عەبادی: لە ٢٠١٥ دا خەرجییەکانی حکومەت ٦٠% کەمکراوەتەوە

chalack

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەخت دەکاتەوە لەسەر کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت لە ساڵی ٢٠١٥ دا بەرێژەی ٦٠%و فەرمانبەرانی دەوڵەتیش دڵنیا دەکاتەوە لە پێدانی موچە لە ساڵی ٢٠١٦دا.
لە میانی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی ئابووری و وەبەرھێنانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیران رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٦دا حکومەت بەردەوام دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی سیاسەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ھەروەھا کار دەکات لەپێناو رێگری کردن لە زیادە ڕەوی کردن لەھێنانی کاڵای ھاوردەکراو بۆ بازاڕەکانی عێراق و کەمتر پشتبەستن بەداھاتی فرۆشتنی نەوت لە بودجەی گشتیدا.
عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد، چاکسازی ئابووری پێویستی بەرێوشوێنی تایبەت ھەیەو لەو پێناوەشدا کاردەکەن بۆ گێڕانەوەی وڵات بۆ رێرەوی راست و بۆ ئەو مەبەستەش حکومەت پێویستی بەتیمێکی چاکسازی ھەیە.
سەرۆک وەزیران لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کرد، بوونی ھەماھەنگی لەگەڵ پەرلەماندا زۆر گرنگە، چونکە داشکانی نرخی نەوت مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئابووری وڵات دروست کردووەو بۆ کۆنترۆڵکردنی کردنی دۆخەکەش پێویستە ھەمومان ھەماھەنگ بین و ناکرێت وڵات بەیەک عەقلییەت بەرێوەبچێت.
عەبادی ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە پێویستە سەرجەم لایەنەکان کار بکەن لەپێناو کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەو ھەنگاوەی بەگرنگ ناوبرد بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان و پەلەکردن لەدەرکردنی بڕیارەکانی تایبەت بەچاکسازی و داوای لە فەرمانبەران کرد پروپاگەندەکان پشتگۆی بخەن و جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوون لە خەرجکردنی موچە لە ساڵی ٢٠١٦دا.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات