خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد پێشوازی لە باڵیۆزو کونسوڵی ئەمریکا کرد

chalack

خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەگەڵ وەفدێکی باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەی ئەمریکا کۆبۆوە، دواپێشھات و گۆڕانکارییەکانی کوردستان و عیراق گفتوگۆی لەسەرکراو داوایکرد ئەمریکا رۆڵی گەورەی ھەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و فراوانکردنی ھاریکاری نێودەوڵەتی بۆ ھێزی پێشمەرگە. ئەمڕۆ ٢٥ی ئەیلول، لەشاری سلێمانی، خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پێشوازیکرد لە دۆگلاس ئالن سیلیمان باڵیۆزی نوێی ئەمریکا لەعیراق و کین گرووس کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لەھەرێمی کوردستان، لەدیدارەکەدا گۆڕانکارییە سیاسیی و ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد تاووتوێکرا. لەو دیدارەدا کە ھەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و محەمەد سابیر ئامادەیبون، باس لەئامادەکارییەکانی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ و رۆڵی ھێزەکان کرا، لەوڕووەوە ھەردوولا ھاوڕابوون کە پێویستە ھەموو ھەوڵەکان بەئاڕاستەی سەرخستنی پڕۆسەی رزگارکردنی شارەکەو تێکشکاندنی داعش بێت، ھاوکات جەختلەوەشکرایەوە کە پێویستە بۆ قۆناغی دوای جەنگی داعش نەخشەیەکی سیاسی روون دابنرێت، بەشێوەیەک ھیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت. خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد لەو دیدارەدا گرنگیی بەردەوامبونی پشتیوانیی نێودەوڵەتیی بۆ ھەرێمی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە لەجەنگی دژی تیرۆردا دووپاتکردەوە، ھەڵوێستی ئەمریکا بەرزنرخاندو داوای فراوانکردنی بازنەی ھاریکارییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگە کرد. لای خۆشیەوە، باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عیراق و ھەرێمی کوردستان لەجەنگی دژی تیرۆردا دووپاتکردەوە، ئەوەیشی خستەڕوو کەگرنگە ھەوڵەکان بخرێنەگەڕ بەمەبەستی لەناوبردنی گروپی تیرۆرستی داعش. لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لەکێشە سیاسییەکانی کوردستان و عیراق کرا، لەوبارەیەوە، دۆگلاس ئالن سیلیمان ئاماژەیکرد بۆ گرنگی پاراستنی یەکڕیزی نێوان پارتە سیاسییەکانی باشوری کوردستان وەک تاکە ڕێگە بۆ دەربازبوونی لەو قەیرانانەی کە ڕوبەڕووی بووەتەوە ناویبرد. ھەر لەو دیدارەدا، خاتوو ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد داوایکرد ئەمریکا رۆڵی گەورەی ھەبێت بۆ ئاسایکردنەوەی بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان و گەشەپێدانی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و عیراقی فیدراڵ، لەپێناو تێپەڕاندنی ئەو کێشانە بەئاڕاستەی خزمەتکردنی خەڵک و ئەنجامدانی چاکسازی بنەڕەتی.



سه‌رچاوه‌Kurdsat

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات