تۆ ژنم بەسەر بێنە منیش شوو دەكەمەوە

رۆژنامه‌وانى

رۆژنامه‌وانى – سلێمانى:

دیسان لەبەرنامەیەكی تری كرچی كەناڵێكی كاڵ، ژیانی دوو هاوسەری تر خرایه‌ دۆخێكی نەخوازراو.

shilan-dargalaye

كچۆڵەیەک لەشەقامێك مۆبایل دەداتە دەست پیاوێكی تەمەن سەروو 50 ساڵ ‌و داوای لێ دەكا پەیوەندی بەژنەكەیەوە بكا و بڵێ: ئەو كچەی لەگەڵمە دەیهێنم، (مەبەستی بێژەرەكەیە) كچەش بەژنی كابرا دەڵێ: وا من  شوو بەكاك ….ی هاوسەرت دەكەم، تۆ رازیت؟

تۆ سه‌یری ئه‌م ده‌ربڕینه‌ كه‌ ده‌ڵێ  شوو بە (كاك..) ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ ده‌ربڕینی كچه‌ بێژه‌یه‌كه‌یه‌، ئاخر  شوو به‌كاك كردن ده‌بێت؟ بەهەرحاڵ، دەنگی ژنە بەرزدەبێتەوە، زۆر بەبێ ئومێدی و وەك پەرچەكردارێكی توند دەڵێ: با ئەو ژن بێنێ منیش  شوو دەكەمەوە.

بێژەرەكە دەڵێ: خۆ بەیانی كە بومە هەوێت نایەی دەست لەقژم بنێی‌و شەڕبكەیت؟

ژنە، دیسان بێ منەتی خۆی دەردەبڕێ لەو ژن هێنانەی پیاوەكەی و دەڵێ: نەوەڵا حاشا، هەر نامەوێتەوە.

نەزانیی پیاوەكە لەوەدابوو، بۆ بردنەوەی 50 هەزار دینار گاڵتە بەهەستی ژنەكەی بكات. خستیە بەرچاوی دۆست و ناحەزو لەلایەكی تریش نرخی خۆی لای ژنەكەی دیاركرد.

خۆ لەوانەیە لانیكەم 25 ساڵێك بێ هاوسەربن و خۆشی و تاڵی ژیانیان بەیەكەوە چه‌شتبێت، كەچی بەو شێوەیەش كەوتنە پلارگرتن و یەخەدادڕین لەیەكتر. ئەوە جگە لە هەڵوێستی مناڵەكانیشیان لای هاوڕێکانیان، چاو و زمانی هاوڕێ و هاوپۆلەكانیان چیان پێ دەڵێن؟

لە کۆمەڵگه‌یەكی پیاوسالاری وەك كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمە، كەی پیاو قبوڵی كردووە ژن بە گاڵتەش پێی بڵێ (تۆ ژن بێنی منیش  شووو دەكەمەوە)، كەی ژن پەرچەكرداری بە ئاسایی و ئاسانی لێ وەرگیراوە؟

دڵنیام ژنەكەی رووبەڕوو ئەوەی پێ گوتبایە په‌رچه‌كردارێكی توند و زبری ده‌نواند.

من ئەو كەناڵانە بە كەم ئەزموون نازانم لە بواری راگەیاندن، بەڵكو بە پسپۆر لە خوێندنەوەی سایكۆلۆجیەتی بینەریان دەزانم، كار لەسەر خاڵە لاوازەكانی كۆمەڵگه‌كەیان دەكەن، باش دەزانن كەرامەتی ژن ئەوە هەڵناگرێ بە گەرمی و بێ كاردانەوە پێ شووازی لە هەوێداریی بكات، بۆیە ئەوەیان قۆزتەوە و كردیانە باسێك بۆ راكێشانی سەرنجی بینەر بۆ بەشەكانی تری بەرنامەكەیان.

بەڕێوەبەرو حزبی سپۆنسەری ئەو كەناڵانە بەمەبەست كۆمەڵێك لەوجۆره‌ له‌بێژەر كه‌ ئاستی هۆشیاری ئاگاییان له‌ئاكارو به‌رپرسیارێتی میدیای له‌ ئاستی پێویستدا نییه‌، لەهەمو ڕوێکەوە بەكاردێنن بۆ پێکانی ئامانجەكانیان، گرنگ نییە چەندە خوازراو یا بێزراون، گرنگ ترازاندنی شیرازەی خێزانی كوردی و بازاڕ گەرمییانە.

ئەوانە بە بەرنامەیەكی تۆكمە ئیش دەكەن، راستە لەوانەیە بێژەر و ستافەكە تەنها دەركەوتن و بژێوی خۆیان بەلاوە گرنگ بێ، بەڵام نازانن ئەوان به‌و كاره‌یان دەست بۆ تێكدانی بچووكترین یەكەی كۆمەڵیش ده‌به‌ن كە خێزانە.

رۆژێك لەژن دەپرسن حەزت لەپیاوی كام وڵاتە، رۆژێك حەزت لە( كوێ)ی جەستەی خۆتەو رۆژێكیش بەپرسیارێكی بێ مانا پەیوەندی خێزانی دو هاوسەر دەخەنە مەترسی‌و بەبەرچاوی خەڵكیشەوە.

تێبینیم كردووە، ئه‌و جۆره‌ به‌رنامانه‌ به‌ مه‌به‌ست پێشكه‌ش ده‌كرێن كه‌ ته‌نیا له‌ پێناو خەریككردنی خەڵك بە شتی لاوەكی، بۆ ئەوەی بینەر ئاگای لە قەیرانەكان نەمێنێ دەبێ بە كۆمەڵێك بەرنامەی لەو شێوەیە سڕبكرێ، لەوەشدا تا ڕاددەیەك سەركەوتووبوونە. لێره‌دا ئه‌وان واده‌كه‌ن له‌ بێ ئاگاییه‌ له‌ ئاكار و به‌رپرسیارێتی كاری میدیایی یان به‌ مه‌به‌ستێكی دیاریكراوه‌، به‌ڵام خۆ وه‌زاره‌تێك هه‌یه‌ به‌ناوی رۆشنبیری كه‌ به‌شێك له‌ به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی جۆرێك له‌ سانسۆركردنی ئه‌رێنی ئه‌و كه‌ناڵانه‌یه‌ له‌ پێناو دروست نه‌بوونی مه‌ترسی له‌ناویاندا مه‌ترسی تێكچوونی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی، بۆ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانیش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌شێك له‌ ئۆباڵی ئه‌و جۆره‌ كاره‌ میدیاییانه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ لێیان نه‌پرسیوه‌ته‌وه‌.

نووسينى: شيلان ده‌رگه‌ڵه‌يى

سه‌رچاوه‌: ئاوێنه‌

ژماره‌ی خوێنراوه‌ :57

سه‌رچاوه‌رۆژنامه‌وانی

درێژه‌ی بابه‌ت


تعليقات