بەرھەم مستەفا ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە پەیامێکدا لەسەر بۆچوونی سەرجەم مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوە دەوامی خوێندنگە و قوتابخانەکان دێتەدەنگ و دەڵێت “سەبارەت بەوەی ڕۆژی شەممە یاخود یەکشەممە دەوام دەستپێدەکاتەوە، ئەمە تەنھا پڕوپاگەندەی حیزبییە و دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە ئەمە بۆچوونی سەرجەم مامۆستایانە” .
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:..
مامۆستایانی خۆشەویست، قوتابیان، خوێندکاران، باوکان دایکانی بەڕێز..
وەک ئاگادارن ئێمەی مامۆستایان لە (٢٠١٦/١/٢٦) بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندنمان ڕاگەیاندووە، پەیام و داواکاریەکانمان لەڕێگەی چەندین کەناڵەوە گەیاندۆتە حکومەت، دوا ھەوڵیشمان دانیشتنی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بوو لەگەڵ یەکێی مامۆستایان و وەزیری پەروەردە و بەشێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردە. دەرئەنجامی کۆبوونەوەکە بەڵێن درا:
١- تا ڕۆژی پێنجشەممە (٢٠١٦/٢/٢٥) حکومەت ئاگادارمان دەکاتەوە بە دیاریکردنی کاتی پێدانی نیو موچەی مانگی (٩) و پێدانی لەماوەیەکی نزیکدا.
٢- بەڵێن درا کە پێداچوونەوە بکرێت بەخشتەی نوێی موچەی مامۆستایان .
بێگومان ئەم بەڵێنە لەلایەن سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی درا بە مامۆستایان و لەلایەن وەزیری پەروەردە و سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ڕاگەیەندرا و ئێمەش وەک مامۆستایان ھەرچەند متمانەمان بەم جۆرە بەڵێنانەی حکومەت نەبوو، بەڵام لەھەمان کاتیشدا پێمان وابوو کە ڕەنگە حکومەت تێگەیشتبێت لە گرنگی پرۆسەی پەروەردە و پیشەی مامۆستایان، ھەر بۆیە ئۆمێدێکمان لەسەر ئەم بەڵێنە ھەڵچنی و ھەموو لایەک پێیان وابوو کە دەکرێ لەڕۆژی یەکشەمەوە دەوام ئاسایی بکرێتەوە..
بەڵام بەداخەوە حکومەت وەک پیشەی ھەمیشەیی جارێکی تر درۆی لەگەڵ کردین و ھەوڵیدا لەم ڕێگەوە مامۆستایان بگەڕێنێتەوە بۆ ھۆڵەکانی خوێندن، لەکاتێکا ھیچ یەک لەو بەڵێنانەی دابووی نەک نەیبردە سەر، بەڵکو بێدەنگی ھەڵبژارد و بێ منەتی خۆی نیشاندا بەرامبەر مامۆستایان. لێرەوە سەرجەم مامۆستایان ئاگادار دەکەمەوە کە:
١- بایکۆت بەردەوامە و بەھیچ شێوەیەک ئێمە داوامان نەکردوە بگەڕێنەوە ھۆڵەکانی خوێندن.
٢- سەبارەت بەوەی ڕۆژی شەممە یاخود یەکشەممە دەوام دەستپێدەکاتەوە، ئەمە تەنھا پڕوپاگەندەی حیزبییە و دەیانەوێت وای نیشان بدەن کە ئەمە بۆچوونی سەرجەم مامۆستایانە.
٣- مامۆستایانی خۆشەویست، بە سوربوونی ئێوە لەسەر بایکۆتکردن، حکومەت درەنگ یا زوو دەکەوێتە سەرچۆک، بەپێچەوانەوە گەڕانەوەتان بۆ ھۆڵەکانی خوێندن حکومەت پێمان فێردەبێت و بێ منەت ئەبێت لە جێبەجێ نەکردنی ھەر داوایەک.
٤- ئێمەی مامۆستایان دەبێت زۆر لەوە گەورەتر بین کە حیزب ئاراستەمان بکات، بەڵکو دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین، کام داواکاریمان جێبەجێ کراوە؟
سەرکەوتوبێت ئیرادەی بەرزی مامۆستایان.
بەرھەم مستەفا
ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

تعليقات
إرسال تعليق