موچەی مامۆستایان رێژەی پاشەکەوتی پێچەوانە دەکرێتەوە؟
مامۆستایانی زانکۆ پڕۆژەیەکی دوو لاپەڕەی بۆ کەمکردنەوەی پاشەکەوت پێشکەشی بارزانی دەکەن، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش رایدەگەیەنێت: مامۆستایانی زانکۆ داوایان کردووە، رێژەی پاشەکەوتکردن لەموچەکانیان پێچەوانە بکرێتەوە.
عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان راگەیاند: لەکۆبوونەوەی یەکێتی مامۆستایان لەگەڵ مەسعود بارزانی، جگەلەوەی یەکێتی مامۆستایان یاداشتی گشتی پێشکەشکرد کە داواکاری سەرجەم مامۆستایان لەخۆگرتبوو، بەمەبەستی باشکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان لەھەموو قۆناغەکان.
وتیشی:”بەگوێرەی یاسا یەکێتی مامۆستایان نوێنەرایەتی سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن دەکات، لەباخچەی ساوایانەوە تادەگاتە زانکۆو پەیمانگەکان”.
سەبارەت بەپڕۆژەی تایبەتی مامۆستایانی زانکۆ، عەبدولواحید محەمەد وتی:”لەپڕۆژەکەی مامۆستایانی زانکۆدا جەختکرابۆوە لەسەر ئەوەی پاشەکەوتی موچەکانیان بکرێت بۆ رێژەی ٢٥% کەمبکرێتەوەو ٧٥%ی موچەکانیان پێبدرێت”.
وتیشی:”ھەروەھا داوایان کرد، کرێی وانەبێژی وەک پێشتر لێبکرێتەوە، کە لەئێستادا وەزارەتی دارایی کەمیکردۆتەوە، ھەروەھا پارە بۆ توێژینەوەکان خەرج بکرێت”.
بەوتەی جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان،”مەسعود بارزانی بەڵێنیداوە دوای گەڕانەوەی لەسەفەرەکەی، لەگەڵ حکومەت کۆبێتەوە، بۆئەوەی بەشێک لەداواکاری مامۆستایان لەم قۆناغەدا جێبەجێ بکرێت”.

تعليقات
إرسال تعليق