەستی هاوسەرگیری‌و هەتا مردن، ״ئیتر پێویست بەكاری مناڵانەو پەلەپەل ناكات״. باخان وای گوت.

خەندە ناوی خوازیاری ئەو كچەیە كەتائێستاش ئەوە پێنج ساڵە دەچێت نهێنیەكی زۆر گەورەی لەدڵیا پاراستووەو ناوێرێت لای هیچ كەس باسی بكات، تەنانەت ماڵەوەشیان. ئەم كچە بەگریانەوە بەسەرهاتی خۆی بۆ متمانە گێڕایەوەو وتی: ״دوو مانگ بوو دەزگیرانداربووم، زۆر یەكترمان خۆشدەویست، هەفتەی سێ‌ چوار رۆژ ئەچوینە دەرەوە، باسی زۆر شتمانكرد كەهیچ شتێك نەمابوو باسی لێوەنەكەین״.

خەندە بەگریانەوە باسی لەوەكرد كەرۆژێك زۆر ساردو سەرما بووە چوونەتە دەرەوە لەگەڵ دەزگیرانەكەی بەمەبەستی سەردانی ئەو ماڵەی كەبەكرێ‌ گرتبوویان بۆئەوەی ژیانی هاوسەری تێدا بەسەربەرن، ئەوەتا دەڵێت: ״دەزگیرانەكەم وتی وەرە با بچین سەرێكیش لەخانوەكە بدەین، منیش بەدڵێكی زۆر پاكەوە رۆیشتم لەگەڵی״.

ناوبراو زیاتری دوا بۆ متمانەو وتی: ״هەر كەچوینە ئەو دیو دەرگاكە باوەشی پیاكردم‌و زۆر بەجنسیانە دەستی لێدام‌و زۆر وتم با ئەوە نەكەین، بەڵام پێیوتم ئێمە حەڵاڵی یەكین‌و هەر ئەو ساتە هەموو شتێكمان كرد״.

خەندە بەنیگەرانی‌و خەمێكی زۆرەوە كۆتایی چیرۆكەكەی خۆی تەواوكردوو وتی: ״دەزگیرانەكەم لەدوای دوو رۆژ داوای جیابونەوەی لێكردم بەبەهانەی ئەوەی ئەچێت بۆ دەرەوەی وڵات‌و تەڵاقی دام، بۆیە ئامۆژگاریم ئەوەیە بۆ هەموو كچێك كەمتمانەیان بەكوڕ نەبێت بۆ ئەوەی بەدەردی من نەڕۆن״.

دروستبوونی پەیوەندی خۆشەویستی یاخود هاوڕێیەتی لەنێوان كوڕان‌و كچاندا هەبووەو دەشمێنێت، بەڵام ئەوەی جێگەی لەسەر وەستانە پەیوەندی كچ‌و كوڕە بەناونیشانی خۆشەویستی، ئایا بۆكچان ئاساییە پێش ئەوەی بچنە ژیانی هاوسەرییەوە، واتا لەقۆناغی خۆشەویستیدا پەیوەندی سێكسی لەگەڵ كوڕە خۆشەویستەكانیان بكەن، زۆرێك لەكچان ئەم بابەتە قەدەغەیە لایان‌و بەشێكیش لەكچان بەئاسایی‌و نۆرماڵی دەزانن.

سۆزی ئەو كچە گەنجەیە كە هەشت ساڵە پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێكدا هەیە، ئەو باسی ئەوەی كرد كە كوڕ بێت یان كچ بۆ ئەوەی توشی هەڵە نەبن ئاساییە پەیوەندی روحی‌و جنسی زۆر بەهێزیان هەبێت، ئەوەتا دەڵێت: ״من وەكخۆم زۆر بەلامەوە ئاسایی بوو كەخۆشەویستەكەم باسی شتێكی وای لەلاكردم، بۆیە بەئاسایش وەرمگرت״.

سۆزی لەم رووەوە وتیشی: ״زۆر پێم ناخۆشدەبوو بمبیستایە خۆشەویستەكەم ئەوەی لەگەڵ كچێكی تردا كردووە، بۆیە خۆم لەگەڵم كرد״.

بەوتەی توێژەری كۆمەڵایەتی هەموو خۆشەویستیەك كەگەیشتە لوتكە واتە ئەوپەڕی حاڵەتی گیرۆدەبون‌و ئاڵودەبونی ئەو دوو كەسە, بەتایبەت كچەكە.

هەژار محەمەد، توێژەری كۆمەڵایەتی سەبارەت بەسێكسی پێش هاوسەرگیری وتیشی:״بۆی ئەو هەڵەیەی بەدوادا دێت كە لەوانەیە لەزۆر كۆمەڵگەدا ئاسایی بێت״.

ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتیە پێشیوابوو كە بۆكۆمەڵگەی كوردەواری ئەوە لادانە لەشەرەفی خێزان‌و بنەماڵەو ئاین‌و داب‌و نەریت، ئەوەتا دەڵێت: ״قبوڵكردنی شتێكی دەگمەنە״.

هەژار محەمەدی توێژەر ئاماژە بەوەشدەكات كەلەوایە ئێستا بەبەراورد بەدوو سێ‌ ساڵی رابردوو تێگەیشتن بۆحاڵەتێكی ئاوا زۆر باشتر بوو بێت.

ناوبراو نمونەی ئەوەی گێڕایەوە كە لەكۆندا كچ لەسەر شتێكی زۆر بەسیت بەزۆر وازی پێ‌ لەدەستگیرانەكەی هێنراوە. لەكۆتاییدا وتیشی: ״یاخود لەكاتی خۆشەویستیدا بێ‌ هیچ ئەملاو لایەك كوژراوە״.

دەلێن عومەر، ئەو كچەیە كەماوەی دوانزە ساڵ لەهۆڵەندا ژیاوەو ئێستا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی‌و هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكدا كردووە.

ئەو كچە لەقسەكانیا باسی لەوەكرد كەپێش هاوسەرگیری هەموو شتێكی لەگەڵ ئەو كوڕە كردووە كەئێستا هاوسەرییەتی‌و بەشتێكی زۆر ئاسایی وەسفیكرد. ״مرۆڤ كە لەرووی جنسیەوە مورتاح بوو لەزۆر هەڵە ئەگەڕێتەوە״. دەلێن بەوجۆرە كۆتایی بەقسەكانی هێنا.

زۆرجار كچان ئەگەر بكەنەو دۆخێكی وەهاوە كەپێش هاوسەرگیری سێكس لەگەڵ كوڕە خۆشەویستەكانیان بكەن‌و دواتر كوڕەكە بەهەر هۆكارێك بەجێیان بهێڵێت، ئەو كاتە كچان هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕنەوە كەخۆشەویستی لەرادەبەدەریان بۆ ئەو كوڕە هەموو شتێكی پێكردوون‌و هەموو شتێكیشی لەبیربردوونەتەوە.

لەمبارەیەوە لەنیا سەڵاح، كە كچێكی 18ساڵە، ئەوكاتەی قسەی بۆ کردین لەگەڵ خۆشەویستەكەی پیاسەی دەكرد باسی لەوەكرد ئامادەیە بمرێت لەپێناو خۆشەویستەكەیدا، بەڵام مەرجی داناو وتی: ״هەرگیز ئامادە نیە ئەوەی بۆ بكات״.

لەنیا لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتیشی: ״پێش هاوسەرگیری ئەوە هەرگیز گونجاو نیە، چونكە رۆژێك هەر ئەبێت مێردەكت بیداتەوە بەچاوتا״.

بەڵام لەنیا باسی لەماوەی دەزگیرانداری كرد، كەئەوكاتە ئەگەر داوای شتێكی وای لێبكات، ئاساییە، وەكخۆی وتی: ״ئاساییە لەماوەی دەستگیرانیدا، چونكە ئەو ماوەیە حەڵاڵی یەكترن״.

زۆرجار روودەدات پەیوەندی هاوڕێیەتی دەگۆڕێت بۆ سێكس‌و ناونیشانی خۆشەویستیش هەڵناگرێت، ئەوەتا سەركۆ رەزا ئەو كوڕە 28 ساڵەیە كەچیرۆكی خۆی بۆ متمانە دەگێڕێتەوە.

بۆ سەركۆ رەزا، شتێكی زۆر ئاساییە پێش پرۆسەی هاوسەرگیری كوڕو كچێك سێكس بكەن، وەكخۆی وتی: ״بۆئەوەی بەتەواوی شارەزای جەستەو لەشی یەكتر ببن״.

ئەو كوڕە باسی لەوەكرد بۆ هەندێك كەس ئەم بابەتە بەقورسی دەگرێت، ئەوەتا دەڵێت: ״من خۆم ماوەی 2 ساڵە لەگەڵ كچێكی هاوڕێمدا لەپەیوەندییەكی لەوجۆرەداین‌و بەبێ‌ ئەوەی هیچ كێشەیەكمان هەبێت‌و تەنانەت خۆشەویستی یەكتریش نین״. سەركۆ لەكۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد، ئینسان ئازادەو دەبێت بەئازادی مومارەسەی هەموو حەزو مافەكانیشی بكات.

كازیوە محەمەدیش، لەوكچانەیە كەزۆر بەلایەوە ئاسایی بوو كەپەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كورێكدا بگۆرێت بۆ پەیوەندی سێكسی، وەكخۆی وتی: ״راستە ئەمە شتێكی نامۆیە لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا، بەڵام تاكەی ئێمە خۆمان ببەستینەوە بەم كلتورەوە كەكچێك تەنیا بەوە جێگەی رێز بێت كەمومارەسەی سێكسی نەكردبێت״.

ناوبراو دەربارەی ئەم باسە وتیشی: ״كەوابێت، هەموو ژنێك بێجگە لەمێردەكەی لای كەسی تر جێگەی رێزو خۆشەویستی نیەو پێویستە لەو كاتەی بوو بەژنی پیاوێك، هەموو كەس بەسوك سەیری بكات، چونكە ئەو ژنە بۆ حەزی خۆی مومارەسەی سێكسی لەگەڵ پیاوێك كردووە جا بامێردی خۆشی بێت״.

كازیوە لەكۆتایی قسەكانیدا شتێك بەبیری كوڕان دەهێنێتەوەو دەڵێت: ״پێویستە كوڕی ئێمە باش لەوە تێبگەن، ئەو كچێنیە ئەوەندە گرنگ نیە كەلێرە ناو نراوە (شەرەفی پیاو)״.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات