گۆڕانکاریی لەموچەی چەند وەزارەتێکدا دەکرێت بەر لەجەژن ئەم توێژانە موچە وەرناگرن

bozhin
گۆڕانکاریی لەموچەی چەند وەزارەتێکدا دەکرێت بەر لەجەژن ئەم توێژانە موچە وەرناگرن

گۆڕانکاریی لەموچەی چەند وەزارەتێکدا دەکرێت بەر لەجەژن ئەم توێژانە موچە وەرناگرن

لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان ڕونکردنەوە دەدات لەبارەی ڕادەستکردنی وەزارەتی کارەباو چەند وەزارەتێکی دیکەش بەکەرتی  تایبەت، ئەندامێکی لیژنەکەش جەختدەکاتەوە لەسەرئەوەی، ئەگەر حکومەت زانستیانە مامەڵە بکات و سامانی گشتیی بەھەدەر نەدرێت، دوای ڕادەستکردنی وەزارەتی کارەبا، دەتوانێت گۆڕانکاریی لەپاشەکەوتی موچەی چەند وەزارەتێکی دیکەشدا بکات کە لەلایەن حکومەتەوە موچەیان بۆ دابیندەکرێت.

حکومەت بەنیازە  وەزارەتی کارەباو چەند وەزارەتێکی دیکەش ڕادەستی کەرتی تایبەت بکات، وەکو باسیشدەکرێت، بارگرانی سەرشانی حکومەت سوک دەکات و لەئێستاشدا باس لەوەدەکرێت، دوای ئەو وادەیە، حکومەت دەتوانێت دەستکاریی پاشەکەوتی موچەی ئەو وەزارەتە بکات کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێن.

د.شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی کوردستان  ڕایگەیاند، بۆ ڕادەستکردنی وەزارەتی کارەبا بەکەرتی تایبەت و سەرکەوتنی ئەو پرۆسەیە، پێویستە دوربێت لەدەستی حزبایەتی و قۆرخکردنی لەلایەن کۆمپانیای حزبیەکانەوە.

وتیشی:”پێویستە لەچوارچێوەی یاسادا توندوتۆڵ بکرێت و حکومەتیش ببێتە چاودێریی ڕاستەقینە بەسەر کەرتە تایبەتەکەوە”.

لەبارەی ڕادەستکردنی وەزارەتی کارەباو چەند وەزارەتێکی دیکەش کە  حکومەت لەبەرنامەیدایە بەڕێوەبردنیان بخاتە ئەستۆی کەرتی تایبەت، ئایا کاریگەریی ئەرێنی دەبێت بەتایبەت دەستکاریکردنی پاشەکەوتی موچەکانیان، د. شێرکۆ وتی:”ئەگەر زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەو پارەیەی بەھەدەر دراوە لەسامانی گشتی بگەڕێنرێتەوە، دەتوانرێت دەستکاریی پاشەکەوتی موچەکانیان بکرێت”.

سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان لەبارەی پێدانی موچەکانیان پێش جەژنی قوربان ھاتەدەنگ و ڕایدەگەیەنێت، “بەھۆی ئەوەی حکومەتێکی گەندەڵمان ھەیە، چاوەڕوانی موچە لەحکومەت ناکەین”، وەزارەتی شەھیدانیش ئاشکرایدەکات، ئامادەکاریی تەواویان کردوە بۆ موچەی ئەو توێژە.

ھەرچەندە تائێستا وەزارەتی دارایی بەفەرمی خشتەی موچەی مانگی تەمموزی ڕانەگەیاندوە، بەڵام بەگوێرەی زانیاریەکان، پێش جەژنی قوربان دابەشکردنی موچەی ئەو مانگە دەستپێدەکات، یەکەم وەزارەتیش موچەکەی پێدەدرێت وەزارەتی پێشمەرگەیە.

لەو زانیاریانەی دەستکەوتون، ھەریەک لەکەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان، خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە دێرینەکان، پێش جەژن موچەیان پێبدرێت.

لەوبارەیەوە فاروق عەزیز سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان  ڕاگەیاند، “لەبارەی موچەکانمان بەفەرمی ھیچ شتێکمان پێنەوتراوە، ئاخۆ پێش جەژن پێمان دەدەن یاخودنا، بەڵام خۆشمان بەتەما نین پێش جەژن موچە وەربگرین، چونکە حکومەتەکەمان گەندەڵە”.

لەبارەی ئەوەش ئاخۆ وەزارەتی شەھیدان چیکردوە بۆ موچەی ئەو توێژە، فوئاد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان  ڕاگەیاند، “وەک وەزارەت ئامادەکاری تەواویان کردوە، بۆ ئەوەی پێش جەژن موچەی کەسوکاری شەھیدان دابەشبکرێت، بەڵام تائێستا لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاگادارنەکراونەتەوە”.

وتیشی:”ئێمە لیستی ناوەکانمان ئامادەکردوەو ناردومانە بۆ وەزارەتی دارایی، ھەرکات بەفەرمی وەزارەت دابەشکردنی موچەی ڕاگەیاند، ئەوا دابەشدەکرێت”.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی یەکشەممە ٢٨ی ئاب موچەی مانگی تەمموزی کەمئەندامان دابەشبکرێت، بەوەش کۆتایی بەدابەشکردنی ئەو مانگە دەھێنرێت.



سه‌رچاوه‌ماڵپەری بۆژین

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات