رۆژنامه‌وانى – هه‌ولێر:
بێژه‌رێكى ده‌م به‌خه‌نده، ئاماده‌كارى به‌رنامه و ميدياكارێكى ناو ستۆديۆ و ده‌زگا، له پێناو ئه‌وه‌ى كه‌ناڵيش وه‌ك حزب شه‌هيدى هه‌بێت راپێچى به‌ره‌ى مه‌رگ كرا. بێ ئه‌وه‌ى تا هه‌بوو كه‌س خه‌مێكى لێبخوات و دوو وشه‌ى له باره‌ى رووماڵى جه‌نگ و مه‌ترسييه‌كانى و پێداويستييه‌كانى رووماڵى جه‌نگ پێ بڵێن نارديانه پێشى پێشه‌وه.
پێيان وابوو رژانى خوێنێك كارى ئه‌وان ئاسانتر ده‌كات و زۆرتر به‌ناوبانگ ده‌بن. ئه‌رێ ئه‌و رۆژانه‌ى ده‌يانناردييه پێشه‌وه‌ى شه‌ڕ و رووماڵيان پێده‌كرى، دوو ديناريان ده‌خسته سه‌ر مووچه‌كه‌ت و بڵێن مه‌ترسى له‌سه‌ر ژيانى هه‌بووه.. دوو رۆژ پشوويان پێ ده‌دايت.. ئه‌رێ هيچ ده‌رماڵه‌يه‌كى مه‌ترسيت بۆ خه‌رج ده‌كرا..
ئه‌رێ كه‌سيان وتى ئاگات له خۆت بێت و گيانى خۆت گرنگتره له هه‌واڵێكى بێ ئه‌رزشى شه‌ڕ.. ئه‌رێ ئه‌گه‌ر تۆشيان به كوشت نه‌دابا، نه‌ده‌كرا سه‌عاتێك دواتر هه‌واڵه‌كه هه‌ر بزانرێت..
ئه‌و به‌ر له‌وه‌ى قوربانى شه‌ڕ بووبێت، بووه قوربانى نه‌زانى و بێ ئيدراكى و بێ ئينسافى به‌رپرسه ميدياييه‌كانى كه له هه‌مبه‌ر گيان و ژيانى ئه‌و هه‌يانبوو.. كه‌شێكيان درووست كردبوو، كه وه‌ك چاولێگه‌رى هه‌موو كه‌سێك رووبكاته سه‌نگه‌ره‌كان و سێڵفى بگرێت و بڵێ رووماڵى شه‌ڕم كردووه..
به‌ڵێ ئه‌وان ته‌نيا بۆ ئه‌وه‌ى بڵێن ئێمه يه‌كه‌مين له فڵان شوێن په‌يامنێرمان هه‌يه، سڵيان له هيچ نه‌كرده‌وه و جارێك سيناريۆيان درووست كرد و جارێك په‌يوه‌نديان پێوه كردن قسه‌يان بۆ بكه‌ن و جارێكيشيان وتيان پێشه‌نگين له راماڵينيان..
ئه‌گه‌ر قانوون له‌م وڵاته هه‌بوايه، ده‌بوايه داواكارى گشتى لائيحه‌ى له دژى به‌رپرسانى ميديايى ئه‌و كه‌ناڵه ئاماده كردبا.. چۆن رێگه‌تان داوه ميدياكارێك بێ راهێنان، بێ به‌رچاوڕوونى، بێ كه‌لوپه‌لى په‌يامنێرى جه‌نگى، بێ مه‌شق، بگاته به‌ره‌ى جه‌نگ..
ئه‌رێ ئه‌وانه‌ى ئێستا شيوه‌نى بۆ ده‌كه‌ن، كه‌ستان گرێبه‌سته‌كه‌ى ئه‌وتان بينيى بوو، ئايا هه‌ر به راستى ئه‌و په‌يامنێر بوو، يان بێژه‌ر و پرۆديسۆر بوو، ئه‌گه‌ر په‌يامنێر نه‌بوو بۆ ناردتان و كردتانه په‌يامنێر، كێ به‌رپرسه له رژانى خوێنى ئه‌و.. كێ كه‌مته‌رخه‌م بووه، خۆى يان به‌ڕێوبه‌ره‌كه‌ى.. هه‌ژموونى سياسه‌ت و هاله‌ى ده‌ورى كه‌ناڵ وايكردووه، كه‌س زاتى ئه‌وه نه‌كات قسه بكات..
خه‌ڵاتى جيهانى بۆ چييه، له هه‌موو شتێك گرنگتر دۆزينه‌وه‌ى تاوانبارى راسته‌قينه‌ى ئه‌و دۆسيه‌يه. تاوانبارى راسته‌قينه به سزا بگه‌يه‌نن باش‌ترين وه‌فايه بۆ ئه‌و.. روحى شاد ده‌كات. به‌ڵام خۆ دياره مه‌علانن له وه‌ك خۆيان ده‌ڵێن “ماركێتينگ”، به‌ڵام به زانيارى و پيشه‌يى بوونيان نا، به خوێنه‌وه.
#ئه‌رسه‌لان_ره‌حمان


تعليقات
إرسال تعليق