دوای بڵاوبونەوەی دەنگۆی دواخستنی موچەی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆو پەروەردە بۆ دوای جەژنی ڕەمەزان، پەرلەمانتارێکی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو موچەی ئەو دوو وەزارەتە دابەشدەکرێت.
ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لەپەرلەمانی کوردستان، لەلێدوانێکدا ڕەتیکردەوە، موچەی مانگی ئایاری ھیچ وەزارەتێک بکەوێتە دوای جەژن و رایگەیاند: بەوتەی بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم، موچەی ھیچ وەزارەتێک ناکەوێتە دوای جەژن و موچەی سەرجەمیان دابەشدەکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو کە موچەی ھەردوو وەزارەتی ناوخۆو پەرورەدە لەبەرئەوەی پارەیەکی زۆری دەوێت، بۆیە تائێستا لەخشتەی دابەشکردنی موچە ڕانەگەیەندراوە، وتی:” چاوەڕوان دەکرێت لەسەرەتای ھەفتەی داھاتوو موچەکانیان پێبدرێت”.
ئەوەش لەکاتێکدایە چەند ڕۆژێکە وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچە بڵاودەکاتەوە، تا ئێستاش بەفەرمی ھیچ وادەیەکی بۆ دابەشکردنی موچەی وەزارەتی پەروەردەو ناوخۆ دیارینەکردووە، لەکاتێکدا بڕیاربوو ئەو دوو وەزارەتە لەدوای پێشمەرگەو ھێزە ئەمنییەکانی ترەوە موچە وەربگرن.

تعليقات
إرسال تعليق