هەر چەندە هەڵدانەوەی پێشلكارییەكانی مافی مرۆڤ، كە بەهۆی جەنگی دڕندانەی داعش، هێزەكانی پێشمەرگە ئەنجامی داون، یان ناچار بەكردنیان بووە، قورسن و مەترسین بۆ سەر ژیان و ناوبانگی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا ڕاگەیاندنەكان و ڕەنگە باجی لە دوا بدرێت، بەڵام مادەم هەرێمی كوردستان، بەهۆی دەخالەتی مرۆیانە بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵكی كوردستان لە ١٩٩١، ئەنجومەنی ئاسایش بریاری ٦٨٨ بۆ پاراستنی كوردەكان و دابینكردنی ناوچەیەكی ئارام دەركرد و لەو ساتەوە تا ئێستا، ئەمە بووە بە ڕێسایەكی نێودەوڵەتی و دژ بە ڕژێمەكان بەكاردەهێنرێت، هەروەك ئەوەی تا ئەم ساتەوەختە كوردستان دەپارێزێت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
لەبەر ئەم هۆكارە پێویستە كورد و هێزە چەكدارەكانی پابەندنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەجەنگ بن، كارێك نەكرێت دژی یاسا نێودەوڵەتییەكان بێت و بەهانە نەدرێتە زلهێزەكانی دونیا.
ڕاستە داعش، هەرچی بەهای ئایینی و مرۆڤایەتی بوو لە جەنگدا ڕەچاوی نەكرد، نەك یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەجەنگی لەبەرچاو نەگرت، بگرە داوای داگیكردنی جیهانی دەكرد، بەم هۆیەشەوە دوژمنەكانی لە سوریاوە بۆ عێراق و بە هێزە ئازاكانی پێشمەرگەشەوە، ناچار بە پێشێلكاریی مافەكانی مرۆڤ كرد تا ئەو جێگایەی، ڕێكخراوە گەوەرەكانی دونیا لەسەر ئەم پێشلكاریانە بێنەدەنگ و ئیدانەی هێزەكانی پێشمەرگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن.
سوكایەتیكردن بە دیلەكانی داعش لە هەندێك دۆخدا، سوكایەتی بە تەرمەكانیان و نیشاندانیان لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و سایتی یوتوب، ڕاكێشانی جەزنازە بەدوای ئۆتۆمبێل وەك ئەوەی لە ڕووداوەكەی ئەم دوایەی كەركوك ڕوییدا، ڕوخاندنی ماڵی عەربەكان و وێرانكردنی گوند و ئاوەدانییەكانیان، پێشێلكاری گەورەن بەرامبەر مافەكانی مرۆڤ و پێویستە بەر لە هەر ڕێكخراو و دەزگا ڕاگەیاندنەكانی دونیا، ڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكانی كوردستان، باسیان بكەن، هەر ئەوەندەش نا، هەقە ڕاگەیاندنەكانی ئێمە، هۆشیاری زۆر لەسەر چۆنیەتی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و خەڵكی مەدەنی لە جەنگدا بە پێشمەرگە ئازاكان و هێزە چەكدارەكان بدەن.
ئەوەش ڕاستە هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زۆرتر لەسەر ڕوخاندنی گوند و خانووی عەرەبەكان لە ناوچەكانی جەنگ، لە كەركوكەو تا ڕەبیعە هاتونەتە دەنگ، خۆیان مەیدانییەن هاتوونەتە ناوچە كێشە لەسەرەكان و شاهید حاڵەكانیان دواندوە و پیشتیان بەو ڤیدیۆی تۆرە كۆمەڵایەتی سایتەكان و وێنەكانی مانگە دەستكردەكان بەستووە و تومەتباری پێشمەرگە دەكەن كە تا ئێستا چەندان گوند و بەسەدان خانووی عەرەبەكانیان ڕوخاندووە و پارێزگاریشیان لە كوردەكان كردووە، بەڵام چونكە هێشتا جەنگ كۆتایی نەهاتووە و ناشزانرێت تەنانەت لە ئەگەری دەرپەراندن و كۆتایی داعش لە عێراق، چی ڕوودەدات و كورد و هێزە ئازاكانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی چ جەنگ و چارەنووسێك دەبنەوە، ئەوەی گرنگە گەڕانەوەیە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بەجەنگ و پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان، پاراستنی سەروماڵی خەڵك لە جەنگ و لە ئاشتیدا.
هەقە حكومەتی هەرێم خۆی یان لانی كەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، لە ڕێگای ڕاگەیاندنەكان و تەنانەت مەیدانیەن هوشیارییەكی باش بدەن بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤ.
دەكرێت ڕاگەیاندنەكانی كوردستان، پەردە لەسەر ئەو پێشێلكاریانە هەڵبدەنەوە كە ناشاردرێنەوە، چونكە ئەوەتا هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەكانیاندا دەڵێن، بۆ سەلماندنی پێشلكارییەكان و ڕووخاندنی ماڵ و گوندی عەرەبەكان لەو جێگایەی شاهیدعەیان نەبێت، پشت بە وێنەكانی مانگە دەسكردەكان دەبەستن.
ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوو لە پێشلكاری ڕوویداوە، كارێكی ترسناكە و كارتێكی بەهێزە لەدەست كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژ بە دەسەڵاتدارانی كورد و تەنانەت دژ بەخەڵكی كوردستان و هەرێمەكەمان، تا ئەو جێگایەی ڕاپۆرتەكانی هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ، بەسن بۆ ئەوەی هەركاتێك كۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەبەستی بێت، هەروەك چۆن لە پەنای بەرگری لە مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی بەعس و سەدام و سلۆبۆدان میلۆسۆڤیتج و سەركردەی وڵاتە عەربەییەكان بوونەوە، یان گەلەكانیان دژیان هاندا، هەر كاتێكیش مەبەستیان بێت، هەمان كارت دژی دەسەڵاتی كوردیش بەكاربهێنن، هەركاتێكیش ئەمە ڕوویدا كوردستان بەجۆرێك لێی زەرەرمەند دەبێت، چارەنووسی هەرێمەكەشمان دەخاتە مەترسی.
سهرچاوهKirkuk Now
درێژهی بابهت

تعليقات
إرسال تعليق