ڕووداوەکەی کەرکوک، پەیام و ئاگادارییەکانی

kirkuknow1kurdish

sarwat
ئەوەی کە ڕۆژی هەینی لە شاری کەرکوک ڕووی دا، بێ گومان هەموومانی وەک کورد تووشی خەم و ئازارێکی جەرگبڕ کرد، بۆ گیان لە دەستدانی پۆلێک لە پێشمەرگە و پۆلیس و هاووڵاتیانی مەدەنی لە لایەن شەمشەلەکوێرەکانی داعشەوە کە بۆنیان بە مرۆڤایەتییەوە نەکردووە و کردەوە دڕندانەکانیان گەورەترین مەترسی سەر ئەو مرۆڤانەیە کە دەیانەوێت لە سەر خاکی خۆیان بە ئازادی و ئاسوودەیی بژین. بە درێژایی ڕۆژی هەینی تا درەنگانی شەو، خەڵک بە گشتی چاویان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بوو کە بزانن ئاخۆ ئەو ڕووداوە بە کوێ دەگات. ئەم ڕووداوە هەڵگری چەن پەیامی ڕوونە کە بە ڕای من کاتی ئەوە هاتووە سەرکردایەتی کورد ئاوڕێکی جیدیی لێ بداتەوە، لە هەمان کاتدا پەیامێکی دڵخۆشکەرشی هەبوو کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەدەم:

پێداچوونەوە بەپلانە ئەمنییەکاندا بکرێت:
ئەوەی کەداعش بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر موسڵ پلانی وەها کردەوەیەکی هەبووە، بۆ خەڵکی ئاساییش پێش بینی کراو بوو، هەر بۆیە جێی پرسیارە کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕەوشی کەرکوک و نزیکی ئەم شارە لە حەویجەی بنکەی داعش و بوونی دەیان شانەی نوستووی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لەنێو سەدان هەزار ئاوارەی کەرکوک، هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە چی هۆکارێک کەمتەرخەمییان نواندووە و دەرفەتی دزەکردنی ئەو تیرۆریستانەیان بۆ نێو شارەکە داوە. بابەتێک کە پێویست دەکات بۆ ڕێگری لە دووبارە بوونەوەی، وردبینی زۆری لەسەر بکرێت و تەنانەت کەسانی کەمتەرخەمیش ڕادەستی یاسا بکرێنەوە تا هەست کردن بە بەرپرسایەتی بچێتە نێو ڕەگ و ئێسقانی سەرجەم ئەو کەسانەی کە لە دام و دەزگا ئەمنییەکان ئەرکی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیانیان کەوتووەتە سەر شان و کاتی ئەوەش هاتووە کە پێداچوونەوە بە پلانە ئەمنییەکانی شاری کورکوکدا بکرێت.

کورد لە کەرکوکیشدا یەکگرتوو نییە:
لە پاش 2003 و هاتنە پێشەوەی قۆناغێکی نوێی سیاسی لە وڵاتی عێراق و بوونی مادەیەکی دەستووری بە ناوی 140 کە دەبوایە ڕەوشی ناوچە کێشە لە سەرەکان بە تایبەت شارە گرنگەکەی کەرکوکی یەکلایی بکردایە، بەداخەوە دەبینین کە بە هەر هۆکارێک ئەم مادە دەستوورییە جێبەجێنەکراوەو لە پاش سەرهەڵدانی داعش هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕۆحی نیشتمانی و گیان لە سەر دەست، سنگی خۆیان کردووە بە قەڵغانی بەرگری لەهاوزمانان و هاونیشتمانانی خۆیان و بە دەر لەچەندین کردەوەی تیرۆریستی، کەرکوک وەک شارەکانی موسڵ و …. هەڕەشەی داگیرکردنی لە لایەن داعشەوە لە سەر نەبووە. بەڵام با باس لەڕاستییەکانیش بکەین، لە شاری کەرکوک هیچ یەکگرتووییەک لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکاندا نابینرێت و ئەمەش بە دڵنیاییەوە ڕێگرە لەوەی کە ئامانجەکانی کورد بۆ گەڕانەوەی بۆ باوەشی کوردستان مسۆگەر ببێت. بە ڕای من ڕووداوەکەی هەینی کەرکوک زەنگێکی مەترسیدار و لە هەمان کاتدا ووشیارکەرەوەیە بۆ سەرکردەکانی کورد کە نابێت خاکی پاکی نیشتمان و گیانی ڕۆڵەکانی کورد ببێتە قوربانی ململانێی سیاسی و ناکۆکییە حیزبییەکانی ئەوان. کەی ئەوان بەو دەرەنجامە دەگەن، دیار نییە.

سیستمی بەڕێوەبەرایەتی کەرکوک لاوازە:
خاڵێکی هەرە گرنگی دیکە بۆ بەڕێوەبەرایەتی لاوازی شاری کەرکوک دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان لە نێو شاری کەرکوک بەردەوام جێی ڕەخنە و گلەی دانیشتووانی ئەم شارە بووە، لە هەمان کاتدا ڕەوشی ئەمنی شارەکەش گوزارشت لە نەبوونی ستراتیژێکی گونجاو لە لایەن ئەوانەوە دەکات. لە سەر ئەم خاڵە هاتنی بەلێشاوی سەدان هەزار ئاوارە بۆ شاری کەرکوک وەک بەڵگەی لاوازبوونی بەڕێوەبەرانی ئەم شارە دێنمەوە. ئەوەی کە دەیبینین داعش لە پاش سەرهەڵدانی، بەشێک لە پارێزگای کەرکوکی داگیر کردووە و شاری حەویجەش وەک چۆن بەرپرسە ئەمنییەکان ئاماژەیان پێداوە هەڕەشەی بەردەوامە لە سەر شاری کەرکوک، ئەو هەموو ئاوارەیە کە هاتوونەتە شارەکە کەس نازانێت خەڵکی ئاسایین، لایەنگر و شانەی نوستووی داعشن، کۆنە بەعسین یان چ ئامانج و پیلانێکیان هەیە. بوونی کەسانی تیرۆریست و یارمەتیدەری ئەوان لە ناو ئاوارەکاندا پێویست بەهیچ ڕوونکردنەوەیەک ناکات. ئەوەی کەنەتوانراوە کەسانی ئاسایی لەو گرووپانە جیابکرێنەوە یان کێشەی ئاوارەکان لە شارەکە ڕێکبخرێت وەک خاڵی لاواز بەناوچاوانی بەڕێوەبەرانی کەرکوکەوە دیارە و بێ گومان ئەم ڕووداوەش وای کردووە کەپێداچوونە بەهاتنی ئاوارەکان و چۆنیەتی جێگیربوونیان و چاودێری کردنیان بکرێت.

کەرتی تەندروستی لەم شارەدا گەشەی نەکردووە:
ئەوەی کە کەرکوک بە شارێکی گەورە و دەوڵەمەند بە سەرچاوە سروشتییەکانی وەک نەوت دادەنرێت جێی هیچ گومانێک نییە. بە هەر هۆکارێک وەک چۆن ئاماژەم پێدا ڕەوشی خزمەتگوزارییەکان لەم شارەدا گەشەی نەکردووە. لەم نێوەندەدا دەبوایە بە گرنگیدان بەزۆربوونی ڕێژەی دانیشتووان و هەروەها لە بەرچاوگرتنی ڕەوشی شارەکە، بەرپرسانی پەیوەندیدار گرنگی زیاتریان بەنەخۆشخانەکان و هەبوونی پێداویستییە پزیشکییەکان لەم شارەدا بدایە، نەک ئەوەی کە هەر ڕووداوێک دەبێت دەستبەجێ بریندارەکان بەرەو شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر دەنێردرێن. ئایا بەرپرسانی پەیوەندیدار بیریان لەوە کردووەتەوە کەڕەنگە گیانی بریندارێک پێویستی بەچارەسەری بەپەلە بێت و لەنەخۆشخانەکانی کەرکوک چارەی برینەکەی نەکرێت و تابگاتە شارەکانی دیکە، گیانی لەدەستبدات و چیدی هیچی دیکە نەتوانێت قەرەبووی گیانی بۆ بنەماڵەکەی بکاتەوە.

تابلۆ زێڕینەکە لای خەڵکی کوردستانەوە نمایش کرا:
سەرەڕای ئەوەی کە ڕووداوەکەی شاری کەرکوک هەڵگری چەندین پەیامی گرنگە بۆ بەرپرسان، بەڵام لەهەمانکاتیشدا تابلۆیەکی زێڕینی لە هەڵوێستی جەماوەری خەڵکی کوردستان نمایش کرد.
دوێنێ پۆل پۆل خەڵکانی خۆبەخش، چەک لە سەر شان و دڵ بە ئاواتی پاراستنی خاکی نیشتمان، خۆیان گەیاندە شاری کەرکوک و شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە دژی چەکدارە تیرۆریستەکانی داعش وەستانەوە و داستانێکی دیکەیان لەلاپەڕەکانی مێژووی کوردستان تۆمارکرد. بێ گومان ناوی شەهیدەکانیان لەبیرەوەرییەکانی ئەو خەڵکانەدا دەمێنێتەوە کە لە ئێستا و لە داهاتوودا هەناسەی ئازادی و ڕزگاری هەڵدەمژن و قوتابیانی کەرکوکیش وانەی قارەمانێتی ئەوان دەخوێننەوە تاکورد، کوردستان مابێت شانازییان پێوە بکرێت. ئەو کردەوە قارەمانانەی خەڵکانی خۆبەخش لەهەمانکاتدا پەیامێکی ڕوونی بۆ تاقمی سەرکردەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەبوو، ئێوە خوێنی پاکی ئێمە نەکەنە قوربانی ململانێ و بەرژەوەندی تەسکی حیزبیتان، کوردو خاکی پاکی نیشتمان گەورەتر لەوەیە کەئێوە بیری لێ دەکەنەوە.



سه‌رچاوه‌Kirkuk Now

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات