هابە؛ دەنگێكی كوردیی… ناوبانگێكی توركمانیی

kirkuknow1kurdish
هابە لەكاتی گۆرانی وتندا

هابە لەكاتی گۆرانی وتندا

لەخێزانێكی كورد بوو، بەڵام بوە بەناوبانگترین گۆرانیبێژی توركمانیی كەركوك‌و نمونەی پێكەوەژیان‌و هاوسۆزیی پێكهاتەكانی ئەو شارە.

15 ساڵ لەمەوبەر گۆرانیبێژو مەقابێژی ناسراوی شاری كەركوك‌و عیراق عەبدولوەهاب بەرغەش حوسێن، ناسراو بە (هابە)، كۆچی دوایی كرد، بەڵام دەنگی ئەو هێشتا بەزیندویی ماوەتەوە كە زیاتر لە 2500 كاسێتی تۆماركراویی دوای خۆی بەجێهێشتوە.

هابە لەژیانیدا كەسێكی زۆررسادە بوو، لەنێو خەڵكدا خۆشەویست بووە، هەر چەندە هابە كوردە بەڵام لەگەڕەكێكی توركمان نشیندا گەورە بوەو زۆربەی گۆرانییەكانی بەتوركمانی وتووە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند گۆرانییەكی بەكوردی و عەرەبی چڕیوە كە بەپەنجەی دەست دەژمێردرێن.

عەبدولوەهاب بەرغەش لەدایك‌و باوكێكی كورد لەساڵی (1945) لەگەڕەكی (پیریادی- شۆریجە)ی شاری كەركوك لەدایك بووە، گەنجێكی رۆح سوك، ئەسمەری باڵا بەرز بووە، دوای لەدایكبوونی بەماوەیەكی كورت باوكی كە ئەویش هونەرمەند بوو ماڵئاوایی لەژیان دەكات، بۆیە ناچار ئەركی كاركردن و خزمەتكردنی خێزانەكەی دەكەوێتە ئەستۆ.

هابە دەبێتە شاگرد لەدوكانێكی بەرگدروو لەبازاڕی قەیسەری نزیك قەڵای شاری كەركوك، كوڕە گەورەكەی هابە (شاهین)ی تەمەن (26) ساڵ رێچكەی باوكی گرتووەو ئێستا لەئاهەنگەكاندا گۆرانییەكانی باوكی دەڵێتەوە، وەك خۆی دەڵێت “بۆ ئەوەی ئەو دەنگە لەبیر كەركوكییەكان نەڕوات”.

“باوكم لەماڵەوە وەك برادەر مامەڵەی لەگەڵمان دەكرد نەك باوك، زۆر كات هەوڵی ئەدا فێری بەستەو مەقامەكانی ببم”، شاهین هابە وتی.

مەقامبێژی توركمان (ئەحمەد نەجیب عیزەت)، لەئاهەنگەكان مەقام و گۆرانییەكانی هابە دەڵێتەوەو دەڵێت “وەك رێزگرتنێك لەو هونەرمەندە مەقام و گۆرانییەكانی دەڵێمەوەو هەر كەسێكیش لێم دەپرسێت دەڵێم هی مامۆستای گەورەی توركمان مامۆستا (هابە)یە”.

ئەحمەد نەجیب ئاماژە بەوە دەكات كەمردنی هابە كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لەسەر مەقامی توركمانی، “گۆرانیبێژە رەسەنەكانی توركمان كۆچیانكرد بەڵام هابە توانی شۆینەكەیان بگرێتەوە، رۆڵێكی زۆری هەبوو لەگۆرەپانی گۆرانی و مەقامی توركمانی”.

لەتەمەنی نۆ ساڵیدا، هابە دەبێت بەشاگرد لەدوكانێكی بەرگدروو بەناوی وەستا ساڵحی بەرگدروو لەبازاڕی قەیسەری كەركوك لەنزیك قەڵا. كاتێك هابە لەكاتی كاركردندا گۆرانی دەوت، لەدیوی دەرەوەی دوكانەكە هونەرمەندی توركمان (عیزەدین نیعمەت) گوێی لەدەنگی دەبێت و بەڵێنی دەداتێ كە فێری بەستەو مەقامی بكات.

عیزەدین نیعمەت هابە بانگهێشتی ئاهەنگێك دەكات لەماڵی هونەرمەندی ناوداری توركمانیی ناسراو بە(سمە بربر)، لەوێوە هابە فێری بنەماكانی گۆرانیبێژیی كرا. پاشان عیزەدین هابەی بانگهێشتی ئاهەنگی تایبەتی دەكرد، لەشەوانی مانگی رەمەزانیشدا ئاهەنگیان دەگێڕا.

مەحمود دورزی كەهونەرمەندێكی میللی توركمانی شاری كەركوكە، لەساڵی 1978 هابەی ناسیوە‌و چەندین ئاهەنگی لەگەڵدا سازداوە. باس لەهابە دەكات‌و دەڵێت “زۆر پاڵپشتی ئەو كەسانەی دەكرد كەتازە دەچوونە ناو بواری گۆرانی وتنەوە، فێریانی دەكرد چۆن بەستەو مەقام بڵین”.

“هابە كەسێكی دڵپاك بوو، جیاوازیی نەدەكرد لەنێوان نەتەوەكاندا، بەردەوام دەیوت، من هونەرمەندم و عەیبە بۆ هونەرمەند جیاوازی بكات لەنێوان نەتەوەكاندا”، مەحمود دورزی گێڕایەوە.

لەشەقامی ئەتڵەسی شاری كەركوك تۆمارگەیەك هەیە بەناوی تۆمارگەی (هابە)وە، عادل كەخاوەنی تۆمارگەكەیە زۆربەی گۆرانییەكانی هابەی تۆمار كردووە.

دەربارەی گۆرانییەكانی هابە دەلًێت “نزیكەی (2500) كاسێتی تۆماركراوی بەجێ هێشتووە لەگەڵ 500 كاسێتی دەنگ و رەنگ، جگە لەوەی چەند ئاهەنگێكی تایبەتیم تۆمار نەكردووە، یان ئاگادار نەبومە”.

(بەرغەش)ی باوكی هابە دانیشتووی ناحییەی لەیلان بووە، پاشان هاتۆتە ناو شاری كەركوك، چاوی بە (جەمیلە) كەوتووەو پاشان خواستویەتی، لەخانویەكی كرێدا ژیاون لەگەڕەكی شۆڕیجەو بوون بەخاوەنی دوو كوڕ. محەمەدو عەبدولوەهاب (هابە)، دواتر لەبەر كەمدەرامەتی ماڵیان گواستۆتەوە بۆ گەڕەكێكی توركمانیی لە(شەقامی ئەتڵەس).

یەكەم كاسێت‌و بەناوبانگ بون
هابە بیری كردەوە كاسێتێك بڵاو بكاتەوە تا بەناوبانگ بێت، لەگەڵ هونەرمەند عیزەدین نیعمەت وتووێژی كردو بڕیاریاندا بەیەكەوە كاسێتێك بەرهەم بهێنن بەناوی (هابەی هونەری). پاش بڵاكردنەوەی كاسێتەكە، بەناوبانگ بوو، دواتر بانگهێشتی ئاهەنگەكانی بوك و زاوا دەكرا.

لەسەرەتای ساڵانی حەفتاكاندا، هونەرمەند هابە بوو بەهونەرمەندێكی میللی ناودار، یەكێك لەهەوادارانی كە (مەحمود قازانچی) بوو، ئاهەنگێكی تایبەتی بۆ ئەنجامدا لەساڵی (1973)، كاسێتی ئەو ئاهەنگە زۆر دەنگیدایەوەو بوو بەباسی شەقام لەو سەردەمەدا.

لەساڵی (1990) هابە ناوبانگێكی زۆری پەیداكرد چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی توركیا، كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی هونەریی بانگهێشتی هابەی كرد بۆ وڵاتی توركیا، لەوێ كاسێتێكی دەنگ و رەنگی (كلیپ) بۆ تۆمار كرا، هەروەها ئاهەنگێكیان بۆ رێكخست لەگەڵ كچە هونەرمەندی توركی (ئاچلال ئاق قاپلان).

لەساڵی (2001)دا، هونەرمەند ناسری رەزازی بانگهێشتی هابەی كرد بۆ شاری سلێمانی تابەیەكەوە ئاهەنگێك ساز بكەن، لەو ئاهەنگەدا چەندین گۆرانی و مەقامیان بەكوردیی و توركمانی پێكەوە ووت، لەوانە گۆرانی (ئەی ئاغا)، (عەسكەری ناكەم بەشەش پەنجایی).

هابە چۆن كۆچی دوایی كرد

چۆنیەتی مردنی هابە تەمومژاویی بوو

چۆنیەتی مردنی هابە تەمومژاویی بوو

لەبەرەبەیانی رۆژی هەینی رێكەوتی 17/8/2001، لەنزیك شەقامی ئەتلەس هابە لەماڵەكەی خۆیدا گیانی لەدەستدا. لەوێدا كفنكرا‌و تەرمەكەی لەسەر شان بەناو بازاڕو بەردەم قەڵادا برا تا بۆ دواجار چاوی بەقەڵا بكەوێت. دواتر لەگۆڕستانی شێخ محێدین بەخاك سپێردرا.

یەكێك لەهاوڕێكانی هابە دەڵێت “هابە لەلایەن ئەمنەوە ژەهرخواردكرا”. هونەرمەند حوسێن محەمەد ناسراو بە (حوسێن كەركوكلی) كەژەنیاری زەڕب بووە لەتیپی (بابا گورگور)‌و هاوڕێی هابە بووە، دەڵێت “لەلایەن هونەرمەند ناسری رەزازییەوە بانگهێشت كراین بۆ ئاهەنگێك لەشاری سلێمانی، پاش گەڕانەوەمان بەهەفتەیەك، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان و بەعسەوە چاودێرییەكی وردمانیان ئەكرد”.

كەركوكلی باسی لەوەش كرد “بانگهێشتی هابەیان كرد بۆ (دائیرەی ئەمن)و  (4) سەعات لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كرد، لەوێ ئەمنەكان بە هابەیان وتبوو قاوە ئەخۆیتەوە یان شەربەت. بەهۆی ئەوەی مانگی ئاب بوو، هابە داوای شەربتی كردبوو، بەڵام لەوێ ژەهرخوارد كرابوو، پاش گەڕانەوەی بۆ ماڵ، هێواش هێواش بێ تاقەت دەبوو، دوای ئەوە بەدوو رۆژ گیانی لەدەستدا”.

چەند هونەرمەندێكی كەركوك نووسراوێكیان پێشكەش بەپارێزگاری كەركوك كردووە بەمەبەستی تەرخانكردنی شۆێنێك بۆ دانانی پەیكەرێك بۆ هابە. بەپێی زانیارییەكان، پارێزگار خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە، بەڵام دەبێت دانیشتوانی شاری كەركوك واژوو كۆبكەنەوە بۆ ئەوەی شۆێنیك تەرخان بكرێت بۆ دانانی ئەو پەیكەرە، پەیكەرەكە دەبێت بكەوێتە شۆێنیكەوە تا (25) ساڵی داهاتوو نەكەوێتە بەر هیچ پڕۆژەیەكەوە.

هابە هەموو تەمەنی خۆی بۆ كاركردن و پەیداكردنی بژێوی ژیانی بردۆتە سەر، ئەو هەرگیز نەیتوانیوە بەهونەرەكەی ژیانێكی خۆش بۆ خۆی دابین بكات. هەرچەندە هابە لەناو دڵی هەر كەركوكییەكدا ماڵێكی هەبوو، بەڵام تاكۆچی دواییشی كرد لەخانویەكی كرێدا دەژیا.

كاروان ساڵحی- كەركوك ناو
ن.ف

تێبینی:
(كەركوك ناو) ئەم راپۆرتەی لەساڵی 2011 بڵاوكردەوە، بەڵام لەساڵیادی كۆچیی دوایی هونەرمەند (هابە)دا جارێكی تری بڵاویدەكاتەوە



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات