یەکێتی: لەدەستدانی وەسفیە بەنی وەیس کۆستێکی گەورەیە

hawkar

دوای کۆچی دوایی “وەسفیە بەنی وەیس” ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی شەھیدانی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا پرسە و ھاوخەمی خۆی ڕادەگەیەنێت و لە دەستدانی ئەو ژنە پێشمەرگەیە بە کۆستێکی گەورە لەقەڵەم دەدات.

ئەمەش دەقی بڵاوکراوەکەیە:

راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی کۆچی دوایی ھەڤاڵ وەسفیە بەنی وەیس رادەگەیەنێت

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمشەو ٢٥-٤-٢٠١٦ بەھۆی روداوێکی ھاتوچۆِوە لە سەر رێگای سلێمانی- دەربەندیخان، ھەڤاڵ وەسفیە بەنی وەیس ژنە پێشمەرگەی شاخ، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەکتەبی شەھیدانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گیانی لەدەستدا. ھەروەھا پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتی و شۆڕشی نوێ ھەڤاڵ عەلی شامار ھاوسەری وەسفیەخان لەگەڵ نەقیب رێبواری کوڕیشی بریندارن.

بەناوی راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پرسەو سەرەخۆشی لە ھەموولایەک دەکەین بۆ ئەم کۆستە گەورەیە. 

ھەڤاڵ وەسفیە بەنی وەیس ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی. ساڵی ١٩٥٣ لە خێزانێکی نیشتمان پەروەر لەشاری خانەقین لەدایکبووە. ساڵی ١٩٧٤ دوای ئەوەی, کە سێ برای پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد, دەزگا ئەمنییەکان لە خانەقین ھەڵیان کوتایە سەر ماڵیان و دایک و باوکییان بۆ باشوری عیراق دوورخستەوەو دەستیان بەسەر ماڵەکەیاندا گرت. ساڵی ١٩٧٥ پەیوەندی بەریزەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە کردووەو ھەمان ساڵ بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٧٦ بە ماموستا لەکەلار دامەزراوە, بەڵام لەسەر بڕیاری کۆمەڵە خۆی بۆ تاسڵوجە گواستەوە. جگە لە پیشەی مامۆستایی, ئەرکی ڕێکخستنی لە تاسڵوجە بەڕێوەدەبرد. ساڵی ١٩٧٧ پاش دامەزراندنی رێکخراوی لەیلا قاسم بۆ ڕێکخستنی ژنان لێپرسراویەتیی یەکێ لەدوو بەشەکەی ئەم ڕێکخراوەی پێ سپێردرا. ھەر ئەو ساڵە چالاکییەکانی خۆی بۆ بەغدا گواستەوە و پەیوەندی بە شەھید ملازم جوامێرەوە کرد. لە رێکخراوی ھەڵوی سوور, کە رێکخراوەکە ئەرکەکەی گواستنەوەی شەڕ بو بۆ ناو ماڵی دوژمن لە بەغدا رۆڵێکی دیاری لە جێبەجێکردنی ئەرکە لۆجستیکیەکانی وەک گواستنەوەی چەک و نامە لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا گێڕا.

ساڵی ١٩٧٨ لە کاتێکدا ئیمام خومەینی لەنەجەفەوە دەستی بەجموجو‌ڵ لەدژی رژێمی شای ئێران کردبوو, دوو نامەی ھەڤاڵ مام جەلال سکرتێری گشتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی گەیاندە دەست ئایەتولڵا خوئیی مەرجەعی شیعە لە کەربەلا و ئیمام خومەینی لە نەجەف.

ساڵی ١٩٨٢ یەکەم ژن بوو لە ڕێکخستنی شارەکانەوە بەشداری لەیەکەمین کۆنفرانسی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە گوندی بالیسان بکات. ساڵی ١٩٨٦ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچوو بۆیە رووی کردە شاخ و ھاوشانی ھاوسەرەکەی عەلی شامار ژیانی پێشمەرگایەتی دەست پێکرد. 

دوای دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان لە سەقز لە ساڵی ١٩٨٩ لەو ڕێکخراوە کاری کرد و لەیەکەم ژمارەی گۆڤاری تەواری ئۆرگانی رێکخراوەکە بەناوی خوازراوەوە بابەتی بڵاو دەکردەووە. لەکاتی کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ رۆڵی دیاری ھەبوو لە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی سەر سنور و ناو ئێران. ھەر ئەو ساڵە گەڕایەوە بۆ گەرمیان و بووە ئەندامی مەڵبەندی کەرکوک . لەماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٣ لێپرسراویەتی لقی کەرکوکی یەکێتیی ژنانی کوردستانی گرتە ئەستۆ و ماوەیەکیش کارگێڕی مەڵبەندی گەرمیان بوو.

ساڵی ٢٠٠٣ بە جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی خانەقین ھەڵبژێردرا. ساڵی ٢٠١٠ لە سێیەمین کۆنگرەی یەکیتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە ئەندامی سەرکردایەتی ھەڵبژێردراو ھەر ئەو ساڵە دوای پێکھێنانی مەکتەبی شەھیدان کرایە یەکەم لێپرسراوی ئەو مەکتەبە. 

ھەڤاڵ وەێفیە بەنی وەیس بەشی ھەرەزۆری ژیانی بۆ گەل و وڵاتەکەی و رێبازی یەکێتی تەرخانکرد, لەدەستدانی کۆستێکی گەورەیە.

راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢٥/٤/٢٠١٦



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات