سکرتاریەتی ھەڤاڵ “مام جەلال” بۆ کۆچی ناوەختی خاتو وەسفیە بەنی وەیس ئەندامی سەرکردایەتیی و لێپرسراوی مەکتەبی شەھیدانی (ی.ن.ک) و ھاوسەری پێشمەرگەی دێرین ی سەرەتایی و فەرماندە ھەڤاڵ عەلی شامار و دایکی نەقیب رێبوار، کە شەوی دوشەممە /سێشەممە بەروداوی ھاتو چۆ ماڵئاوایی کرد ،پرسە نامەیەکی ئاڕاستە کردون ، ئەمە دەقەکەیەتی:
بە ناوی یەزدانی مەزن و میھرەبانەوە
ھەڤاڵ تێکۆشەر کاک عەلی شامار
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ھەواڵی جەرگبڕ و ناوەختی ماڵئاوایی یەکجارەکیی خاتو وەسفیە بەنی وەیس ،ئەندامی سەرکردایەتیی و لێپرسراوی مەکتەبی شەھیدانی (ی.ن.ک) مان بیست، بۆ ئەو خەمە قورسە پرسە و ماتەمینیی قوڵی سەرۆک مامجەلال ئاڕاستەی جەنابتان و یەک بەیەکی ئەندامانی خانەوادە و بنەماڵەی تێکۆشەر تان دەکەین.
خاتو وەسفیە یەکێک بو لە ژنە تێکۆشەر و خۆنەویست و بوێرەکانی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی رەنجدەران و سەرەتای دامەزراندنی (ی.ن.ک) کە سەرباری سەختی و دژواریی رێگە و سەردەمی خەباتەکە، لە شارەکانی بن دەست و سانسۆری رژێمی بەعس، دەیان ئەرکی گرنگ و پڕ مەترسیی و گیانبازیی بەسەرکەوتویی و بێ سڵەمینەوە راپەڕاندوە و ھاندەری بەشداریکردنی ژنان بوە لە خەبات و بەرەنگاریی. لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا لە ھەمو قوناغەکانی ئەو سەردەمەی خەبات دژی دیکتاتۆریی و بەدیھێنانی رزگاریی و دیموکراسییدا، نمونەی ژنە پێشمەرگە و تێکۆشەری خەباتی سەخت و ناھەموار بوە .خاتو وەسفیە پلەکانی رێکخستن و لێپرسراویەتی بە ھەنگاو و قۆناغەکانی خۆی و شایستەی خەبات و تێکۆشانەکەی بڕیوە، ھەمیشە ئەو دوپاتکردنەوەیەی سەرۆک مامجەلالی وەک خۆی جێبەجێ دەکرد کە تێکۆشەران و لێپرسراوانی (ی.ن.ک) دەبێت خۆیان بە خزمەتکاری کۆمەڵانی خەڵک بزانن بێ ئەوەی چاو ببڕێتە دەستکەوتی شەخسی، ھەربۆیە لە پۆست و راپەڕاندنی ئەرکەکانیدا خەمخۆرێکی بەپەرۆش بوە بە تایبەتی لە مەکتەبی شەھیدان کە خەمخۆرێکی لەخۆبردوی کەس و کاری شەھیدان و و ئەنفالکراوان بو ھەمیشە بەدەنگیانەوە دەچو لە خواست و داواکانیانەوە نزیک بو، ھاوکات خەمخۆرێکی یەکڕیزیی ناو یەکێتییەکەی و ھێزە سیاسیەکانی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵک بو ئەوەش ناونیشان و ناسنامەیەکی خاتو وەسفیەیە کە جێگەی شانازیی ھەموانە.
لە پەروەردگارمان داوایە گیانی خاتو وەسفیە بە بەھەشتی نەمران شاد بکات، سەبوریی و ئۆقرەییش بە خانەوادەی تێکۆشەری و ئێمە و ھەمو لایەک ببەخشێت، ئەوە دوایین ناخۆشیی بێت. داوای ھەرچی زوتر چاکبونەوەش بۆ ھەڤاڵی تێکۆشەر کاک عەلی شامار و نەقیب رێبوار ی کوڕی دەکەین.
سکرتاریەتی ھەڤاڵ سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک)
سهرچاوهKurdsat
درێژهی بابهت

تعليقات
إرسال تعليق