رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:
ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ده‌رده درمه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی، ده‌ستدرێژیی و ده‌ستێوه‌ردانی بێسنوری حزب بێت له‌هه‌مو كه‌رت و كایه‌كانی ژیانی رۆژانه‌دا، ئه‌وا نه‌بوونی په‌روه‌رده‌ییه‌كی ته‌ندروست بۆ تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی نوێی رۆژنامه‌نووسان، نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ی ناپیشه‌ییبونی میدیایه له‌هه‌رێمی كوردستاندا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش، بە‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی ناپیشه‌یی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان، راپه‌ڕاندن و دادوه‌رییه كه وایكردوە كه‌متر هه‌ست بە‌رۆڵ و كاریگه‌رییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م بكرێت.
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه زانستییه‌كان، په‌روەرده‌ی میدیایی (media education) پرۆسه‌یه‌كه له‌رێییه‌وه تاكه‌كان فێر ده‌بن و ده‌بنه خاوه‌نی خوێنده‌واریی و رۆشنبیریی له‌بواری میدیا (media literate) دا. ئه‌م خوێنده‌وارییه‌ش، ده‌بێت توانای تێگه‌یشتنی ره‌خنه‌ییان له‌سروشت، ته‌كنیكه‌كان، به‌رهه‌مه‌كان و كاریگه‌ریه‌كانی په‌یامه میدیاییه‌كان بداتێ. پێ‌زانین و پێگه‌یاندنی په‌روه‌رده‌ی میدیاییش، له‌سه‌ر چه‌ند ره‌هه‌ندێكی ئه‌رێنیی و داهێنه‌رانه و چێژبه‌خشی كولتوری میللیی (popular culture) بنیات ده‌نرێت كه به‌رهه‌می ده‌قه میدیاییه‌كان و بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی ئاوێزان ده‌كات، له‌رێی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه، شیكردنه‌وه، راڤه‌كردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی به‌رهه‌مه‌كانی میدیا، بە‌ئامانجی یارمه‌تیدان و رێنیشاندانمان له‌تێگه‌یشتنی ئاڵۆزیی ئه‌دگار و دیمه‌نی میدیا (media landscape)دا. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دیمه‌نه، هه‌ر به‌ته‌نها میدیای نه‌ریتی (traditional) و ژماره‌یی (digital) له‌خۆناگرێت، به‌ڵكو ده‌قه‌كانی كولتوری میللییش ده‌گرێته‌خۆ له‌وانه یارییه‌كانی منداڵان، مۆدێلات، فاشیۆن، نێوه‌نده‌كانی بازاڕكردن و باخچه گشتییه‌كان.
لێره‌شه‌وه، هاندانی په‌روه‌رده‌ی میدیایی و رێبازه‌كه‌ی له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه به‌به‌رده‌وامیی له‌چه‌ند پرسێك ده‌كۆڵێته‌وه و ده‌یانخاته‌ڕوو، وه‌ك: كێ جه‌ماوه‌ری به‌رهه‌می میدیایه و بۆچی؟ له‌تێڕوانینی چ كه‌سێكه‌وه چیرۆكه رۆژنامه‌وانییه‌كان ده‌گێڕدرێنه‌وه؟ چۆن ره‌گه‌زو كۆدێكی ده‌گمه‌نی ژانرێكی رۆژنامه‌وانیی دیاریكراو كاریگه‌ریی ده‌خاته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه چی ده‌بینین، چی ده‌بیستین‌و چی ده‌خوێنینه‌وه؟ چۆن ده‌كرێت جه‌ماوه‌ره جیاوازه‌كان راڤه‌ی هه‌مان به‌رهه‌می میدیا بكه‌ن؟
ئه‌گه‌رچی له‌م چه‌رخی ژماره‌ییدا (digital age)، بنه‌ماكانی په‌روه‌رده‌ی میدیایی هه‌مان ئه‌وانه‌ن كه پێشتر بە‌به‌رده‌وامیی بینراون، به‌ڵام پانتایی ئه‌لكترۆنی (cyberspace) ئاڵنگاریی و پرسیارگه‌لی نوێی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه.
بۆنموونه، چۆن ته‌كنۆلۆژیا كاریگه‌ریی هه‌بووە له‌سه‌ر چۆنییه‌تی په‌یوه‌ندییكردنمان به‌وانیتره‌وه؟ ئایا ته‌كنۆلۆژیای نوێ بووەته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندكردن یان لاوازكردنی كولتوور، فێربون و هه‌ستی كۆمه‌ڵگه‌یی
(sense of community)؟ چ رۆڵێك ده‌بینین: خاوه‌ندارێتی، كۆنترۆڵكردن یان ده‌ستێوه‌ردان؟ ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م رێكخستنی ئامرازێكی جیهانیی بێسنوری وه‌ك ئێنته‌رنێت چین؟ له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا، په‌روه‌رده‌ی میدیایی هێنده‌ی په‌یوه‌ندیی بە‌كردنی پرسیاره راسته‌كانه‌وه هه‌یه، نیوهێنده په‌یوه‌ندیی به‌هه‌بونی وه‌ڵامێكی راسته‌وه نییه، چونكه پرسه‌كانی میدیا ئاڵۆزن و زۆرجار ناكۆك و مشت‌ومڕ ئامێزن، هه‌ربۆیه رۆڵی په‌روه‌رده‌كار یان مامۆستا گوێزه‌ره‌وه‌ی مه‌عریفه نییه، به‌ڵكو هۆشیاركردنه‌وه و ئاسانكارییكردنه بۆ پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه و وتووێژكردن.
ئه‌م رۆڵه‌ی مامۆستا، وه‌ك ئاسانكارو هاوكار له‌پرۆسه‌ی به‌سه‌نته‌ركردنی فێربونی فێرخوازدا، به‌ته‌نها مۆدێلێكی په‌روه‌رده‌ی میدیایی نییه، به‌ڵكو بوەته شێوازێكی نوێ و ره‌خنه‌یی په‌سه‌ندكراوی وانه‌وتنه‌وه. په‌روه‌رده‌كردنی میدیایی، هاوشان له‌گه‌ڵ ته‌كنیكه‌كانی بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی، كۆمپیوته‌رو په‌یوه‌ندییكردنی داهێنه‌رانه، به‌هره سه‌ره‌كیی و گه‌وهه‌رییه‌كانی زمان، بینین و بیستن، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تیین له‌پرۆگرامی فێركردنی سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌ك. به‌پێی ئه‌و پێودانگانه‌ش بێت، پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنی میدیایی له‌هه‌رێمی كوردستاندا له‌دۆخێكی شێواو و ناته‌ندروستدایه، چونكه:
یه‌كه‌م: هه‌ریه‌ك له‌پرۆگرام و مامۆستا و فێرخواز كه سێكوچكه‌ی په‌روه‌رده‌یی پێكدێنن، بە‌نه‌بون و گرفت له‌یه‌كێكیاندا راسته‌وخۆ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌وانیتر به‌جێدێڵێت. له‌خوێندن‌و په‌روه‌رده‌ی میدیایی هه‌رێمی كوردستاندا، په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م سێكوچكه‌یه زۆر سست و ناهاوسه‌نگه.
دووەم: پرۆگرامه‌كانی خوێندنی میدیایی، هه‌ڵهێنجراوی زه‌وق و سه‌لیقه و توانستی ئه‌كادیمیی مامۆستاكانن و هێشتا پرۆگرامێكی نیشتمانیی یه‌كخراوی په‌سه‌ندكراو نییه.
سێییه‌م: به‌شێك له‌مامۆستایان و وانه‌بێژانی میدیا له‌هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بوونایه، له‌هیچ شوێنێكی دیكه‌ی ئه‌م دنیایه‌دا رێگه‌ی وانه‌وتنه‌وه‌یان پێنه‌ده‌درا، چونكه ئه‌و پێوه‌رو بنه‌مایانه‌ی پشتیان پێده‌به‌ستن، به‌دووره له‌هه‌ر داهێنان و تازه‌بونه‌وه‌یه‌كی سه‌رده‌م. هاوكات بیركردنه‌وه و ره‌فتار و گوفتاری هه‌ندێكیشیان دژ‌و ناته‌بایه له‌گه‌ڵ بچووكترین رێسا و یاسای ژینگه‌ی ئه‌كادیمیی و نێوه‌نده‌كانی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵادا. بۆ نموونه، به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت بیركردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌یی رێگه‌ی پێنادرێت‌و ته‌نانه‌ت له‌هه‌ندێ شوێن یاساغ كراوه كه فێرخواز بۆچونی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بنوسێت كه توێژینه‌وه‌یان له‌باره‌وه ده‌كات! ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ی ئامانجی به‌شێك له‌وانه‌ی وه‌ك فێرخواز له‌به‌شه‌كانی میدیادا ده‌خوێنن‌و ده‌رده‌چن، هێنده‌ی بۆ وه‌رگرتنی پارچه كاغه‌زی بڕوانامه‌یه‌كه نیوهێنده بۆ فێربون و تێگه‌یشتن و پێگه‌یشتن نییه له‌پسپۆڕی میدیادا، هه‌روه‌ك هه‌ندێكیشیان ده‌ڵێن: ئێمه سه‌رمان به‌خوێندنه‌وه دێشێت!
چواره‌م: به‌پێچه‌وانه‌ی قوتابخانه رۆژنامه‌وانییه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، له‌هه‌رێمی كوردستاندا هۆشمه‌ندییه‌كی گه‌شه‌سه‌ندوو له‌باره‌ی پێویستیی پێكه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی هۆڵه‌كانی فێربوون بە‌جیهانی راسته‌قینه و هێنانی ناوه‌ڕۆكی میدیا بۆ نێو پرۆگرامه په‌روه‌رده‌ییه‌كان و پۆله‌كانی خوێندن نییه، تاوه‌كو ئامانج لێی شیكردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن و دۆزینه‌وه‌ی نوێ بێت بۆ گرفته هه‌نووكه‌ییه‌كانی میدیای كوردی و په‌یوه‌ندیی به‌بواره‌كانی دیكه‌وه.
پێنجه‌م: به‌شێكی زۆری نێوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی میدیا له‌نێو زانكۆ‌و په‌یمانگاكاندا، هێشتا جه‌خت له‌سه‌ر لایه‌نی تیۆریی بابه‌ته‌كان ده‌كه‌نه‌وه و كه‌متر خۆیان له‌قه‌ره‌ی بابه‌ته پراكتیكییه‌كان ده‌ده‌ن. به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت هیچكامیان خاوه‌نی تاقیگه‌یه‌كی مه‌شق و راهێنانی پێشكه‌وتوو نین، زۆربه‌ی ده‌رچووانی به‌شه‌كانی راگه‌یاندن و رۆژنامه‌نووسیی كاتێك له‌ده‌زگایه‌كدا داده‌مه‌زرێن، یه‌كسه‌ریی به‌وه تۆمه‌تبارده‌كرێن كه ته‌نانه‌ت نازانن زانیارییه‌كی ساده به‌شێوازێكی زانستیی دابڕژێنه‌وه و هه‌واڵ و راپۆرتێكی ئه‌وتۆی لێ دروست بكه‌ن كه شیاوی په‌خش و بڵاوكردنه‌وه بێت. هاوكات گه‌ڕان و پشكنین‌و خوێندنه‌وه‌ی به‌رده‌وام و شاره‌زایی له‌به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌رو هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندییكردن لای فێرخوازان و به‌شێك له‌مامۆستایانی میدیاش سه‌ره‌تاییه. بۆنموونه هێشتا هۆشیاریی به‌كارهێنانی ئیمه‌یڵ و گرنگییه‌كه‌ی نه‌بووەته كو‌لتور لای ئه‌وانه‌ی له‌كه‌رتی ئه‌كادیمییدا كارده‌كه‌ن!
نووسينى: د. شوان ئادەم ئەیڤەس
سه‌رچاوه: ئاوێنه
ژماره‌ی خوێنراوه :31
تعليقات
إرسال تعليق