سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، جەختیكردەوە كە ئاوارەكانی موسڵ میواننو “كۆچبەران بەزۆر دەرناكرێن”، ئەوەش لەكۆبوونەوەیەكیدا هات لەگەڵ پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ.
ئەمڕۆ دووەشممە، پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ سەردانی شاری كەركوكییان كردو لەگەڵ رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنو ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كۆبوونەوە.
ئەندازیار رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەو وتانەی رەتكردەوە كە گوایە كۆچبەران بەزۆر دەردەكرێنو وتی “بڕیاری ئەنجومەنو ئیدارەی شارەكە روونەو پێش 6 مانگ وەرگیراوەو هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی بەئامادەكردنی پێداویستییەكانی كۆچبەران تاوەكو بگەڕێنەوە بۆ شوێنە ئازادكراوەكانی خۆیان كە پێكدێت لەتكریتو دیالەو ئەنبارو ئاوارەكانی موسڵ میوانی ئێمەن تاوەكو ناوچەكانیان ئازاد دەكرێت و بەسەلامەتی دەگەڕێنەوە”، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
ئەو دڵنیاییەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دوای ئەوە هات كە هەندێك بەرپرسی ئەمنی هاتنی ئاوارەكانیان بەهۆكاری دزەكردنی چەكدارانی داعش بۆ ناو كەركوكو هێرشەكانی چەند رۆژی رابردووی شارەكە تۆمەتبار كرد، بەڵام هەر زوو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم جەختیكردەوە لەوەی داعش درەنگانێكی شەوی هەینی دزەیانكردووەو شانەی نوستوو هێرشەكەیان ئەنجامنەداوە.
هەزاران خێزانی ئاوارەی موسڵو تكریتو دیالەو ناوچەكانی تری عیراق كە داعش هێرشی كردبوونە سەر، لەدوو ساڵی رابردوودا هاتوونەتە كەركوكو لەئێستادا ئیدارەی شارەكە هەوڵی گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانە دەدات كە ناوچەكانیان ئازادكراون.
كەركوك ناو
سهرچاوهKirkuk Now
درێژهی بابهت

تعليقات
إرسال تعليق